پاسەوانی کەناراوەکانی یەمەن یاسای دەریایی جێبەجێ دەکات و خاکە ئاوییەکانی کۆماری یەمەن دەپارێزێت. پاسەوانی کەناراوەکان لە ساڵی 2002 دامەزراوە و لە ساڵی 2003 دەستی بە کارکردن کردووە. لە ساڵی 2004ـدا بازنەی کارەکانی بۆ لەخۆگرتنی پاراستنی بەندەرەکان و دامەزراوە گرنگەکان، بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە دەریاکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گەڕان و ڕزگارکردن فراوانتر بوو. ناوچەی بەرپرسیارێتییەکەی زیاتر لە 2,500 کیلۆمەتری کەناراوی دەگرێتەوە، کە دەریای سوور، کەنداوی عەدەن، دەریای عەرەبی و زەریای هیندی، بە هەمان شێوە چەندین دوورگەی یەمەنی و ڕێڕەوی ئاوی ستراتیژیی وەک باب ئەل مەندەب لەخۆدەگرێت.
لە بواری پاراستنی ناوچە ئاوییەکاندا، پاسەوانی کەناراوەکان ئاسایشی بەندەرەکان دابین دەکات، ڕێڕەوی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی دەپارێزێت، بەرەنگاری قاچاخچێتی، چەتەی دەریایی و ماسیگرتنی نایاسایی دەبێتەوە، ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردن ئەنجام دەدات و ژینگەی دەریایی دەپارێزێت. سەرەڕای ئاڵنگارییە لەڕادەبەدەرەکان کە بەهۆی ململانێی بەردەوامەوە سەریان هەڵداوە، پاسەوانی کەناراوەکان بەردەوامە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی و لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایشی دەریایی نیشتمانی و ناوچەیی هەماهەنگی دەکات.
بەهێزکردنی کاریگەری
لە مانگی تشرینی دووەمی 2024، پاسەوانی کەناراوەکانی یەمەن بە داننان بە گرنگیی ڕۆڵی گرنگی خۆی لە پاراستنی ناوچە ئاوییەکان، پاراستنی بازرگانیی دەریایی و بەرەنگاربوونەوەی نایاساییدا، ستراتیژییەکی گشتگیری بۆ بنیاتنانەوەی تواناکانی ڕاگەیاند. پاسەوانی کەناراوەکان لە بەردەم دووڕیانێکدا وەستاوە، لە کاتێکدا کە هەڕەشەکان لە زیادبووندایە، بە دیاریکراوی هێرشە تیرۆریستییەکانی میلیشیا حوسییەکانی سەر بە ئێران کە هەڕەشەی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئاسایشی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، بە سەرچاوەیەکی سنووردارەوە درێژە بە ئەرکەکەی دەدات. ئەم هەڕەشانە بە زیادکردنی تێچووی بیمە و کەشتیوانی و پەکخستنی بازرگانی دەریایی، ئابووری یەمەن و بازرگانیی جیهانییان بە تەواوی لاوازکردووە.

لە بەرامبەر ئەم ئاڵنگارییانەدا، ئەنجومەنی پێشەوایی سەرۆکایەتی و حکومەتی یەمەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایشی دەریایی کە ئاوەدانکردنەوە و برەودان بە پاسەوانیی کەناراوەکان تا توانای بەرپەرچدانەوەی ئەم هەڕەشانەی هەبێت، بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەستەبەرکردنی هەماهەنگیی باشتر و پشتیوانیکردن لە ئابووریی نیشتمانی لەڕێگەی پاراستنی ڕێڕەوە گرنگەکانی کەشتیوانییەوە لەخۆدەگرێت، نەخشە ڕێگایەکی ڕوونیان داڕشتووە.
پشتیوانیی حکومەتی بەریتانیا و برایانمان لە سعودیە بووە هۆی دروستبوونی هاوبەشیی ئاسایشی دەریایی یەمەن. ئەمەش لە ڕێگەی برەودان بە تواناکانی کارکردن، بەرەوپێشبردنی ژێرخان و بنیاتنانی سیستەمێکی ئاسایشی دەریایی یەکخراوەوە چوارچێوەیەکی کاری کرداریی بۆ گۆڕینی ئەم ڕوانگەیە بۆ واقیع پێشکەش دەکات. پشتیوانیی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بە تەنیا وەبەرهێنانێک نییە لە پاسەوانی کەناراوەکانی یەمەن بەڵکو وەربەرهێنانە لە سەقامگیریی ناوچەیی و پاراستنی بازرگانیی جیهانیشدا.
لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی ئاڵنگارییە ئاسایشییەکان بەدرێژایی کەناراوە 2,500 کیلۆمەترییەکەی یەمەن، پاسەوانی کەناراوەکانی یەمەن وەک یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی پاراستنی ئاسایشی دەریایی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەستنیشان دەکرێت. لە نێوان بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و چەتەی دەریایی و پاراستنی ڕێڕەوە دەریاییە گرنگەکان، کارمەندانی پاسەوانی کەناراوەکان لەبەرامبەر هەڕەشە ئاڵۆزەکاندا لە هێڵی پێشەوەی بەرگریکردندان.
قاچاخچێتی و چەتەی دەریایی
ئەرکی سەرەکیی پاسەوانی کەناراوەکان بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی قاچاخچێتی، بەتایبەتی چەک، تەقەمەنی، ماددەی هۆشبەر، سووتەمەنی و مرۆڤ. ئەم تاوانانە نەک تەنها هەڕەشە لە ئاسایشی یەمەن دەکەن، بەڵکو هەڕەشە لە ئاسایشی تەواوی ناوچەکەیش دەکەن. هەروەها پاسەوانی کەناراوەکان لە پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە چەتەی دەریایی کە هەڕەشە لە بازرگانیی نێودەوڵەتی دەکەن لە تێپەڕبوون بە دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت.
پاسەوانی کەناراوەکان و هاوبەشەکانی، کە هێزەکانی بەرخۆدانی نیشتمانی لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا و کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا لەخۆدەگرێت، لە ساڵی 2025 سەرکەوتنی زۆریان بەدەستهێنا. هەرە دیارترینیان ڕێگریکردن بوو لە کەشتییەکی ئێرانی کە ماددەی هۆشبەری هەڵگرتبوو لە کەناراوەکانی ئەل مەهرا و سێ کەشتیی تر لە ناوچەی باشووری دەریای سوور کە بڕێکی زۆر پەین و چەکی پێشکەوتووی هەڵگرتبوو بەرەو ئاڕاستەی میلیشیا حوسییەکان. بە هەمان شێوە هاوبەشەکان دەستیان بەسەر سەدان کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گرتووە و هەوڵەکانی بەقاچاخبردنی سەدان کۆچبەریان بۆ ناو یەمەن پووچەڵکردەوە. ئەم سەرکەوتنانە کاریگەری هەوڵەکانی قەدەغەکردن و توانای پاسەوانی کەناراوەکان بۆ کارکردن لە ژینگە ئاڵۆزەکاندا پشتڕاست دەکەنەوە.

پێداویستییەکانی ئامێر و مەشقکردن
پاسەوانی کەناراوەکان درک بەوە دەکات کە مەشقی بەردەوام بۆ کارمەندەکانی لەگەڵ دەستڕاگەیشتن بە ئامێرە پێویستەکان باشترین دەستەبەری ئەدای کرداریی ئاست بەرزە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە بەپەرۆشەوە دەڕوانێتە بەشداریکردن لە مەشقە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتیش لەگەڵ هێزی دەریایی هاوبەش، بۆ بەدەستهێنانی ئەزموونی کرداریی و فێربوونی نوێترین شێوازەکانی چاودێریکردن، ڕێگریکردن و ڕزگارکردن. ئەم مەشقانە هەماهەنگیی ئۆپەراسیۆنەکان باشتر دەکەن و کاتەکانی وەڵامدانەوە بۆ هەڕەشەکان خێراتر دەکەن.
لە ڕێگەی ئەفسەرانی پەیوەندییەوە، پاسەوانی کەناراوەکانی یەمەن پەیوەندییەکی کارکردنی نزیکی لەگەڵ هێزە دەریاییە یەکخراوەکان، کە هاوپەیمانیی دەریایی 47 وڵاتە و بنکەکەی لە بەحرەینە، وە هێزی ئەرکی کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکادا هەیە. ئەم پەیوەندییە هاوبەشپێکردنی هەواڵگریی دەریایی بەرز دەکاتەوە، هەماهەنگی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردن باشتر دەکات، ئاسایشی دەریایی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن بەهێزتر دەکات. بە هەمان شێوە پاسەوانی کەناراوەکان پێشوازی لە پشتیوانیی هاوبەشە فرەنەتەوەییەکان دەکات لە پێکهاتەی کەشتییە هاوچەرخەکان، سیستەمی چاودێری، ئامێری پەیوەندیی پێشکەوتوو و بەرنامەکانی مەشقکردن و چاککردنەوەی بەردەوام.

هەرچەندە پاسەوانی کەناراوەکان چەند هەزار کارمەند و بەلەمگەلی بچووکی هەیە، بەڵام درێژی کەناراوەکان و قەبارەی ئاڵنگارییەکان تواناکانی ئێستای تێدەپەڕێنێت. سەرکردایەتییەکە بۆ مەشقپێکردنی زیاتری کارمەندەکانی لە بوارە تایبەتمەندەکاندا، هاوچەرخکردنی بەلەمەکان و فراوانکردنی تۆڕی چاودێریکردن و بەڕێوەبردن بۆ دڵنیابوون لە ڕووماڵکردنی کاریگەرانەی تەواوی کەناراوەکان، پلانێکی گشتگیری گرتۆتەبەر.
هەماهەنگییەکە تەنها لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا نییە. هەروەها دراوسێ ناوچەییەکانی هاوسنووری دەریای سوور و کەنداوی عەدەن بە هاوبەشپێکردنی زانیاریی هەواڵگری، هەماهەنگیی ئۆپەراسیۆنی دەریایی و بانگهێشتکردنی سەربازانی یەمەن بۆ مەشقی هاوبەش هاوکاری دەکەن.
دەرەنجام
لە جیهانێکدا کە هەڕەشە دەریاییەکان تێیدا لە زیادبوون و تاوانی ڕێکخراو لە پەرەسەندندایە، پاسەوانی کەناراوەکانی یەمەن بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی مەیدانی قووڵ، هاوبەشیی بەهێز و ڕوانگەیەکی ڕوون بۆ گەشەپێدان، بە ئیرادە و پێداگرییەوە بەردەوامە لە ئەنجامدانی ڕۆڵی خۆی. پاراستنی کەناراوەکان نەک تەنها بۆ یەمەن بەڵکو بۆ ئاسایشی دەریایی نێودەوڵەتی و سەقامگیریی ناوچەکەش سوودبەخشە.
