کوەیت لە مانگی کانوونی دووەمی 2025، لە یەک کاتدا میوانداری دوو مەشقی سەربازیی هاوبەشی کرد. یەکەمیان بریتی بوو لە مەشقی قەڵغانی ئاسمانیی 2025، چالاکییەک کە ماوەی هەفتەیەکی خایاند و هێزی بەرگریی ئاسمانیی کوەیت، هێزی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیی بەحرەین و هێزەکانی ئەمریکا و بەڕیتانیا بەشدارییان تێدا کرد.
ئەوەی تریان مەشقی هاوبەشی یەکێتیی دەریایی کەنداوی 2025 (یان ئیتیحاد) بوو، بە بەشداریی هێزە دەریاییەکانی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو (GCC).
مەشقەکان بەشێکن لە مەشقی بەردەوامی سوپای کوەیت لەگەڵ وڵاتانی هاوبەش بۆ بەرزکردنەوەی ئەدای کارکردن، ئامادەیی شەڕ و هەماهەنگیی ئۆپەراسیۆنی، وە یەکخستنی چەمکە سەربازییەکان و بەهێزکردنی هەماهەنگیی بەرگری بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییە دەرکەوتووەکان.
مەشقی دەریایی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو (GCC) ئامادەیی بۆ بەرگریکردن لە ناوچە ئاوییەکانی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و پاراستنی هەرێمە ئابوورییە تایبەتە دەریاییەکانیان بەرزکردەوە.
لە دوای ڕزگاربوونی لە ژێر داگیرکاریی عێراق لە ساڵی 1991، کوەیت سیاسەتی بەرگریی توندی گرتەبەر و بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە ئاسایشییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرنگییەکی تایبەتی بە بەرزکردنەوەی تواناکانی بەرگریی خۆی دا.
ئەمەش بە تایبەتی ڕاستە، چونکە ناوچە ئاوییەکانی کوەیت ماوە ماوە لە دەوروبەری کێڵگەی گازی دۆرا لە دەریاوە کەوتوونەتە بەر هەڕەشەکانی ئێران، بەشێکی بەهۆی ئەوەوەیە کە ئێران بە ناڕاست بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە چوارچێوەی ناوچە ئاوییەکانی خۆیدایە.
دەوڵەتەکەی کەنداوی عەرەبی مەشقە سەربازییەکانی چڕتر کردەوە و هاوبەشیی بەرگریی لەگەڵ وڵاتانی ناوەوە و دەرەوەی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو پێکهێنا. جگە لەوەش، لەسەر خاکی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەشقپێکردنی هێزەکانی خۆی میوانداریی هێزە نێودەوڵەتییەکانی کرد.
کوەیت میوانداریی ئامادەبوونی سەربازیی بەرچاوی ئەمریکا دەکات و بە بەردەوامی مەشقی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا ئەنجام دەدات، وە هەردوو وڵات لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری جیهانیدا هەماهەنگی دەکەن.
هاوپەیمانێکی سەرەکیی دەرەوەی ناتۆیە و بۆ هێزەکانی ئەمریکا
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوەندێکی لۆژیستیی گرینگە. کوەیت میوانداریی
بارەگای هێڵی پێشەوەی ناوەندی سوپای ئەمریکا دەکات.
کوەیت بووەتە کڕیارێکی سەرەکیی ئامێرە سەربازییەکانی ئەمریکا. دوایین ڕێککەوتن بریتییە لە گرێبەستێک بە بڕی 1.5 ملیار دۆلار، کە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بۆ دروستکردنی هێلیکۆپەرە هێرشبەرە نوێیەکانی ئاپاچیی AH-64E بۆ کوەیت و مەشقپێکردنی تیمەکانیان بە کۆمپانیای بۆینگی بەخشیوە.
سەرچاوەکان: aljarida.com، دەزگای هەواڵی کوەیت، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، سوپای کوەیت
