لەساڵانی 1990ـەوە، عێراق بەهۆی گەندەڵی و بەڕێوەبردنی بەربڵاو لەلایەن باندی تاوانکاریی ڕێکخراو و قاچاخچییەکان لە هەردوو دیوی سنوورەکە، لە دەروازە سنوورییەکانیدا تووشی پێشێلکارییەکی بێشومار بووە. لە دوای ساڵی 2003، بەهۆی ئەوەی هێزەکانی ئاسایش سەرقاڵ بوون بە بەرەنگاربوونەوەی هێرشە تیرۆریستییەکانی ناوخۆی وڵاتەکە، دۆخەکە ئاڵۆزتر بوو. میلیشیا چەکدارەکان ئەو دەرفەتەیان بۆ کردنەوەی دەروازەی جێگرەوە بۆ بەقاچاخبردنی چەک، ماددەی هۆشبەر و کۆکردنەوەی باجی نایاسایی لەسەر کاڵاکان بەکارهێنا.
بەهۆی ئەوەی چەندین دەزگای حکومی لە ئاسایشی سنوورەکاندا بەشداربوون، ناڕوونییەک لە ئارادابوو کە کام دەزگا بەرپرسە لە دەروازە سنوورییەکان، ئەمەش هەماهەنگی و بەڕێوەبردنی ئاڵۆزتر کرد و ئاسانکاری بۆ بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و تاوانە ڕێکخراوەکان کرد. لەم ماوەیەدا، دەرمانی پیسبوو و گۆشتی نەگونجاو بۆ خواردن هاتنە ناو وڵاتەوە، ئەمەش ئەنجامی کارەساتباری لێکەوتەوە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم ناڕوونییە، لە ساڵی 2016ـدا حکومەت بڕیاریدا کۆمیسیۆنی بەندەرە سنوورییەکان، کە ڕاستەوخۆ ڕاپۆرت دەداتە بە سەرۆک وەزیران، پێکبهێنێت. ئەم دەسەڵاتە لە کارکردن و بەڕێوەبردنی دەروازەکان بەرپرسیار دەبێت و ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی باندەکانی قاچاخچێتی، تیرۆریستان و کەسانی گەندەڵ دەکات.
یونیپاس لەگەڵ فەریق عومەر عەدنان ئەل وائلی سەرۆکی کۆمیسیۆنی بەندەرە سنوورییەکان کۆبووەوە، ناوبراو باسی لە دەستکەوتەکان، ئاڵنگارییەکان و هەماهەنگیی نێودەوڵەتی کرد لە پشتیوانیکردنی ئەم دەزگا گرنگەدا.
یونیپاس: ڕۆڵی کۆمیسیۆنی بەندەرە سنوورییەکانی عێراق چییە؟
فەریق ئەل وائلی: کۆمیسیۆنی بەندەرە سنوورییەکان بەپێی یاسای ژمارە 30ـی ساڵی 2016 دامەزراوە و لە 1ـی مانگی تەمموزی 2017 دەستی بە کارەکانی کردووە. پێکهاتەیەکی سەربەخۆیە، وە ئۆپەراسیۆنی سەربازی و مەدەنی ئەنجام دەدات. کۆمیسیۆنەکە لە چاودێریکردن و سەرپەرشتیکردنی سەرجەم بەشەکانی دەروازە سنوورییەکان بۆ توندکردنەوەی کۆنترۆڵکردن و دڵنیابوون لەوەی کارمەندان بە شێوەیەکی دروست لێکۆڵینەوە و پشکنین بۆ ئەو کەسانە دەکەن کە سنوورەکان دەبڕن، بەرپرسیارە. دامەزراندنی ئەم کۆمیسیۆنە لە زیادکردنی داهات، بەڕێوەبردنی سنوور و دەروازەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی یارمەتیدەر بووە. لیژنەکە بەگوێرەی یاسا و ئەو ڕێنمای و بڕیارانەی لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەردەچن، کاردەکات. 24 کاتژمێر کاردەکات، وە لەگەڵ وەزارەت، دامەزراوە و دەزگا ئاسایشییەکان بۆ توندکردنەوەی بەڕێوەبردن، دابینکردنی زانیاری و پێشکەشکردنی ڕاوێژ لە پەیوەندیدایە. کۆمیسیۆنەکە لە بەندەرە وشکانی، دەریایی و ئاسمانییەکاندا کاردەکات.

یونیپاس: ئایا عێراق خاوەنی چەند خاڵی پەڕینەوەیە؟
فەریق ئەل وائلی: بە گشتی 22 دەروازەی سنووری هەیە، کە شەش فڕۆکەخانە و شەش بەندەری دەریایی لەخۆدەگرێت؛ ئەوانی تریش دەروازە وشکانیەکانن لەگەڵ ئێران، کوەیت، سعودیە، ئەردەن و سوریا.
یونیپاس: ئایا لە بوارەکەدا چەند کارمەندت هەیە و کام دەروازەی پەڕینەوە پڕ ئاڵنگاریترینە؟
فەریق ئەل وائلی: بە کۆی گشتی کۆمیسیۆنەکە خاوەنی 2,649 کارمەندە، کە ڕێژەی 70%ـیان کارمەندی سەربازین و ئەوانی تریش مەدەنین. زۆرێک لە ئەفسەرەکان لە پسپۆڕیی جۆراوجۆردا خزمەت دەکەن. یەکێک لە سەرکەوتنەکانی کۆمیسیۆنی بەندەرە سنوورییەکان بریتیی بووە لە پەسەندکردنی بەڕێوەبردنی ئەلیکترۆنی تەواو لە ئۆپەراسیۆنەکانی ڕێکخستن، بە هەمان شێوە بەکارهێنانی سیستەمی پشکنین (سکانکردن) لە هەموو دەروازە سنوورییەکان بۆ دەستنیشانکردنی جۆری کاڵای گواستراوە و ڕێگریکردن لە هاتنە ژوورەوەی کەلوپەلی نایاسایی، چەک یان ماددەی هۆشبەر. کۆمیسیۆنەکە بووەتە یەکێک لە گرنگترین دامەزراوە حکومییەکانی عێراق چونکە لە زیادکردنی باجی هاوردەکردن و سەپاندنی سەروەری بازرگانیدا بەشدارە، بە هەمان شێوە لە جێبەجێکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت، ڕێگریکردن لە یاریکردن بە سەرچاوەکانی دەوڵەت، بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان، وە ڕێگریکردن لە میلیشیاکان و کەسانی دەرەوەی یاسا لە دەستدرێژیکردنە سەر یاخود سوودمەندبوون لە داهاتی ئەم بەندەرانە.
یونیپاس: بۆچی کۆمیسیۆنەکە پێکهێنرا؟ ئایا پرسی ناڕێکخراوەیی و نەبوونی یاسا بوو لەسەر سنوورەکان؟
فەریق ئەل وائلی: لەبەر نەبوونی دەسەڵاتی ناوەندی بۆ بەڕێوەبردنی هەموو دەروازەکان و بەهۆی ژمارەی زۆری دەزگا ئاسایشی و حکومییە بەشداربووەکان، ئێمە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورە بووینەوە. ئەمەش وای لە حکومەت کرد بۆ هەماهەنگی و بەڕێوەبردنی کارەکانی هەموو کارمەندان، کۆمیسیۆنی بەندەرە سنوورییەکان دابمەزرێنێت. لە هەر دەروازەیەکی سنوور نزیکەی 15 بەشی جیاواز کاردەکەن، وە هەر بەشێک بە وەزارەتە جیاوازەکان و دەستە سەربەخۆکانەوە بەستراوەتەوە. ئەم ژمارە زۆرانە وایانکرد کە دەستەبەرکردنی کارپێکردن و بەڕێوەبردنی بێ کیشەی ئەم بەشانە قورس بێت. کۆمیسیۆنی بەندەرە سنوورییەکان بۆ ئەوەی ببێت بە دەزگای بەڕێوەبردن، ڕێکخستن، چاودێریکردن، سەرپەرشتیکردن و ڕێکاریکردنی کاری ئەم فرە بەشییە خاوەن پسپۆڕی و دەسەڵاتی دادوەریی جیاوازە بۆ گەیشتن بە یەکێتی بەڕێوەبردن و سەرکردایەتی ناوەندی، بە گوێرەی بنەمای یەکگرتوویی لە ژێر یەک سەرکردایەتی دامەزرا. لە ڕابردوودا، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دەروازە سنوورییەکانمان لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆدا بوو، بەڵام بەهۆی گرنگی دەروازە سنوورییەکان و ڕۆڵی ئەوان لە وەبەرهێنانی داهاتی نا نەوتی، بەڕێوەبەرایەتییەکە هەڵوەشێنرایەوە و بە سەرپەرشتی نووسینگەی سەرۆک وەزیران کۆمیسیۆنی سەربەخۆی دەروازە سنوورییەکان پێکهێنرا. ئەم دابڕانە بووەتە هۆی پەیوەندی، جێبەجێکردن و بڕیاردانی خێراتر. لە ماوەی سەرۆکایەتیی ئێمەدا لە کۆمیسیۆنی بەندەرە سنوورییەکان کە ئێستا لە ساڵی پێنجەمیدایە، بڕیاری زۆرمان داوە و ئامانجی زۆرمان بەدیهێناوە، لەوانە دەستبەسەرداگرتنی چەک، ماددەی هۆشبەر و دەرمانی ساختە کە بازرگانان هەوڵیان دابوو بە قاچاخ بیهێننە ناو وڵاتەکەوە. یەکێکی تر لە دەستکەوتە دیارەکان کە ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ کۆمیسیۆنی بەندەرە سنوورییەکان، هەڵمەتی لەناوبردنی گواستنەوەی دارایی ساختەیە، بەمەش ڕێگری دەکرێت لە ڕۆیشتنی نایاسایی دۆلار لە عێراقەوە. ئەو بانک، کۆمپانیا و کەسانەی دەستیان لەم گەندەڵیەدا هەبووە دەستنیشان کران و بە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ دادگا و دادوەرەکاندا بەرنامەیەک داڕێژرا. کۆمیسیۆنەکە پشتیوانی حکومەت و بە هەمان شێوە پشتیوانییەکی بەرچاوی دادوەریی لە لایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دادوەرەکانی سەرجەم پارێزگاکان بەدەستهێناوە. لەو ماوەیەدا، کۆمیسیۆنەکە توانی خۆی دابمەزرێنێت و ڕەگێکی بەهێز و پتەو لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا جێگر بکات. ئێمە ئێستا بۆ دەستنیشانکردنی کۆمپانیا گەندەڵەکان و بەدواداچوونکردن بۆ مامەڵەی دارایی گوماناوی و چاودێریکردنی کاری ئەو کۆمپانیایانە، بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتیکردنی دارایی تیرۆریستان، بە خێرایی زیاتر کاردەکەین. یەک ڕۆژ تێناپەڕێت کە کۆمیسیۆنەکە گورزی توند بە ئەو قاچاخچی و لایەنانە نەگەیەنێت کە سامانی گشتی قۆرخ دەکەن.
یونیپاس: ئایا ژمارەیەی ئەو کارمەندانەی ئاماژەت پێدان، تەنها بە کۆمیسیۆنەکەوە پەیوەستن یاخود کارمەندانی دەزگاکانی تری حکومەت لەخۆدەگرێت؟
فەریق ئەل وائلی: ئەو 2,649 کارمەندەی کە ئاماژەم پێدا، کۆی ژمارەی ئەو کەسە مەدەنی و سەربازییانەن کە بە کۆمیسیۆنی بەندەرە سنوورییەکانەوە پەیوەستن. سەبارەت بەو کارمەندانەی کە سەر بە دەزگاکانی ترن، لە ڕووی کارگێڕی، تەکنیکی و ئۆپەراسیۆنییەوە بە کۆمیسیۆنەکەوە پەیوەستن.

یونیپاس: ئاماژەتان بە ڕۆڵی کۆمیسیۆنەکە کرد لە چاودێریکردنی ئەو مامەڵە بانکییانەی لە عێراق دەردەچن. ئایا کارەکانتان لەسەر سنوورەکان لە جوڵەی چاودێریکردنی فیزیکیی مرۆڤ و کاڵا زیاترە؟
فەریق ئەل وائلی: ڕێنماییە بەردەوامەکانی حکومەت بریتین لە هەنگاونان بەرەو حکومڕانیی ئەلیکترۆنی و خۆکار. ئێمە ئەرکی بەکۆمپیوتەرکردن و پەرەپێدانی حوکمڕانی ئەلیکترۆنیمان گرتۆتە ئەستۆ بۆ ئەوەی هەر پسووڵەیەکی بازرگانی کە لە وڵاتی بنەڕەتییەوە وەربگیرێت، ڕێگری لێبکرێت و پشکنینی بۆ ئەنجام بدرێت. بە کورتی ئێمە ڕێگری لە دەستکاریکردنی پسوڵەی بازرگانی دەکەین. بۆ نموونە، با بڵێین کەسێک 100 ئۆتۆمبێل هاوردە دەکات و پسوڵەیەک بە بڕی نزیکەی 2 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی ئەم 100 ئۆتۆمبێلە پێشکەش بە بانک دەکات. بەڵام کاتێک ئۆتۆمبێلەکان دەگەنە بەندەرەکە، کەسەکە بۆ ئەوەی خۆی لە پێدانی باجی گومرگ لەسەر بەهای ڕاستەقینەی ئۆتۆمبێلەکان بدزێتەوە، پسوڵەیەک بە بڕی 50,000 دۆلار پێشکەش بە دەروازە سنوورییەکە دەکات. بەڵام لە ڕێگەی ڕێکارەکانی وردبینیمانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، وە بە پشکنینی ژمارەی پسوڵەکان، ئەم کەسە ئاشکرا کرا. بە هەمان شێوە ڕێکارەکانی تری وردبینی و چاودێریکردن بۆ سنووردارکردنی قاچاخچێتی نایاسایی دراوە بەهێزەکان بۆ دەرەوەی عێراق یارمەتیدەرن.
