ئەو هەڕەشە ئاڵۆزانەی کە ڕووبەڕووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باشووری ئاسیا و ئاسیای ناوەڕاست دەبنەوە، لەوانە ڕێکخراوە تیرۆریستییە پاڵپشتیکراوەکان لەلایەن دەوڵەتانەوە، هێرشەکان بۆ سەر ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکان و بەکارهێنانی موشەکی بالیستی و سیستەمی ئاسمانی بێ کارمەند لەلایەن نەیارانەوە، پێویستیان بە ڕێبازێکی گونجاوی ئەمریکا و هاوبەشەکانی هەیە.
لە کاتێکدا ئەندامانی خزمەتگوزاریی ئەمریکا و زۆرێک لە هاوبەشەکان کەوتنە ژێر هێرشی سەدان سیستەمی ئاسمانیی بێ کارمەند و مووشەک، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ڕێگەی داهێنانەوە لە هەوڵدان لە باڵادەستبوون لە بەرەکانی شەڕ بەردەوامە.
داهێنان بژاردە نییە. بەڵکو بۆ سەرکەوتنمان ئێجگار گرنگە. لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، پێکهاتە ئاسمانی، زەمینی، دەریایی و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (USCENTCOM) بۆ گرتنەبەر، تاقیکردنەوە و جێگیرکردنی تەکنەلۆژیا و تاکتیکە مەیدانییەکان بۆ باشترکردنی توانای شەڕی سەربازەکانمان، هیزی ئەرکیی جیاوازی پێکهێناوە.
وەک ئەفسەرێکی پڕ ئەزموونی هێزی دەریایی جەنگی سەر ڕووی ئاوی ئەمریکا، بە قووڵی ئاشنایەتییم هەیە لەگەڵ هەڕەشەکان بۆ سەر ئازادیی کەشتیوانیی دەریایی لە ناوچەکەدا، کە سێ لەو هەشت ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییانەی جیهان لەخۆدەگرێت؛ گەرووی هورمز، نۆکەندی سوێس و بابل ئەل مەندەب. هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەو ڕێڕەوە ئاوییانە، مەترسییەکە بۆ سەر ئابوورییەکی جیهانی کە نزیکەی یەک لەسەر سێی نەوت و گازەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەست دەکەوێت.
لەگەڵ داگیرکردنی ناوچەکانی سەر دەریای سوور لەلایەن ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و هەڕەشەکردن لەو کەشتییە بارهەڵگرانەی پشتیان بە نۆکەندی سوێس بەستووە، هێشتا دەکرێت بازرگانیی جیهانی پەکی بکەوێت. ئەوە نە لە بەرژەوەندی ئەمریکایە و نە لە بەرژەوەندیی هاوبەشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
ئێمە وەڵامی ئەم مەترسییەمان داوەتەوە. درۆنە دەریاییەکان، ئەوانەی لە سەر ڕووی ئاو، ژێرئاو و بەسەر ڕووی ئاوەوەن، مەودای هەستەوەرەکانی ئێمەیان درێژکردووەتەوە. ئێستا دەریاوانەکان دەتوانن لە سەرووی ئاسۆوە بە ئاستێک بڕوانن کە پێشتر بەردەست نەبووە. سیستەمی ژیریی دەستکرد بوارمان پێدەدات بە ئاسانی وردبینی بۆ ملیۆنان بایت لە زانیاریی بەدەستهێنراو لەلایەن سیستەمە بێ کارمەندەکانمانەوە ئەنجام بدەین، ڕیزبەندیان بکەین و کۆیان بکەینەوە.
بەڵام نەیارەکانمان بە تەکنەلۆژیای هاوشێوە، کە لە زۆر دۆخدا بە بەراورد بە کەرەستەی سەربازیی نەریتی تێچوویان کەمتر و بەدەستهێنانیان ئاسانترە، خۆیان پڕچەک دەکەن. هەر بۆیە ئێمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیستەمی ئاسمانی بێ کارەمەند تەکنەلۆژیا و مەشقی خێرامان هەیە، چەمکەکان لە ڕێگەی مەشقی سەربازی دووبارەبووەوە تاقی دەکەیەنەوە.
داهێنانی سەربازی پێویستی بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی پیشەسازی هەیە، ئەمەش بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی کە ئێمە بە شێوەیەکی خێرا و کارا ئامێری پێشکەوتوو بەکاردەبەین. ئێمە لە بەرنامەیەکی حکومەتی ئەمریکا بە ناوی خێراکردنی دابینکاری و بڵاوکردنەوەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، کە هاندانی دارایی بۆ ئەو کۆمپانیایانە دابین دەکات کە بەرهەمی داهێنەرانەی خاوەن توانای سەربازی بەرهەم دەهێنن، سوودمەند دەبین.
بە هەمان شێوە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی کاریگەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەیاران پێویستی بە گۆڕانکارییە لە هزردا. وڵاتانی ناوچەی کەنداوی عەرەبی گەشەپێدانی سیستەمێکی هاوبەشی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی ئاسمانییان بە ناوی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی یەکگرتوو تاوتوێ کردووە.
لە ڕێگەی بەستنەوەی هەستەوەرەکان، هاوبەشپێکردنی زانیاریی هەواڵگری و وەڵامدانەوە وەک تیمێک، وڵاتانی کەنداو خوازیاری دروستکردنی قەڵغانێکی بەرگریین کە بەبێ جیاوازیی بەرزی، خێرایی و ڕێڕەوەکەیان، توانای پەکخستنی هەڕەشە ئاسمانییەکانی هەبێت. پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە نەک تەنها تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، بەڵکو ئیرادەی تێپەڕاندنی جیاوازییە نەتەوەییەکانیشی دەوێت.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، شانازیی ئەوەم پێبڕاوە فەرماندەیی ئەو هێزانە بکەم کە بنکەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەو ماوەیە سەبارەت بەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی هەرێمەکە دەبنەوە، ئاشنابوونێکی ڕوونی پێبەخشیم. بەڵام بە هەمان شێوە باوەڕی ئەوەی پێبەخشیم داهێنان کە لە ڕۆحی هاوبەشیدا پەرەدەسێنێت، بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش پێویستە.
ئەم چاپەی یونیپاس بەشێک لەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕوومان دەبنەوە و ئەو داهێنانانەی کە پێویستە بۆ تێپەڕاندنیان پەسەندیان بکەین، دەخاتە بەر باس.
فەریقی یەکەم ىڕاد کووپەر
فەرماندە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا
