لە ساڵی 2023ـەوە، جێگری فەریقی هێزی دەریایی مازن عەبدولواحید ئەلعامری فەرماندەیی هێزی دەریایی عێراقی کردووە، کە گرنگییەکەی وەک بەرگریکاری بەندەرەکانی عێراق کە ئێجگار گرنگن بۆ ئاسایشی ئابووری وڵاتەکە، پەرەی سەندووە.
لە بەلەمی پاسەوانی پێکهاتووە کە پاسەوانی ئاوەکانی نزیک بەندەری قووڵی ئوم قەسر دەکەن لەسەر کەناراوە تەنگەکانی باشووری عێراق. بە هەمان شێوە بەرگریکاری سەرەکیی ناوچە ئاوییەکانی وڵاتەکەیە و بەرژەوەندی و سەروەریی عێراق لە ئاوە تەنیشتییەکان و ناوچە ئابوورییەکان دەپارێزێت.
”هێزی دەریایی بەندەرە بازرگانی و نەوتییەکانی عێراق دەپارێزێت، بەمەش خوێنبەری سەرەکیی ئابووری وڵاتەکە دەپارێزێت. هەر لەبەر ئەمەشە هێزی دەریایی عێراق زۆر گرنگە و ڕۆڵێکی گرنگ لە پاراستنی سەقامگیری و ئابووری وڵاتدا دەگێڕێت،” جێگری فەریق مازن ئاماژەی پێدا. “بە هەمان شێوە ناوچە ئاوییەکانی عێراق دەپارێزێت و لە سەرانسەری ئەم ئاوانەدا بەرەنگاری قاچاخچێتی دەبێتەوە.”
ئامانجی جێگری فەریق بریتییە لە دامەزراندنی کەشتیگەلێکی دەریایی تۆکمە کە بۆ سەپاندنی بەڕێوەبردنی تەواو و ڕێگریکردن لە هەموو پێشێلکارییەکان لە ناوچەی بەرپرسیارێتی خۆیدا، بە ڕادەی پێویست گەورەبێت و بە ئامێری باش ئامێربەندکرابێت. ئەمەش لەگەڵ فراوانکردنی دامەزراوە دەریاییەکان وەک کردنەوەی بەندەری ئەل فاو، لە هەموو کاتێک گرنگترە.
بەشێکی گرنگی بەرنامەکەی بریتییە لە پاراستنی هاوبەشیی متمانەپێکراو لەگەڵ ئەو هاوڕێ و هاوپەیمانانەی کە بە یەکسانی پابەندن بە ئاسایشی باکووری کەنداوی عەرەبی.
”ناوچەی کەنداوی عەرەبی بریتییە لە ناوچەیەکی ئابووریی هاوبەشی خاوەن سنووری سەریەککەوتوو و بەرژەوەندی جۆراوجۆر. هەماهەنگیی هاوبەش و بەردەوام لە ڕێگەی ئەم هاوبەشییانەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە کە تێیدا بەرژەوەندییەکان هاوبەشن و لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانیش کاریگەرن گرنگییەکی ئێجگار زۆری هەیە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی و کاریگەریی ناوچەکە لەسەر ئابووری جیهانی.”
جێگری فەریق جەخت لەسەر گرنگی مەشق و ڕاهێنان دەکاتەوە بۆ فراوانکردنی ئەزموونی دەریاوانەکان و ناردنی پەیامێکی بەهێز بۆ نەیارانی ئەگەریی کە عێراق دەتوانێت بەرگری لە کەناراوەکانی خۆی بکات. لە ناوخۆدا، هێزی دەریایی لەگەڵ هاوتاکانی لە هێزی ئاسمانی عێراق و دەزگای دژەتیرۆر مەشق دەکات، کە هەردووکیان کارامەیی ناوازە بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی هێزی دەریایی دەهێنن.

”ئەم مەشقە عێراقییانە هێزەکان لە ئۆپەراسیۆنە جووڵەپێکراوەکان، ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان، ئازادکردنی دوورگە و خاکەکان، وە ئەرکەکانی ڕزگارکردن و بنیاتنانەوە ڕادەهێنن” جێگری فەریق مازن ئاماژەی پێدا.
هەروەها هێزی دەریایی عێراق لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی بەشداری لە مانۆڕە ناوچەییەکان دەکات، بە هەمان شێوە ئەو مانۆڕە هاوبەشانەی کە بە فەرماندەیی و سەرپەرشتیی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا لە بەحرەین ئەنجام دەدرێن. ئەم مەشقانە جەخت لەسەر کارامەییەکانی وەک پەلاماردان، سواربوون، گەڕان و دەستبەسەرداگرتن؛ پاککردنەوەی مین؛ پاراستنی ژێرخانی گرنگ؛ و تۆپخانەی دەریایی دەکەنەوە.
”ئەوان لە پەرەپێدانی تواناکانی تیمە عێراقییەکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن،” جێگری فەریق ئاماژەی پێدا. “ئەزموون و زانیارییەکانیان زیاد دەکەن و توانا و کارامەیی خۆیان لە ئەنجامدانی فەرمان و ئەرکەکاندا پەرەپێدەدەن.”