یونیپاس: ڕۆڵی کۆمیسیۆنەکە لە داهاتوودا چۆن دەبینیت؟
فەریق ئەل وائلی: گرنگترین پڕۆژەی گەشەپێدان بریتییە لە دروستکردنی دەروازەی سنووریی نمونەیی کە لەگەڵ پێگەی نێودەوڵەتی عێراق و شوێنی گرنگی جوگرافییدا بگونجێت. ئەم پڕۆژانە لە ئەستۆی پارێزگاکاندا دەبێت، کە هەر پارێزگایەک بە ڕێژەی لە 50%ـی داهاتی دەروازەکە سوودمەند دەبێت. لە ئەنجامدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێکی دەرکرد کە پارێزگاکانی بە ئاوەدانکردنەوە، گەشەپێدان و بنیاتنانی دەروازەی نموونەیی پابەندکرد. ئەمڕۆ ئێمە دەروازەی سنووری سەفوانمان هەیە، کە دەروازەیەکی نمونەییە، وە دەروازەی سنووری زەرباتیە لە حللە ئەلجەدیدە کە بەم نزیکانە دەکرێتەوە. هەروەها لە سنووری پارێزگای بەسرە لە دەروازەی سنووری شیلامجە کارکردن دەستی پێکردووە. جگە لەوەش، پارێزگاری دیالە سەرقاڵی دروستکردن و پەرەپێدانی ژێرخانی دەروازە سنوورییەکانی مەندەلی و مونزرییە. بە هەمان شێوە، پارێزگای ئەنبار دەستیکردووە بە گەورەکردنی دەروازەی ئەلقائیم بە ئاستێک کە لەگەڵ گرنگی ئەم دەروازە سنوورییە لەگەڵ سوریادا بگونجێت، کە لە مانگی حوزەیرانی 2025 کرایەوە. هاوکات حکومەت بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی تری سنووری لەگەڵ سوریا، بە دیاریکراوی دەروازەی سنووری ئەلوەلیدە، پلان و ڕێمایی هەیە.
یونیپاس: لە کارەکانی ڕۆژانەتاندا ڕووبەڕووی چ ئاڵنگارییەک دەبنەوە؟
فەریق ئەل وائلی: ڕاشکاوانە بڵێین، ئەو ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە پەیوەندییان بە حوکمڕانیی ئەلیکترۆنیەوە هەیە. ئێمە لەم بوارەدا پێویستمان بە کارمەندی تایبەتمەند و پشتیوانیی حکومەت هەیە. ئێمە لە ڕووی ژێرخان، کۆمپیوتەر و هێڵی وایەریی زۆر خێرا و ئینتەرنێتەوە پێویستمان بە لۆژیستی هەیە، بەڵام ئێمە بەو شتانەی کە لەبەردەستماندایە کاردەکەین و سوپاس بۆ خودا توانیومانە ئەرکەکان بە ئەنجام بگەیەنین.
یونیپاس: چۆن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە هاوچەرخکردن و بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و باشترکردنی تواناکانی کۆمیسیۆنەکە، پشتیوانیی عێراق دەکەن؟
فەریق ئەل وائلی: دەرگای کۆمیسیۆنەکە بە ڕووی هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا کراوەیە. ئێمە ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوەندی نیشتمانی بۆ سیاسەتی کۆچ هەماهەنگی دەکەین. ئێمە لەگەڵ بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ هەموو ئەو ڕێکخراوە ناحکومییانەی لەلایەن ئەمریکا و باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن، هەماهەنگی دەکەین، وە هەروەها لەگەڵ ئەو لایەنانەی لەلایەن وڵاتانی ئەوروپی و دراوسێیەوە پاڵپشتی دەکرێن، کاردەکەین. ئێمە لەگەڵ فەرمانگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددەی هۆشبەر و تاوان پڕۆژەی هاوبەشمان هەیە بە دانانی دامەزراوەی چاودێری بار و پاکەت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، وە هیوادارین ئەم پڕۆژەیە بۆ دەروازە دەریایی و وشکانییەکانی تر فراوانتر بکەین.
