ئێران بۆ دەربازبوون لە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا کە هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەی وەستاندووە، پەنای بردە بەر سوود وەرگرتن لە ڕێڕەوێکی شەمەندەفەری 10 هەزار کیلۆمەتری لەگەڵ چین.
هەرچەندە ڕێگا وشکانیەکان دەتوانن بە خۆراک و کەلوپەلی بەرهەمهێنراو پشتیوانیی ئابووریی ئێران بکەن، بەڵام ئەو کاڵایانەی بە قەبارەی زۆر بازرگانییان پێوەدکرێت، وەک نەوت، پشت بە کارایی گواستنەوەی دەریایی دەبەستن. هەر ئومێدێک لەوەی کە شەمەندەفەری مەودا دوور بتوانێت هێڵێکی ژیانی ئابووری بۆ ڕژێمی ئێران دابین بکات، جێ باوەڕ نییە.
”شەمەندەفەر دەتوانێت قەبارەیەکی ستراتیژی گونجاو بگوازێتەوە، بەڵام ناتوانێت، لە ماوەیەکی نزیکدا، ببێتە جێگرەوەی تانکەرەکان لە قەبارەدا،” ستیڤ هـ. هانکێ، پڕۆفیسۆری ئابووریی جێبەجێکراو لە زانکۆی جۆنز هۆپکینز لە بالتیمۆر، بە ڕادیۆی ئەوروپای ئازاد/ڕادیۆ لیبرتیی ڕاگەیاند.
شەمەندەفەرەکان لە ساڵی 2016 لە ڕێڕەوی کازاخستان و تورکمانستان و ئێران دەستیان بە گواستنەوەی بار کردووە، ئەمەش بە زۆری وەک ڕێڕەوێک بۆ هەناردەکردنی کاڵای چینی. ئەو هاتوچۆ شەمەندەفەرییە لە ئاستێکی تاڕادەیەک مامناوەند دەمێنێتە.
بە تێکڕا ئەو شەمەندەفەرە بارهەڵگرانەی لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکە بەسەر هێلەکانی شەمەندەفەری نێوان شی ئان لە ناوەڕاستی چین و تاران دەڕۆیشتن، نزیکەی یەک شەمەندەفەر بوو لە هەفتەیەکدا، بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی بلومبێرگ نیوز. کاتێک لە 13ـی مانگی نیسان گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، ڕێژەکەی بۆ نزیکەی یەک شەمەندەفەر لە هەر سێ چوار ڕۆژ جارێک زیادی کردووە.
شەمەندەفەرەکان دەتوانن خێراتر لە کەشتیەکان بار بگوازنەوە، بەڵام توانای هەڵگرتنی کەمتریان هەیە.
سەرچاوەکان مەزەندە دەکەن کە وڵاتانی ناوچەکە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز ڕۆژانە 1.2 ملیار دۆلار لە داهاتی نەوت و گاز لەدەست بدەن.
ئینێرجی نیوز بیت، کە ئاژانسێکی هەواڵییە و ڕووماڵی پیشەسازی نەوت و گاز دەکات، خەمڵاندنێکی نموونەیی پێشکەش کردووە: کەشتییەکی نەوتهەڵگری زۆر گەورەی نەوتی خاو دەتوانێت هەتا 2.2 ملیۆن بەرمیل هەڵبگرێت. بە بەراوردکردن، شەمەندەفەرێکی درێژ کە زیاتر لە 100 عارەبانەی هەبێت، دەتوانێت تەنها 70,000 بەرمیل هەڵبگرێت.
”ئێران بە نزیکەیی پێویستی بە 25 بۆ 35 شەمەندەفەری لەو جۆرە دەبێت. تەواوی توانای ڕۆژانەی ئێستای ڕێڕەوە بازرگانییەکە، کە زۆربەیان حاویە گشتیەکان و ئەو بارانەن قەبارەی زۆر هەڵناگرن، بە هیچ جۆرێن نزیک نابێتەوە لەو ئاستە،” ئینێرجی نیوز بیت ئاماژەی بەوەدا.
هەمان کێشە لە ڕێگەی گواستنەوەی بارهەڵگری باردا هەیە. ئەو شەمەندەفەرانەی کە لە یەک کاتدا دەیان حاویەی گواستنەوە هەڵدەگرن، جێگەی ئەو کەشتییە بارهەڵگرانەی دەتوانن هەزاران حاویە هەڵبگرن ناگرنەوە.
سەرەڕای ئەوەش، ڕێگا وشکانییەکان، کە هەردوو هاتوچۆی شەمەندەفەر و بارهەڵگر بەکاردەهێنن، هێشتا دەتوانرێت وەک دەرگایەکی ناسەرەکی بۆ دووبارە دابینکردنەوەی پێکهاتە چینییەکان بۆ ئێران بۆ درۆن، مووشەک و پێکهاتە کیمیاییەکان بۆ سووتەمەنی موشەک بەکاربهێنرێن. ئەوە یەکێکە لەو بژاردە کەمانەی کە لەبەرامبەر ڕێڕەوە دەریاییەکان کە تا ئێستاش بەڕووی ئێراندا داخراون، ماونەتەوە.
سزا ئابوورییە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە بەدواداچوونی ئێران بۆ چەکی ئەتۆمی، لە ساڵی 2018ـەوە ڕێگرییان لە فرۆشتنی ڕاستەوخۆی نەوتی ئێران کردووە. سەرەڕای ئەوەش، ئێران لە ڕێگەی بەکارهێنانی کەشتیگەلی سێبەری نەوتهەڵگر کە سەرچاوەی نەوتەکەیان دەشاردەوە، لە فرۆشتنی نەوت بە چین بەردەوام بوو. گەمارۆدانی ئەمریکا زۆربەی یاخود هەموو ئەو خۆدزینەوانەی لە سزا ئابوورییەکان وەستاندووە.
بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی، ئاسۆی ئابووریی پشتبەستووی ئێران بە نەوت بە تاریکی ماوەتەوە. وڵاتەکە بەگشتی ڕۆژانە نزیکەی 4 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، نزیکەی نیوەی هەناردە دەکرێت.
زۆربەی ئەو نەوتە کەڵەکەبووە، ڕووبەری عەمبارکردنی بەهادار بەکاردەهێنن کە، ئەگەر بەهۆی کەشتییە نەوتهەڵگرە دەریاییەکان بەتاڵنەکرێن، ئەوا بەم زووانە بە تەواوی پڕ دەبن. ئەمەش ئەگەری داڕمانی درێژخایەنی داهاتی نەوت بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
”گەمارۆدانی دەریایی هەڕەشەیەکی زۆر توندتر دروست دەکات وەک لە خودی جەنگ، وە دەبێت ئەو چەقبەستووییەی ئێستا تێبشکێنرێت، چونکە ئێستا هەناردەکردنی نەوت و وزە و چارەنووسی پاڵاوگەکانمان لە مەترسیدان.” حەمید حوسێنی، شارەزا لە کەرتی نەوتی ئێران لە ژووری بازرگانیی ئێران، بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ڕاگەیاند.
لە میانی کۆبوونەوەی مانگی ئایاری 2026 لە نێوان سەرۆکی چین شی جین پینگ و سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد تڕەمپ، هەردوو سەرکردە لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە ئێران ناتوانێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت، داوای کردنەوەی گەرووی هورمزیان کرد و لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە نابێت ڕێگە بە هیچ وڵاتێک یان ڕێکخراوێک بدرێت پارەی بەکارهێنانی ڕێڕەوی ئاویی نێودەوڵەتی وەربگرێت.
