لە ناو جەنجاڵیی تەقەی دۆشکە، هێرشی هێلیکۆپتەر و هێرشەکانی زرێپۆشدا، بۆ یەکەمجار لقێک لە هێزی کاردانەوەی خێرای سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئەردەن (JAF) لە یەکێک لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی مەشقی سەربازی لە ئەمریکا مەشقی ئەنجامدا.
سەربازانی ئەردەن لە مانگی حوزەیرانی 2025 لە ناوەندی مەشقی ئامادەکاریی هاوبەش (JRTC) لە فۆرت پۆلک، ویلایەتی لویزیانا، خولی چڕی مەشقی شەڕکردنی خۆیان تەواو کرد. ئەمە ئەو لوتکەیە بوو نزیکەی ساڵێک ئامادەکاری بۆ کرا بۆ ئەو سەربازانەی بە تایبەت لە نێوان سێ کەرتی هێزی کاردانەوەی خێرای ئەردەندا هەڵبژێردران.
هەرچەندە سەربازانی سوپای ئەمریکا بە شێوەیەکی بەردەوام لەو مەشقانەی کە ئەردەن میواندارییان دەکات، وەکو شێری تامەزرۆ، بەشداری دەکەن، بەڵام ئەمە یەکەمجار بوو کە یەکەیەکی هێزە چەکدارەکانی ئەردەن بە قەبارەی لقێک لە ناوەندێکی مەشقی جەنگیی ئەمریکادا مەشقیان پێبکرێت.
مەشقەکان بەهێزیی هاوبەشیی ئەمریکا و هێزە چەکدارەکانی ئەردەن، وە بە هەمان شێوە کاتێک مانۆڕی هێرشبەری و بەرگرییان لە گۆڕەپانێکی سروشتیدا ئەنجامدا، هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و ئەردەنی نمایش کرد.
ناوەندی ڕاهێنانی ئامادەکاریی هاوبەش (JRTC) یەکێکە لە سێ ناوەندە سەرەکییەکەی مەشقی جەنگیی سوپای ئەمریکا. ئەرکەکەی بریتییە لە برەودان بە ئامادەیی سەربازیی لە ڕێگەی مەشقی چەکداریی هاوبەش و یەکخراوی ڕاستەقینەی چڕ. سەربازانی ئەردەن لە ئۆپەراسیۆنی نمایشیی جەنگی دژ بە هێزێکی دوژمن کە پێکهاتبوو لە سەربازانی لێهاتووی ئەمریکا کە ڕۆڵی دوژمنیان دەگێڕا، بەشدارییان کرد.

عەریفی دەستە دێڤۆن جۆنز/فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا
لە حاڵەتی مانۆڕەکانی مانگی حوزەیرانی 2025ـدا، لەشکری 34ـی پیادەی سوپای ئەمریکا، کە بە گشتی لە سەربازانی پاسەوانی نیشتمانیی سوپای مینیسۆتا و ئایۆوا پێکهاتبوو، ڕیزەکانی تیمی شەڕکەری بەرامبەریان پڕکردەوە.
خاکی ناوەندی مەشقی ئامادەکاریی هاوبەش (JRTC) لە فۆرت پۆلک ئاڵنگاری بۆ هێزەکانی بەشداربووی مەشقەکە دابین دەکات. گەرم و شێدارە و بە دارستانی چڕ داپۆشراوە، ئەمەش پەیوەندی و بینین لە نێوان یەکەکانی جەنگ سنووردار دەکات. بەربەستە ئاوییەکان، لەوانەش ئەو زەلکاوانەی کە مار و تیمساح تێیدا دەژین، چڕی مەشقەکە بەرزتر دەکەنەوە.
سەربازانی ئەردەن بەڵێنیان داوە ئەو مەشقەی لە ئەمریکا بەدەستیان هێناوە لەگەڵ ئەندامانی یەکەکانیان لە نیشتمان هاوبەشی پێبکەن. نەقیب شەرەف ئەل شەوابکە، فەرماندەی لقە ئەردەنییەکە لە لویزیانا ڕایگەیاند.