ڕێگریکردنی سەربازی یەکێکە لە ڕێگاکانی دوورکەوتنەوە لە شەڕی چەکداری لە ناوچەیەکی ئاڵۆزدا کە ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بووەتەوە. وە بە هەمان شێوە هەڵبژاردنی سەرکردەی خاوەن ئەزموون و دانایی بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەسەر ململانێکانی ناوچەکە.
”دەبێت سەرکردەی سەرکەوتوو دانایی خۆی لە بڕیارداندا نیشان بدات، نابێت لە شتەکاندا پەلە بکات و لە بەرامبەر ململانێکاندا کاردەنەوەی زیاد لە پێویستی هەبێت و بچێتە ژێر فشارەوە.” ناوبراو ڕایگەیاند. “بە هەمان شێوە پێویستە زیرەکیی خێرای هەبێت و لەو سات و بارودۆخانەی کە پێویستی بە بڕیاردانی خێرا و ورد هەیە، ئەرکەکەی بە ئەنجام بگەیەنێت. هەروەها گرنگە سەرکردەکان پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ هەموو لایەنەکان بپارێزن و بتوانن لە ڕێگەی تەکتیک و بەڕێوەبردنی باشەوە دیدگاکان یەکبخەن.”
جێگری فەریقی هێزی دەریایی مازین لە ماوەی ژیانی سەربازییدا بە گرنگیدان بە بنیاتنانی پیاوان بۆ هێزێکی جەنگیی کاریگەرتر، بە پلەبەندیی هێزی دەریایی عێراقدا سەرکەوت. جگە لە خزمەتکردنی لە ئەنجومەنی پشکنینی دەریایی عێراق کە دڵنیای دەدات لەوەی کە کەشتییەکان دەتوانن ئەرکە ئاسایشییە دەریاییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن، بەشێکی زۆری ژیانی پیشەیی خۆی وەک بەرپرسی ئەکادیمیای کەنداوی عەرەبی بۆ توێژینەوەی دەریایی بەسەربردووە. ئەکادیمیاکە دەکەوێتە سەر شتولعەرەب لە نزیک بەسڕە، بڕوانامەی زانستی دەریایی بەو ئەفسەرانەی خۆیان بۆ پەیوەندیکردن بە هێزی دەریایی یاخود دەریایی بازرگانی ئامادە دەکەن، پێشکەش دەکات.
”دەمویست خزمەتی وڵاتەکەم بکەم و لەڕێگەی سەربازییەوە شانازیی خزمەتکردنی ئاڵاکە بەدەستبهێنم و بەرگری لە سەروەری و بەرژەوەندییەکانی عێراق بکەم،” جێگری فەریق مازن ئاماژەی پێدا. “ئەمە یەکێکە لە باڵاترین ئەرکەکان کە بە مرۆڤ سپێردراوە.”

جێگری فەریق شانازی بەوەوە دەکات کە خوێندکاری مێژووە و سروش لە سەرکردە سەربازییە ئەفسانەییەکانی وەک خالید کوڕی وەلید وەردەگرێت. فەرماندەی مێژوویی عەرەب کە بە شکستپێهێنانی سەربازانی بێزەنتیی لە شەڕی یارموک لە سەدەی حەوتەمدا بەناوبانگ بوو، کە یەکەم سەرکەوتنی گەورەی سوپای موسڵمانان بوو لە دەرەوەی نیمچە دوورگەی عەرەبی.
”شەڕەکە شەش ڕۆژی خایاند و لە ڕۆژی شەشەمدا خالید ستراتیژی خۆی لە بەرگریکردنەوە گۆڕی بۆ هێرشبردن. بە زیرەکییە لەڕادە بەدەرەکەی توانی هێرشێکی مەترسیدار بکاتە سەر ڕۆمەکان و تاکتیکێکی سەربازی بەکارهێنا کە لەو کاتەدا ناوازە بوو، ئەویش بریتی بوو لە بەکارهێنانی دروستی تواناکانی لیوایەکی ئەسپ سواری خێرا بۆ گۆڕینی شکستی حەتمی بۆ سەرکەوتنێکی ئێجگار گەورە” جێگری فەریق مازن ئاماژەی پێدا.
فەلسەفەی فەرماندەیی جێگری فەریق گرنگی بە چاندنی دڵسۆزی، شانازی و لێهاتوویی دەدات لە سەربازەکانیدا. لە ڕەنگدانەوەی ڕۆژانی ئەو لە ئەکادیمیای هێزی دەریاییدا، ناوبراو چاودێری گەشەکردنی کارمەندەکانی دەکات، پێداویستییەکانیان دەستنیشان دەکات و بۆ ئەو کێشانەی کە دەکرێت ببنە ڕێگر لە بەردەم ئەدای کردارییان، بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت.
”من باوەڕم بە خۆتەرخانکردن بۆ پابەندیی سەربازی، فێربوون و کارکردنە بۆ پەرەپێدانی توانا ئەکادیمی و جەستەییەکان تا بتوانن لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی هێزە دەریاییە پێشکەوتووەکانی جیهان هاوشان بن.” ناوبراو ڕایگەیاند.
