پەندێکی عەرەبی دەڵێت: “پێستی گەڕی ئاژەڵ بە دەرمان چارەسەر ناکرێت، بەڵکو بیخەنە بەر ئاگر و چارەسەر دەبێت.” ئەمە تەنیا قسەیەکی فۆلکلۆر نییە؛ بەڵکو ڕەنگدانەوەی وانەیەکی سەختە کە بەسەر بواری پزیشکی، ژیان و سیاسەتدا دەگونجێت: کاتێک نەهامەتییەک دەچەسپێت، ئەوا دوودڵی تەنها ڕێگە بە بڵاوبوونەوەی دەدات.
بە هەمان شێوە دانایی فێری ئەوەمان دەکات کە “خۆپاراستن باشترە وەک لە چارەسەر.” بۆ دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی، ئەمە یەک شت دەگەیەنێت: نابێت ئێمە چاوەڕێی ئەوە بکەین دەستوەردانی دەرەکی گەشە بکات و ببێتە قەیران. پێویستە پارێزبەندییەکی ناوخۆیی بەهێز دروست بکەین کە توانای دەستنیشانکردن، جیاکردنەوە و پوچەڵکردنەوەی کاریگەریی دەرەکی هەبێت بەرلەوەی بچێتە ناو پێکهاتەی سیاسییەوە.
دەوڵەتانی کەنداو لەلایەن ئەو بکەرە بیانییانەی هەوڵی تێکدانی یەکڕیزیی نیشتمانی، قۆستنەوەی دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و لاوازکردنی سەروەری دەدەن، ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی ڕاستەقینە و پەرەسەندوو دەبنەوە. ئەم هەڕەشانە تازە نین، بەڵام ئاڵۆزتر بوون. چیتر وەڵامە نەریتییەکان بەس نین.
ئەم وتارە لەسەر بنەمای چوار پایە ڕوانگەیەکی گشتگیر بۆ بنیاتنانی پارێزبەندیی نیشتمانی لە سەرانسەری وڵاتانی کەنداو دەخاتە ڕوو: یاسای ڕۆشنگەر، پەروەردەی نیشتمانی، ڕاگەیاندنی بەرپرسیار و یەکڕیزیی ڕاستەقینەی کەنداو.
پارێزبەندیی نیشتمانی
ڕژێمی ئێران و تۆڕەکانی بۆ سەپاندنی کاریگەری لە سەرانسەری ناوچەکەدا چەندین ئامراز بەکاردەهێنن: پشتیوانیکردنی دارایی بەکرێگیراوان، دامەزراندن، گواستنەوەی بیروباوەڕ، هاندانی تیرەگەری، قاچاخچێتی، زانیاریی ناڕاست و تۆقاندنی سیاسی.
ئەم تۆڕانە بەڕاستی خزمەت بە هیچ مەزهەب، نەژاد و کۆمەڵگەیەک ناکەن. ئەوان خزمەتی دەسەڵات دەکەن. ئەوان بە پابەندبوونیان بە ئەجێندای کاری تاران جیا دەکرێنەوە، کە ڕێگە بە هیچ بەرهەڵستییەک نادات.
هاوڵاتیی دڵسۆزی کەنداو، سوننە یاخود شیعە، عەرەب یاخود نا عەرەب، زۆرجار یەکەم قوربانی ئەم ستراتیژەیە. ڕەنگە بەهۆی ناسنامەی تیرەگەرییەوە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە گومان لە هاوڵاتییەک بکرێت، لە کاتێکدا هاوڵاتییەکی تر هەڵبخەڵەتێنرێت یاخود لەناو تۆڕە دەرەکییەکاندا دابمەزرێنرێت. پاراستنی نیشتمان بە هەمان شێوە مانای پاراستنی هاووڵاتیانی دڵسۆز لە گومان، بەکارهێنان و دابەشبوون دەگەیەنێت.
