جەنگی نەوەی پێنجەم لە نێوان هەرە ئاڵۆزترینەکانە، لەبەرئەوەی بەکارهێنانی هاوکاتی هەڕەشەی نانەریتی و نەریتی لەخۆدەگرێت. کاتێک لەلایەن دەستدرێژکارێکەوە بەکاردەهێنرێت، ئەوا توانا و سەرچاوەکانی وڵاتی بەئامانجکراو بە ئامانجی لاوازکردنی بەرگری و بڵاوکردنەوەی سەرلێشێوادن فرەچەشن دەکات.
ناتوانرێت لەلایەن یەک وڵاتەوە، بەبێ گوێدانە توانای شەڕکردن و یەدەگە ستراتیژییەکانی، بەرپەرچی ئەم جۆرە هێرشە بدرێتەوە. مەشقی هەڵۆی دڕندەی 6، کە لە مانگی تشرینی دووەمی 2025 لەلایەن قەتەڕەوە میوانداری کرا، سوودەکانی مەشقکردنی وڵاتان وەک هاوبەشی یەکتر بۆ بەهێزکردنی خۆیان لە دژی ئەم جۆرە دەستدرێژییە نیشان دا.
هەڵۆی دڕندە لە ڕێگەی دامەزراندنی ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشەوە، هێزە چەکدارەکانی قەتەڕ و هاوتاکانیان لە ئەمریکا، بەڕیتانیا، تورکیا، ئیتاڵیا و فەڕەنساوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە فرە ڕەهەندەکان کۆکردەوە. زیاتر لە 1,400 کارمەندی هێزی ئاسمانی، زەمینی و دەریایی بەشدارییان لە مەشقەکەدا کرد.
سیناریۆکانی مەشقکردن بە بەزاندنی سنوور لەلایەن وڵاتێکی دوژمنکارەوە بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی خاکی دەوڵەتێکی دراوسێ کە خاوەنی سەرچاوەی سروشتی زۆربوو دەستی پێکرد. وڵاتی دەستدرێژیکار هەڵمەتێکی ڕاگەیاندنی بەرفراوانی دەستپێکرد، لەسەر تەلەفزیۆن، ڕادیۆ و تۆڕی کۆمەڵایەتی، بە ناڕاست خاوەندارێتیی مێژوویی خۆی بۆ خاکی دراوسێکەی دووپاتکردەوە.
وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە، دەستوەردانیان کرد. لەگەڵ ئەوەشدا، دەستدرێژکارەکە ئەو وەڵامەی وەک نیشانەیەکی لاوازی لێکدەدایەوە و پەرەی بە ململانێکە دا. پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی پچڕاند، هەڕەشەی داگیرکراریی کرد و سەربازەکانی لەسەر سنوور بڵاوەپێکرد.
لە بەرامبەر ئەم هەڕەشە هەنووکەییەدا، فەرماندەیی باڵای هێزە سەربازییەکانی بەرەی بەرامبەر بۆ بەرگریکردن لە سەروەری وڵات و بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەک هاوپەیمانییەکی پێکهێنا.

عەمید ڕوکنی هێزە چەکدارەکانی قەتەڕ خەلیفە ئەلعەماری، بەڕێوەبەری مەشقەکە، هەڵۆی دڕندەی بە ئاسۆیەک بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕییە ئاسایشییە ئەگەرییەکان لە کەرتی سەربازی و مەدەنی، هاوکات ناردنی پەیامی ڕێگریکردن بۆ دەستدرێژکارانی داهاتوو، پێناسەکرد.
”هەموو وڵاتان لەژێر ڕۆشنایی هەڕەشە ئاسایشییەکان، مەشق بۆ بەرزکردنەوەی ئامادەیی شەڕ ئەنجام دەدەن. بێگومان، ڕەنگە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاکە ناوچە بێت لە جیهاندا کە جگە لە جەنگی بەکرێگیراو، بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لەم چەشنە قەیرانی بەردەوام و چەندین ئاڵنگاریی جیۆپۆلەتیکی، جیۆئابووری و سەربازیی بەخۆیەوە بینیبێت،” عەمید ڕوکن ئەلعەماری ڕایگەیاند.
