ئەردەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئاسایشییە هاوچەرخەکان، دەستی کردووە بە پلانێکی گۆڕانکاری بۆ هێزە چەکدارەکانی.
لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2026، خاوەن شکۆ پاشا عەبدوڵلای دووەم بن ئەل حوسەین، فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئەردەن، سوپای عەرەب، فەرمانی بە سەرکردە سەربازییەکان کرد کە ستراتیژییەکی گشتگیر بۆ داڕشتنەوەی سەربازی دابڕێژن.
”بە پشت بەستن بە پابەندبوونمان بە بەهێزکردنی تواناکانی سوپای عەرەبیمان و دەستەبەرکردنی پەرەپێدانی بەردەوامی توانا و ئامرازەکانی، ئێمە فەرمانت پێدەکەین بە داڕشتنی ستراتیژییەکی گشتگیر و نەخشەڕێگایەکی ڕوون بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکارییەکی پێکهاتەیی لە هێزە چەکدارەکاندا لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا. “ شا لە نامەیەکدا بۆ لیوا یوسف حونێتی، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئەردەن ئاماژەی پێدا.
ستراتیژییەکە تیشک دەخاتە سەر بەرزکردنەوەی تواناکانی هێزە چەکدارەکانی ئەردەن لەڕێگەی هاوچەرخکردنی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی خۆی تا لەگەڵ پێداویستییەکانی ژینگە جۆراوجۆرەکانی ئۆپەراسیۆن هەنگاوبنێت و باڵادەستبوون لە جەنگی هاوچەرخ، ئاوێتە و نانەریتیدا دەستەبەربکات.
نامەکەی شا جەختی لەسەر پێویستی بنیاتنانی سوپایەکی خۆڕاگر و کارامە کردەوە لە چوارچێوەی چەمکێکی جەنگیدا کە سەربازەکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی بەرگریکردن، هێرشبەردن و ڕێگریکردن ئامادە بکات.
هەوڵەکانی هاوچەرخکردن بریتین لە وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکانی وەک ژیریی دەستکرد، لەپێشینەدانانی بەرگریی ئەلیکترۆنی و دامەزراندنی سیستەمی فەرماندەیی، بەڕێوەبردن و پەیوەندیی پارێزراو و متمانەپێکراو.
بە هەمان شێوە شا عەبدوڵڵا جەختی لە فراوانکردنی ڕۆڵی نووسینگەی دیزاین و گەشەپێدانی ئەردەن کردەوە، ئەمەش دەیکات بە ناوکێک بۆ توێژینەوە، پەرەپێدان و دروستکردنی سیستەمی بەرگریی پێشکەوتوو بەگوێرەی بەرزترین ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.
بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا، ئەردەن بە پشت بەستن بە پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان لە بواری جەنگیدا گرنگی بە گەشەپێدانی هێزە چەکدارەکانی دەدات. بۆ یارمەتیدانی پاسەوانیکردنی کەنداوی عەقەبە، شوێنی بەندەری سەرەکی دەریایی ئەردەن، وڵاتەکە لەسەر درۆنی بێ کارمەندی سەر ڕووی ئاو و ژێر دەریایی مەشقی ئەنجام داوە. تەکنەلۆژیای چاودێریکردنی سنوورەکان لە میانی شەڕی ناوخۆی سوریادا لە پێشینەدا بوو، وە بەرپەرچدانەوەی درۆنی ئاسمانی بووەتە پایە بنەڕەتیی ڕاهێنانکردن لە میانی مەشقەکانی وەک شێری تامەزرۆ.
لیوای خانەنشینکراوی ئەردەنی ڕەزاق ئەلخەوالدە جەختی لەسەر گرنگیی ڕێگریکردن کردەوە. ناوبراو ئاماژەی بە دەستپێکردنی هێرشی ئەلیکترۆنیی پێشوەختە کرد بۆ سەر نەیاران بۆ پەکخستنی هێرشە ئەگەرییەکان.
”ئێمە ناوەندێکی ھاوشێوەکردنمان ھەیە کە جەنگەکانی داهاتوو هاوشێوە دەکات، وە منیش لەو باوەڕەدام کە کارمەندانی هێزە چەکدارەکان بۆ ئەم جۆرە جەنگ مەشقیان پێکراوە. “ ناوبراو ئاماژەی پێدا.
سەرچاوەکان: هێزە چەکدارەکانی ئەردەن، alarabiya.net ،kingabdullah.jo ،jordanpulse.com
