ئەنجومەنی نوێی ئاشتی بە دەستپێشخەری و سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد تڕەمپ بۆ پەرەپێدانی ئاشتی و سەقامگیری و بەڕێوەبردنی ئاوەدانکردنەوەی دوای جەنگ لە غەززە دروستکراوە.
کازاخستان و ئۆزبەکستان لەنێو ئەو 20 وڵاتەدا بوون کە لە مانگی کانوونی دووەمی 2026 بۆ واژۆکردنی ئەو جاڕنامەی کە بنچینەی دامەزراندنی ڕێکخراوە نوێیەکە بوو، سەرکردەکانیان ڕەوانەی داڤۆسی سویسرا کرد.
بۆ دوو دراوسێی ئاسیای ناوەڕاست، بەشداریکردن وەک ئەندامانی دامەزرێنەر لە ئەنجومەنی ئاشتی دەرفەتێک بۆ داڕشتنی میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی ناکۆکیی نێودەوڵەتی و گەورەکردنی دەنگ و کاریگەرییان لەسەر ئاستی جیهانی پێشکەش دەکات.
سەرۆکی ئۆزبەکستان شەڤکەت میرزیۆیێڤ پشتیوانییەکی بەهێزی بۆ ئەنجومەنی ئاشتی دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی بەشداری لە جێبەجێکردنی کردارییدا دەکات. ”کۆبوونەوەکەمان بریتییە لە سەرهەڵدانێکی زیندوو لە هاودەنگیی نێودەوڵەتی، بنیاتنانی ئاشتی و خواستێکی هاوبەش بۆ باشترکردنی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. “ناوبراو لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند.
بە هەمان شێوە میرزیۆیێڤ ئاماژەی بەوەدا کە بەشداریکردنی دامەزرێنەریی ئۆزبەکستان لەم پڕۆژەیەدا تەنیا هەوڵێکی دیپلۆماسی ڕۆتینی نییە، بەڵکو نموونەیەکی گەشەسەندنی ڕۆڵی ئۆزبەکستانە لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی.
”ئەوە ڕەنگدانەوەی هەڵبژاردنێکی بنەڕەتییە لە بەرژەوەندی گفتوگۆ، دراوسێیەتی باش و مامەڵەی بنیاتنەر، “بە وتەی بەختییۆر مستەفایێڤ، جێگری بەڕێوەبەری دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکانی ئۆزبەکستان.
لە ڕێوڕيسمی دروستکردنی ئەنجومەنەکەدا، سەرۆکی کازاخستان قاسم جومرات تۆکایێڤ ستایشی سروشتی پراکتیکی و ”چەمکی داهێنەرانە”ـی “ئاشتی لە ڕێگەی بنیاتنانەوە”ـی کرد.
”ئەمە بریتییە لە دەستەبەرکردنی ئاشتی بەردەوام لە ڕێگەی ڕێوشوێنی پراکتیکی و ئامانجدارەوە، نەک لەڕێگەی کۆنفرانسی بێکۆتایی بە بڕیارنامەی هیواخوازانەوە، “ناوبراو ڕایگەیاند.
تۆکایێڤ ئاماژەی بەوەدا، جگە لە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە، کازاخستان ئامادەیە لە ڕێگەی پشتیوانیی ئاسایشی خۆراک، یەکە پزیشکییەکان بۆ هێزی سەقامگیری و دەستەبەرکردنە پەروەردەییەکان بۆ خوێندکارانی غەززە لە زانکۆکانی کازاخستانەوە پشتیوانیی هەوڵە مرۆییەکان لە غەززە بکات.
ئەنجومەنی ئاشتی لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک دەسەڵاتێکی گوێزەرەوە کە ئەرکی سەقامگیرکردن و ئاوەدانکردنەوەی غەززەی پێدراوە، پشتیوانی لێکراوە .سەرەڕای ئەوەش، تڕەمپ پشتیوانیی خۆی بۆ فراوانکردنی ئەنجومەنەکە بۆ دامەزراوەیەکیی هەمیشەیی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ململانێکانی تر دەربڕی.
سەرچاوەکان: ڕۆژنامەی تایمزی ئاسیای ناوەڕاست، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەزگای زانیاریی دونیۆ، نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئۆزبەکستان، نووسینگەی سەرۆک کۆماری کازاخستان، ڕۆژنامەی ئاستانە تایمز