پارێزبەندیی نیشتمانی پێویستی بە بنبڕکردنی سەرچاوەکانی ئاژاوەگێڕی، داخستنی بواری چالاکیی بەکرێگیراو و ڕوونکردنەوەی تەواوی بنەمایەک هەیە: دڵسۆزی بۆ نیشتمان جێگەی مشومڕ نییە.
ئەمەش ناتوانرێت لە ڕێگەی زمانی دیپلۆماسیی بەتاڵ، سزای ئابووریی لاواز یاخود کۆدەنگیی کاتی بەدی بێت. ئەمە پێویستی بە ڕێوشوێنی نیشتمانیی پتەو، یاسایی و هەماهەنگ هەیە نیشانی بدات کە سەروەری دروشم نییە، بەڵکو هێڵی سوورە.

یەکڕیزیی ڕاستەقینەی کەنداو
نەیارێک بەدوای لاوازترین خاڵی ڕکابەرەکەیدا دەگەڕێت. دەتوانرێت فشار بخرێتە سەر یەک دەوڵەت، کەنارگیر بکرێت یاخود بە ئامانج بکرێت. بەرەیەکی یەکگرتوو زۆر سەختترە بۆ تێکشکاندن. چیتر یەکڕیزیی نێوان وڵاتانی کەنداوی عەرەبی خواستێکی خوشگوزەرانی نییە؛ بەڵکو پێویستییەکی چارەنووسسازە. پێویستە هەوڵێکی یەکگرتوو ئەمانە لەخۆبگرێت:
ناوەندێکی ئاسایش و هەواڵگری: میکانیزمێکی هاوکات بۆ هاوبەشپێکردنی هەواڵگری، هەڵسەنگاندنی هەڕەشە و وەڵامدانەوەی هەماهەنگ بەبێ چاوەڕوانبوونی کەناڵە دیپلۆماسییە خاوەکان.
چوارچێوەی یاسایی و سزادان: ئەو کەسانەی لە وڵاتێکی کەنداو دەرکراون، سزادراون یاخود ئاشکراکراون، نابێت لە وڵاتێکی تردا پەناگەیان پێبدرێت.
سیستەمێکی چاودێریی دارایی: دەبێت هێڵەکانی دابینکاریی دارایی کە بۆ پشتیوانیکردن لە میلیشیاکان، تۆڕە بەکرێگیراوەکان یاخود ڕێکخراوە ئاڕاستەکراوە بیانییەکان بەکاردەهێنرێن بەدواداچوونیان بۆ بکرێت و لە سەرجەم دەسەڵاتە دادوەرییەکانی کەنداودا ببڕدرێن.
ستراتیژێکی ڕاگەیاندن: پەیامێکی هاوبەش، گوتارێکی هاوبەش و یەک ئامانجی ستراتیژی لە بەرەنگاربوونەوەی دەستێوەردانی دەرەکی.
ئەم جۆرە یەکڕیزییە هاوکێشەکە دەگۆڕێت. ئێران لەوە تێدەگات کە دەستێوەردان لە یەک دەوڵەتی کەنداودا چیتر پرسێکی دوولایەنە نییە، بەڵکو ئاڵنگارییەکە بۆ هەموو بەرەی کەنداو.
ڕیشەی دوژمنایەتیی ئێران
ناتوانرێت بە تەنها لە ڕێگەی سیاسەتی هاوچەرخەوە لە ڕەفتاری ناوچەیی ئێران تێبگەیت. بە هەمان شێوە بە یادەوەریی مێژووی دوورودرێژی ئیمپراتۆریەت، نیشتمانپەروەریی فارسی و بەکارهێنانی بیروباوەڕی ڕژێم بۆ چەسپاندنی کاریگەری لە دەرەوەی سنوورەکان شێوە دەگرێت.
