ناوچەی کەنداوی عەرەبی بە سامانێکی زۆر و شوێنێکی ستراتیژی کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە ڕێگەی ڕێڕەوی کەشتیوانیی جیهانیی گرنگەوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، تایبەتمەندە. سەرەڕای ئەوەش، ململانێ یەک لە دوای یەکەکان لەناوخۆی ناوچەکە بوونەتە هۆی ناسەقامگیری کە بە کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری جیهانی، بەرهەمهێنانی خۆراک و ئاسایشی وزە، زیان بە ناوچەیەکی فراوانتر دەگەیەنێت. بوونی بارەگای تیرۆریستی لە ناوچە دوورەدەستەکان ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە دەکات. جەنگی ناوخۆی سوریا، کە پەلی کێشایە ناو لوبنان و عێراق، ئازارێکی بێئەندازەی بە خەڵکی ناوچەکە گەیاند، وەک نموونەیەکی سەرەکی بۆ ئەم بابەتە خزمەت دەکات.
سەرەڕای ئەم کێشانە، وڵاتانی کەنداوی عەرەبی خاوەنی حکومەتی دانا و سەرچاوەی دارایی بەرفراوانن کە لە توانایاندایە وڵاتانی ناوچەکە بۆ ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو پێشبخەن. گەشەسەندنەوەی ئەوروپا لە دوای جەنگی جیهانی دووەم بە هیچ شێوەیەک موعجیزەیەکی خودایی نەبوو؛ بەڵکو بەرهەمی کەمبوونەوەی گرژییەکان و متمانەی هاوبەش بوو لە نێوان دەوڵەتانی دراوسێدا، هەموویان هەوڵیان بۆ ئاشتی و سەقامگیری پێکەوەیی دەدا. ناوچەی کەنداو لە دوای ئازادکردنی کوەیت لە 1991 و ڕێککەوتنی تائیف لە 1989 کە کۆتایی بە شەڕی ناوخۆی لوبنان هێنا، قۆناغێکی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بەخۆیەوە بینی. سعودیە لە کۆکردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان بۆ سەر مێزی دانوستان بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی بەردەوام ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بینی، ئەمەش لە ڕێگەی بەخشندەیی پشتیوانیی دارایی کەنداو بۆ ئاوەدانکردنەوەی لوبنان و گەڕاندنەوەی پێگەی خۆی وەک «سویسڕای ڕۆژهەڵات» پشتیوانی کرا.
ڕووداوەکانی عێراق لە دوای 2003 ئەوەیان دەرخست کە چۆن نەبوونی متمانە لە نێوان دراوسێکان ڕێگەی بۆ جەنگێکی ناوخۆی خوێناوی کە خەریک بوو تەواوی ناوچەکە بۆ ناو ململانێی وێرانکەری تیرەگەری ڕابکێشێت، خۆشکرد. سەرەڕای هەوڵەکان بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتەوایی نیشتمانی و سەروەری یاسا، عێراق بەهۆی دەستوەردان و پشتیوانیی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ کوتلە چەکدارەکان بە ناسەقامگیری ماوەتەوە. گروپەکانی سەر بە ئێران بەهێزتر بوون، توانای دەستڕاگەیشتنیان بۆ سوریا، لوبنان و یەمەن درێژدەکەنەوە، وە لە کۆتاییدا هەڕەشە لە ئاشتیی مەدەنی، ئاسایشی ناوچەکە و ئابووری جیهانی دەکەن.

سەرەڕای دژایەتیی ناوخۆیی بۆ بوونیان، میلیشیا تیرۆریستییەکان هەوڵی گەشەپێدانی هێز و هەژموونیان دەدەن، لە هەوڵی بەدەستخستنی چەکی پێشکەوتوودان کە هەڕەشە لە وڵاتانی سەرانسەری ناوچەکە و جیهان دەکات. تا ڕادەیەکی زۆر بڵاوبوونەوەی ئەم میلیشیایانە لەڕێگەی پشتیوانیی دەوڵەتانی نیاز خراپەوە بەڕێوەدەبرێت، کە ئەو بارودۆخە ئابوورییە سەختە دەقۆزنەوە کە بەرۆکی وڵاتانی بەئامانجگیراوی گرتووە.
ڕێککەوتنێکی ناوچەیی هاوشێوەی ڕێککەوتنی تائیف هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە. دەبێت ڕێککەوتنێکی لەم شێوەیە کە لەسەر بنەمای نیازپاکی و متمانەی هاوبەش دامەزرابێت بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوە بۆ وێرانکاری و بەدیهێنانەوەی خۆشگوزەرانیی ناوچەیی، بەشداری بە هەموو گەلانی ناوچەکە بکات.
گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بارگرانییەکی قورس لەسەر وڵاتانی سەرپەرشتیان دروست دەکەن. داهاتی بەرفراوانی نەوت بۆ پشتیوانیکردنیان بەفیڕۆ دەچێت وەک لە باشترکردنی بارودۆخی ژیانی هاووڵاتیانی ئاسایی ئێران. لە عێراق، قاچاخچێتیی نەوت لەلایەن کوتلە چەکدارەکانەوە دەگاتە ئاستی دزینی بژێوی ژیانی ئەو هاوڵاتییە عێراقیانەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، لەکاتێکدا سەرکردە جەنگییەکان لە سەروەت و سامانی لە ڕادەبەدەر نووقم بوون.
دەبێت ئێران بە جددی بیر لە دۆخی ناجێگیری خۆی بکاتەوە و دەستی ئاشتی بۆ دەوڵەتانی کەنداو درێژ بکات. بە یەکگرتوویی، ناوچەکە دەتوانێت لە خۆڵەمێشی جەنگی بێهودە ڕزگاری بێت، هەروەک چۆن ئەوروپا ئەنجامی دا.
