عێراق لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی پشتیوانی بەدەست دەهێنێت
دەستەی یونیپاس
ناوەندی کۆنگرەی بن تەڵاڵی پاشای ئەردەن کە دەکەوێتە سەر کەناراوەکانی دەریای مردوو، لە مانگی کانوونی دووەمی 2022 بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی عێراق و چڕکردنەوەی سەقامگیریی ناوچەیی، میوانداریی لە ‘کۆنفڕانسی بەغدادی بۆ هەماهەنگی و هاوبەشی’ کرد.
ئەفسەرانی ئاستی باڵا لە ئەردەن، بەحرەین، ئیماڕات، میسڕ، سعودیە، قەتەڕ، تورکیا، ئێران، یەکێتی ئەوروپا و عێراق پێنج پرسیان تاوتوێکرد: بارودۆخی ناو عێراق، لوبنان و سوریا؛ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر؛ ئاسایشی خۆراک؛ وزە؛ و ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران.
لە دەستپێکی وتارەکەیدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع ئەلسودانی تیشکی خستە سەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. “ئەمڕۆ ئێمە بەوپەڕی هیواوە بۆ بەردەوامبوون لە برەودان بە دۆستایەتیی نێوان وڵاتەکانمان لە سەر هەموو ئاستەکان بە ڕێگایەک کە بەشداری بکات لە دانانی بناغەی سەقامگیری، خۆشگوزەرانی و پێشخستنی ناوچەکە لە عەمان کۆدەبینەوە،” ئەلسودانی ڕایگەیاند.
خاوەن شکۆ پاشا عەبدوڵلای دووەم بن ئەلحوسەینی ئەردەن جەختی لەسەر گرنگیی سەقامگیری عێراق بۆ ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە و وەکو “پایەیەکی سەرەکیی ئاسایشی ناوچەکە” ناساندی. وەکو پاڵپشتییەک بۆ وتارەکەی پاشا، وەزیری کاروباری دەرەوە و بیانیەکانی ئەردەن، ئەیمەن ئەلسەفادی وەکو بەردەوامیدان بە دوایین هەوڵەکان لەلایەن وڵاتەکەی بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق لە کۆبوونەوەکەی دەڕوانی.
”کۆبوونەوەکوی ئەمڕۆمان وەک دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی پتەوی کۆماری عەرەبی میسر و شانشینی هاشمی ئەردەن لە بەرامبەر عێراقی برا و برەودان بە ئاسایش، سەقامگیری و سەروەری وڵاتەکە دێت. “وەک دەزانن، عێراق لە ڕابردوودا سەرکەوتنێکی گەورەی مێژووی بەسەر چەتەکانی داعش بەدەستهێناوە و بە شێوەیەکی جێگیر و بەرجەستە دەستی بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئاوەدانکردنەوە کردووە.”
سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکڕۆن جەختی لەسەر گرنگی ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی عێراق و برەودان بە سەقامیگری وڵاتەکە کردووە، و ڕایگەیاند: “بە لەبەرچاوگرتنی دەیەکانی ڕابردوو، عێراق بەبێ گومان یەکێکە لە قوربانییە سەرەکییەکانی ناسەقامگیریی ناوچەکە.” لەسەر هەمان ڕێچکە، وەزیری دەرەوەی سعودیە شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ڕایگەیاند، “شانشینی سعودیە ڕەتکردنەوەی تەواوی خۆی بۆ هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی عێراق دووپات دەکاتەوە”.
عێراق لەم دواییانەدا لە دوای ساڵێک لە چەقبەستوویی گەیشت بە حکومەتێکی کۆدەنگ. لە ماوەیەکی کەم لە دوای دەستبەکاربوونی، ئەلسودانی بۆ گەیاندنی ئەو بەڵێنانەی کە بە عێراقییەکان دابوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ماددە هۆشبەر و تیرۆریزم دەستی بە ئەنجامدانی ئەرکێکی سەخت کرد. بەڵێنەکانی تر ڕەخساندنی هەلی کار، باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییە سەرەکییەکان و چارەسەرکردنی ناڕەزایەتییە نەژادییەکان کە هەڕەشەی دابەشکردنی کۆمەڵگا دەکەن، لەخۆدەگرێت.
بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی سەرۆک وەزیران، لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی لەناوبردنی ماددەی هۆشبەر لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، دەسەڵاتدارانی عێراق نزیکەی شەش تەن ماددەی هۆشبەریان لە قەزای نەهرەوان لە بەغدا سووتاند: کەڵەکراوی حەشیش و حەبی کاپتاگۆن و کۆکاین.
لە مانگی تشرینی دووەمی 2022، وڵاتەکە یەکەم گومانلێکراوەکانی لە دزینی پارەی گشتی ناسراو بە “دزیی سەدە” دەستگیرکرد. لەبارەی بە تاڵانبردنی سندوقی دارایی گشتی عێراق، سەرۆک وەزیران سوێندی خوارد کە “هەرکەسێک کە تێوەگلانی بسەلمێنرێت، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکات، ئاخۆ سیاسییەکان بن یاخود بەرپرسانی دەوڵەت.”
سەرچاوەکان: ئەلحوڕە، سکای نیوز، ز گاڕدیان، یوتیوب
Comments are closed.