لە میراتی ئیمپراتۆریەتی کۆنەوە تا دەگاتە گۆڕانکاریی سەفەوی لە سەدەی 16، ناسنامەی دەوڵەتی ئێران بەزۆری بە پێچەوانەی دەوروبەرە عەرەبییەکەیەوە بنیات نراوە. وەرگرتنی باوەڕی دووانزە ئیمامی شیعە لەلایەن سەفەوییەکانەوە بەتەنیا گۆڕانکارییەکی ئایینی نەبوو. بە هەمان شێوە بوو بە نیشانەیەکی سیاسی کە ئێران لە جیهانی عەرەبی و عوسمانی جیادەکاتەوە.
ڕژێمی ئێران بۆ ڕەوایەتیدان بە دەستوەردان لە کاروباری عەرەبیدا، بەردەوامە لە تێکەڵکردنی بیروباوەڕی شۆڕشگێڕانە، نیشتمانپەروەریی فارسی و کۆکردنەوەی تیرەگەری. هەندێک کات بە زمانی ئیسلام دەدوێت؛ هەندێک کاتی تر بە زمانی خۆڕاگری، دژە ڕۆژئاواییبوون یاخود ناڕەزایی مێژوویی دەدوێت. بەڵام ئامانجەکە بە جێگیریی دەمێنێتەوە: فراوانکردنی کاریگەری و لاوازکردنی سەروەریی عەرەبی.
پێویستە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بە شێوەیەکی ستراتیژی وەڵام بدەنەوە، نەک سۆزداری. پێویستە لە قووڵایی هزریی ئاڵنگارییەکە تێبگەن و هاوکات لەو تەڵە تیرەگەرییانەی کە تاران هەوڵی قۆستنەوەیان دەدات، خۆیان بەدوور بگرن.
وانەکان لە زی قاڕ
بەر لە ئیسلام، هۆزە عەرەبەکان لەوانەش بەنی بەکر، تەغلیب و شەیبان لە زی قاڕ لەدوای چەندین ساڵ لە ناکۆکی ناوخۆیی یەکیانگرت. ئەوان ڕووبەڕووی سوپایەکی بەهێزتر و پڕچەکترکراوی فارسی بوونەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا چونکە شکۆیان لە سەرووی دابەشبوون دانابوو.
وانەکە ڕق نییە. وانەکە بریتییە لە یەکڕیزی. یەکڕیزی ئەوان جیاوازییەکانیانی لەناوبرد. ئەو هۆزانەی کە شەڕی یەکتریان کردبوو، کاتێک شکۆی گشتی کەوتە بەر مەترسی، شان بە شانی یەک وەستان. ئەمڕۆ، دەبێت دەوڵەتانی کەنداو هەماهەنگی هێمایی بە ئاڕاستەی یەکگرتنێکی ستراتیژیی ڕاستەقینە تێبپەڕێنن.
مەبەست لە هێز، سزادانی کەسانی بێتاوان نییە. بەڵکو مەبەست لێی پوچەڵکردنەوەی هەڕەشەکان، ئاشکراکردنی بریکارەکان، هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکان و ڕێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی دەستێوەردانی بیانی.
لە زی قاڕ، شکۆ زۆر لە ڕێگا بازرگانییە ناکۆکەکان و قازانجی ماددی گرنگتر بوو. ئەمڕۆ هەر تێچوویەکی ئابووری کە بۆ پاراستنی سەروەریی کەنداو پێویست بێت، پێویستە وەک وەبەرهێنانێک لە ئاسایشی درێژخایەن هەژمار بکرێت.
لایەنە باشەکانی یەکڕیزی
ئەگەر دەوڵەتانی کەنداو لە دەوری ئەو بنەمایە یەکبگرن کە دڵسۆزی بۆ نیشتمان لە سەرووی هەموو وەفادارییەکی دەرەکییەوە دێت، ئەوا کاریگەرییەکەی لەسەر هاوسەنگی هێزی ناوچەیی یەکلاکەرەوە دەبێت.
