حکومەتی کازاخستان خواستی خۆی بۆ پەیوەندیکردن بە ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام، کە زنجیرەیەک ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دیپلۆماسیی نێوان ئیسرائیل و گەلانی ناوچەکەیە، دەربڕی.
ڕێککەوتننامەکان، کە لە ساڵی 2020 بە نێوەندگیریی ئەمریکا ئەنجامدراون، لە سەرەتادا لەلایەن بەحرەین، ئیسرائیل و ئیماڕات، وە دوای ماوەیەکی کەم لەلایەن مەغریبەوە واژۆ کران، بە ناوی ئەبراهام، پەیامبەری خودا کە پێگەی لە ئاینی مەسیحی، ئیسلام و جولەکەدا هاوبەشە، ناونراوە. مەبەست لێی چاندنی تۆوی ئاشتییە لە نێوان هەر سێ ئایینەکەدا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان سەرۆک قاسم جومرات تۆکایێڤ پەیوەندیی بە دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە کردووە و خواستی خۆی بۆ بەشداریکردن لەم پرۆسە ئاشتییە مێژووییە دەربڕیوە، بە هەمان شێوە بەشداریکردنی فەرمیی کازاخستان لە لوتکەی ئەمریکا و ئاسیای ناوەڕاست (C5+1) کە لە مانگی تشرینی دووەمی 2025 لە واشنتۆن بەڕێوەچوو، ڕاگەیەنرا.
ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی بەرگریی دیموکراسی جەخت لەوە دەکاتەوە کە “پەیوەندیکردنی کازاخستان توانای بەهێزکردنەوەی ڕێککەوتننامەکان و فراوانکردنی هەماهەنگییەکانی ئەمریکای هەیە لەگەڵ ئاسیای ناوەڕاست.” لە ڕاستیدا، ئۆزبەکستانیش خواستی خۆی بۆ واژۆکردنی ئەو ڕێککەوتنانە دەربڕیوە.
پەیوەستبوونی کازاخستان بە ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام “لە ئاماژەیەکی هێمای زیاترە”، بە وتەی ڕۆژنامەی تایمزی ئاسیای ناوەڕاست. ئەوە دەستپێشخەرییەکی ستراتیژییە کە بە تەواوی بە ستراتیژیی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەوە پابەند دەبێت. “کازاخستان هەوڵدەدات بەبێ ئەوەی زیان بە بەرژەوەندییەکانی بگەیەنێت، پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوبەشە نەریتییە ناوچەییەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوا هاوسەنگ بکات،” وتارێک ئاماژەی بەوە کردووە.
چوونە ناو ڕێککەوتننامەکان، بەردەوامی بە بەشداریکردنی کازاخستان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات، کە لە دوای سەربەخۆیی لە یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1991ـەوە بەردەوامە. جگە لە زیادکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و هەماهەنگییە ئابوورییەکان، کازاخستان کارمەندانی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتیپارێزیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا ڕەوانەکردووە. لە ئێستادا کازاخستان سەباز بۆ هێزی ئەرکی کاتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان و هێزی چاودێرانی کشاندنەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرزاییەکانی جۆلان دابین دەکات.
سەرچاوەکان: تایمزی ئاسیای ناوەڕاست، دامەزراوەی بەرگریی دیموکراسی، دەزگای هەواڵی ئاسایشی نیشتمانی