یونیپاس: ئایا تا چەند کۆمیسیۆنەکە لە هاوبەشپێکردنی زانیاریی هەواڵگری لەگەڵ وڵاتانی تر و دەزگاکانی تری عێراق سوودمەندە؟
فەریق ئەل وائلی: ئێمە پەیوەندی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ ئینتەرپۆلدا هەیە و لەگەڵ وڵاتانی دیکە هەماهەنگی و یەکخستن ئەنجام دەدەین. هەروەها سیستەمی پارێزراوی بەراورد و هەڵسەنگاندنی ناسنامەی کەسی (PISCES) کە سەر بە دەزگای هەواڵگرییە، بەکاردەهێنین و لەگەڵ هێزەکانی پۆلیسی عەرەب و نێودەوڵەتی، بە هەمان شێوە دەزگاکانی بەڕێوەبردنی سنوورەکان لە وڵاتانی دراوسێ و لە سەرانسەری جیهاندا لە پەیوەندیداین. لە ڕووی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە هەماهەنگی دەکەین و دەزگاکانی ئاسایش زانیاری لەسەر ئەو گومانلێکراوانەی قەدەغەی گەشتکردنیان لەسەرە، هاوبەشپێدەکەن. کارەکانمان لەگەڵ دەزگا لێهاتووەکانی تردا یەکخراوە و لە نزیکەوە لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەماهەنگی دەکەین.
یونیپاس: ئایا چ ڕاهێنانێکی نێودەوڵەتی بۆ کارمەندانی کۆمیسیۆنەکە بەردەستە؟
فەریق ئەل وائلی: زۆرێک لە کارمەندەکانمان بۆ بنیاتنانی توانا و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی خۆیان نێردراون بۆ خول لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق. ئێمە لە ئەمریکا، قوبرس و وڵاتانی عەرەبی تر بەشداری لە خولەکاندا دەکەین. ئێمە باوەڕوام وایە کە تەنها لە ڕێگەی پەرەپێدانی لێهاتووییەوە دەتوانرێت پێشکەوت بەدەست بهێنرێت.
یونیپاس: ئایا بۆ ڕێگریکردن لە گەندەڵی چۆن کارمەندان هەڵدەبژێردرێن و چاودێری دەکرێن؟
فەریق ئەل وائلی: ئێمە فەرمانگەمان هەیە سەر بە فەرمانگەی ئەستۆپاکیی ئاسایشییە کە بە بەردەوامی پێش و دوای دامەزراندنیان پشکنینی ئاسایشی بۆ سەرجەم فەرمانبەران ئەنجام دەدات، ئەمە جگە لە بەدواداچوونی کەسی لەلایەن سەرۆکی کۆمیسیۆنەکەوە. ئێمە بەبێ پشکنینی سەرەتایی لە ڕێگەی دەستەی دەستپاکی، دەسەڵاتی چاودێریی دارایی، دەسەڵاتی بەڵگەی تاوان و دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەرییەوە، کارمەند یاخود ئەفسەر دانامەزرێنین. بە هەمان شێوە بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی کە کارمەندەکە داواکراو نییە و سزا نەدراوە، تۆماری تاوانەکان دەپشکنین. بە شێوەیەکی ڕۆتینی ئێمە پشکنینی ئاسایشی بۆ چاودێریکردنی چالاکییەکانی ئەفسەر و فەرمانبەران ئەنجام دەدەین، ئەمە جگە لەوەی ساڵانە چاودێری سامان و هەژماری بانکییان دەکەین. هەروەها پێویستە کارمەندان بەیاننامەی ئاشکراکردنی دارایی پێشکەش بە لیژنەی دەستپاکی بکەن. ئێمە ڕێگە بە هیچ کارمەند یان بەرپرسێک نادەین خۆی لە مەرجی ئاشکراکردنی دارایی بدزێتەوە، وە لە نزیکەوە بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی ئەم بابەتە. ئەگەر ڕاشکاوانە بڵێم، زۆرێک لە کارمەندان و ئەفسەرانی ناو و دەرەوەی کۆمیسیۆنەکە بەهۆی پرسەکانی دەستپاکی و لێپرسینەوە دراونەتە دادگا. کۆمیسیۆنی بەندەرە سنوورییەکان بە دەستە، سەرۆک و فەرمانبەرەکانییەوە بۆ حکومەت و چاودێرانی سەلماندووە کە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا ڕێگرییەکی کاریگەر و ڕاستەقینەن، وە هەروەها لە بەدەستهێنانی داهات و بوون بە دامەزراوەیەکی نمونەیی، زۆر پابەندە.
