لە سەردانێکی مێژووییدا بۆ ئەمەریکا لە مانگی تشرینی دووەمی 2025، شازادەی جێنشین و سەرۆک وەزیرانی سعودیە محەممەد بن سەلمان ئال سعود، مەراسیمێکی فەرمیی پێشوازیلێکردنی سەربازیی لە کۆشکی سپی بۆ ئەنجامدرا.
سەردانە فەرمییە یەک ڕۆژییەکە بە تەواوکردنی چەندین ڕێککەوتنی گرینگ سەبارەت بە فرۆشتنی چەک، هەماهەنگیی ئەتۆمیی مەدەنی، ژیری دەستکرد و کانزا گرنگەکان گەیشتە لوتکە. بە هەمان شێوە سعودیە دەستنیشانکردنی وەک هاوپەیمانێکی سەرەکیی دەرەوەی ناتۆ (MNNA)ـی ئەمریکای بەدەستهێنا.
پێگەی هاوپەیمانی سەرەکیی دەرەوەی ناتۆ (MNNA) سوودی سەربازی و ئابووری وەک دەستڕاگەیشتن بە تەکنەلۆژیای بەرگریی ئەمریکا، مەشقی سەربازیی هاوبەش و دابینکاریی ئاسانتری چەک پێشکەش بە هاوبەشانی ئەمریکا دەکات. جگە لەوەش، هاوپەیمانی سەرەکیی دەرەوەی ناتۆ (MNNA) زەمینە بۆ هەماهەنگیی فراوانتر لە هاوبەشپێکردنی هەواڵگری، ئاسایشی ئەلیکترۆنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەڕەخسێنێت.
“ئێمە هەماهەنگییە سەربازییەکانمان بەرەو ئاستی باڵاتر دەبەین.”سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد تڕەمپ لە میانی ئێوارەخوانێکی فەرمی لە کۆشکی سپی بۆ ڕێزلێنان لە شازادەی جێنشینی سعودیە ڕایگەیاند.
بە هەمان شێوە هەردوو وڵات بە بەهای ملیارەها دۆلار، لەوانە کڕینی چیپی کۆمپیوتەریی پێشکەوتوو لەلایەن سعودیەوە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ژیریی دەستکرد، چەند گرێبەستێکیان واژۆکرد. وەزیری وزەی ئەمریکا کریس ڕایت و وەزیری وزەی شانشینی سعودیە شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان ئال سعود سەبارەت بە تەواوکردنی دانوستانەکان لەسەر هەماهەنگیی ئەتۆمیی مەدەنی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان واژۆ کرد.
“ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ ئەمریکا و شانشینی سعودیە. ئێمە لەسەر هەماهەنگیی ئەتۆمی مەدەنی گەیشتوینەتە ڕێککەوتن. بەیەکەوە، لەگەڵ ڕێککەوتنە دوولایەنەکانی پاریزبەندی، دەمانەوێت هاوبەشییەکەمان گەشە پێبدەین، تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی ئەمریکی بهێنینە سعودیە و پابەندبوونێی پتەوی خۆمان بە بڵاونەکردنەوەی چەکی کۆمەڵکوژ بپارێزین،” بەگوێرەی بەیاننامەیەک کە لەلایەن وەزیر ڕایتەوە بڵاوکراوەتەوە.
لە بەرامبەردا، سعودیە بەڵێنیدا بە بڕی یەک تریلیۆن دۆلار لە ئەمریکا وەبەرهێنان بکات، کە زیاترە لەو 600 ملیار دۆلارەی لە سەرەتادا لە میانی گەشتەکەی سەرۆک تڕەمپ بۆ وڵاتانی کەنداوی عەرەبی لە مانگی ئایاری 2025ـدا بڕیاری لەسەر درابوو. سەرچاوەکان: CNBC، ڕۆیتەرز، کۆشکی سپی، وەزارەتی وزەی ئەمریکا