”تەنیا بە لێرە بوونمان، لە لایەنی سەربازییەوە زۆر شتی جیاواز فێربووین،” نەقیب شەرەف ئەل شەوابکە ئاماژەی پێدا.
بەرلەوەی سەربازانی ئەردەن بەشداری سیناریۆکانی شەڕ بکەن، بۆ چەند مانگێک لەگەڵ هاوتاکانیان لە لیوای 3ـی هێزی پیشتیوانی ئاسایشی سوپای ئەمریکا (SFAB) مەشقیان ئەنجامدا. لیوای هێزی پیشتیوانی ئاسایش (SFAB) لەگەڵ هێزەکانی ئەردەن، سعودیە و ئیماڕات مەشقی ئەنجامداوە.
”ینینی دەرچوونی ئەم سەربازانە و سوودمەندبوون لە مەشقەکان ناوازەبوو،” عەریفی دەستەی سوپای ئەمریکا ڕاول لۆپێز ئاماژەی پێدا. “دوای نۆ مانگ لە کارکردنی نزیک لەگەڵـیاندا، مەشقکردن، بنیاتنانی هاوبەشی و بەهێزکردنی لێهاتووییەکانیان، بینیان لە جێبەجێ کردنی ڕاهێنانەکان لە میانی مەشقی تەقەکردنی ڕاستەوخۆدا جێگەی دڵخۆشییە.”
هێزە چەکدارەکانی ئەردەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرچاوەی سەقامگیری بووە، وە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (USCENTCOM)، کە هاوبەشە لە زۆرێک لە چالاکییەکانی مەشق و ڕاهێناندا، تامەزرۆیە بۆ بانگهێشتکردنی سەربازە دەستەبژێرەکانی ئەردن تا مانۆڕی چڕتری شەڕکردن لە ئەمریکا ئەنجام بدەن.

”ئەم هەوڵە بەهێزکردنی هاوبەشیی نێوان هێزە چەکدارەکانی ئەردەن (JAF)، سوپای ئەمریکا و فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (USCENTCOM)ـی کردبووە ئامانج، لە هەمان کاتدا کوشندەیی و توانای ئۆپەراسیۆنی یەکخراوی هەردوو سوپاکە نیشان دەدات.” عەقید چارڵز کانۆن، بەرپرسی هەماهەنگیی ئاسایشی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند.
لە میانی سەردانێکیدا لەگەڵ هێزە بەشداربووەکان لە فۆرت پۆلک، فەریق پاتریک فڕانک، فەرماندەی گشتیی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا، ستایشی بەرزی مانۆڕەکەی کرد، وە جەختی لەسەر بەهێزیی هاوبەشیی نێوان هێزە چەکدارەکانی ئەردەن (JAF) و ئەمریکا کردەوە.
”تەنها چەند مانگێک لەمەوبەر، ئەمە بە تەنها دیدگایەک بوو،” فەریق فڕانک ئاماژەی پێکرد. “ئێستا ئێمە لە ناوەندی مەشقی ئامادەکاریی هاوبەش (JRTC) بەیەکەوە وەستاوین، ئامادەین بۆ مەشقکردن، شەڕکردن و نیشاندانی کوشندەیی یەکخراوی هێزەکانمان.”
بە هەمان شێوە لە ساڵی 2023، لقێکی ئیماڕات مەشقی شەڕکردنی تەقەی ڕاستەوخۆی لە ناوەندی مەشقی ئامادەکاریی هاوبەش (JRTC) تەواو کرد، وە فەرماندەکانی ئەمریکا هیوادارن ئەم چەشنە هەماهەنگییانە لەگەڵ هاوبەشە سەربازییەکانی تر فراوانتر بکەن.