توانای ئێران بۆ فشارخستنە سەر تاک دەوڵەتەکانی کەنداو کەم دەبێتەوە. تاران لەبری ئەوەی “لاوازترین بەستەر،” بکاتە ئامانج، ڕووبەڕووی بەرەیەکی یەکگرتوو دەبێتەوە کە بە یەک دەنگ قسە دەکات.
تۆڕە بەکرێگیراوەکان، شانە خەوتووەکان و ناوەندەکانی دامەزراندنی کارمەند ڕووبەڕووی فشاری هەواڵگریی هەماهەنگ دەبنەوە. مەترسی لەسەر یەک دەوڵەتی کەنداو وەک مەترسی بۆ سەر هەمووان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
ئەو تۆڕە داراییانەی پشتیوانی لە میلیشیاکان و ئۆپەراسیۆنەکانی کاریگەریی دەرەکی دەکەن، لە ڕێگەی چاودێریکردن، سزای ئابووری و جێبەجێکردنی یەکگرتووەوە پەک دەخرێن.
هاووڵاتیانی دڵسۆزی هەموو مەزهەبەکان لەوەی کە دەوڵەت لە بەرامبەر بەکارهێنانی دەرەکی و گومانی ناوخۆیی دەیانپارێزێت، دڵنیا دەکرێنەوە.
ستراتیژی پەروەردەیی و ڕاگەیاندنی یەکگرتوو نەوەیەک بنیات دەنێت کە لە توانایدابێت زانیاری ناڕاست دەستنیشان بکات، ملکەچبوونی بیانی ڕەتبکاتەوە و بەرگری لە ناسنامەی نیشتمانیی بکات.
یەکڕیزیی نیشتمانی، کەنداو لە کۆمەڵێک دەوڵەتی لاوازەوە بۆ بەرەیەکی ڕێگریکەری نەبەزێنراو دەگۆڕێت. بە نەیاران دەڵێت کە ڕێساکان گۆڕاون: دزەکردن ئاشکرا دەکرێت، بەرەنگاری زۆرەملێکردن دەبێتەوە و سەروەری بە هەوڵی پێکەوەیی دەپارێزرێت.
دەرەنجام
بۆ دەیان ساڵ، دەوڵەتانی کەنداو چەندین ڕێبازیان بۆ بەڕێوەبردنی دەستێوەردانەکانی ئێران تاقیکردۆتەوە: گفتوگۆ، نەرمی نواندن، لێبوردەیی بژاردەیی، سزای ئابووریی سنووردار و پشتبەستن بە دەسەڵاتە دەرەکییەکان بۆ پاراستن. ڕەنگە ئەم ڕێوشوێنانە کاتیان گەڕاندبێتەوە، بەڵام کۆتاییان بە هەڕەشەکە نەهێنا.
وانەکە ڕوونە: ناتوانرێت دەستێوەردانی دەرەکی تا کاتێکی نادیار بەڕێوەببرێت. بەڵکو پێویستە جڵەو بکرێت، ئاشکرا بکرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە.
کەنداو پێویستی بە پەرەسەندنی بێباکانە نییە. بەڵکو پێویستی بە پابەندبوونی پتەو هەیە. ئەمە پێویستی بە یاساگەلێک هەیە کە سەروەری بپارێزێت، پەروەردەیەک کە شوناس بەهێز بکات، ڕاگەیاندنێک کە چەواشەکردن ئاشکرا بکات و یەکڕیزییەک کە هەر کرانەوەیەک بەڕووی نەیاراندا ڕەتبکاتەوە.
ئامانجەکە جەنگ نییە. ئامانجەکە پارێزبەندییە.
دەبێت کەنداوی عەرەبیی سەروەر یەک پەیام ڕابگەیەنێت: دڵسۆزی بۆ نیشتمان بناغەی هاوڵاتیبوونە، وە هیچ دەسەڵاتێکی بیانی ڕێگەی پێنادرێت کۆمەڵگاکانمان بکات بە گۆڕەپانی کاریگەری، دابەشبوون یاخود ململانێی بەکرێگیراو.