”لە ڕێگەی ئەم مەشقەوە، ئێمە بۆ دڵنیاکردنەوەی دۆستەکانمان و ئاگادارکردنەوەی دوژمنانمان لە تواناکانمان و هاوپەیمانەکانمان پەیام دەنێرین.”
ئامادەبووانی مەشقی فرەنەتەوەیی لە هەڵۆی دڕندە هێزەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو لەشکرکێشییە خەیاڵییە یەکخست. کاتێک مانگە دەستکردەکان و فڕۆکە هەواڵگرییەکانی وڵاتی دەستدرێژکاریان نیشان دا هێزە زەمینی و دەریاییەکان کۆدەکاتەوە، هاوپەیمانان بۆ بەرگریکردن لە سەروەری وڵاتەکەی تر سێ ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان بۆ پێکهاتە زەمینی، ئاسمانی و دەریاییەکان دامەزراند.
بۆ زیاتر ئاڵۆزکردنی سەختییەکان بۆ هێزەکانی بەرگری، وڵاتی هێرشبەر خۆی بە هێرشە نەریتییەکان سنووردار نەکرد. ئەو شانە تیرۆریستییە خەوتووانەی خەڵکی مەدەنییان دەڕفاند و ڤیدیۆی بارمتەکانیان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بڵاودەکردەوە، چالاک کرد. تەقەمەنی لەسەر ڕێگاکان چاند، هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر تۆڕی کۆمپیوتەری سەربازی و حکومی دەستپێکرد و ئاسمانی بە درۆنی بچووک داپۆشی. ڕاپۆرتی هەواڵی مەترسیداری بە ئامانجی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو دانیشتوانی مەدەنی و لاوازکردنی هێزەکانی ئاسایش بڵاوکردەوە.
هێرشە ئەلیکترۆنییەکان کە بەندەرەکان، فڕۆکەخانەکان، کۆمپانیاکانی گواستنەوە و دامەزراوە ئاسایشییەکان دەکەنە ئامانج، خاوەنی هەمان تایبەتمەندین. کاتێک تیمەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بەدواداچوونیان بۆ هێڵەکانی هێرشکردن کرد و ناسنامەی تاوانبارانیان دەستنیشان کرد، ئەوە ڕوونبووەوە کە هێرشەکە لە ناوخۆی وڵاتی هێرشبەرەوە دەستی پێکردووە. کارمەندانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە دژی هێرشی زیاتر تۆڕەکانیان بەهێز کرد.

عەریفی تەکنیکار نیکۆلاس مۆنتۆنێلێ/هێزی ئاسمانیی ئەمریکا
لە بەرەبەیانی ڕۆژی نۆیەمدا، قەیرانەکە پەرەی سەند. هەستەوەر و ڕادارەکان ئەوەیان دەرخست کە دوژمن هێرشێکی مووشەکی بالیستیی بە ئاڕاستەی بەندەری سەرەکی و کۆگاکانی دابینکاریی وڵاتی بەرگریکار ئەنجام دەدات. ڕێگری لە هەندێک مووشەک کرا، بەڵام ئەوانی تر بوونە هۆی زیانگەیاندن. یەکەکانی فریاگوزاریی سەرەتایی خێرا بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان و گواستنەوەی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکان دەستبەجێ کەوتنە کار.
لە ئەنجامی هێرشە زەمینی و تۆپبارانەکانی نزیک سنوور، شەپۆلێکی هاوڵاتییانی ئاوارەبوو ناوچە سنوورییەکانی گرتەوە. مانگی سووری قەتەڕ، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوەکانی دەوڵەت دەستبەجێ بە دروستکردنی کەمپ و دانانی لیژنە بۆ سەرپەرشتیکردنی بەڕێوەبردنیان، کاریان بۆ دۆزینەوەی پەناگە بۆ هاوڵاتییانی ئاوارەبوو کرد.
هێزە هاوبەشەکان توانیان هێرشی دوژمن ڕابگرن و بۆ دەرکردنی ئەو هێزە دوژمنکارانەی توانیبوویان لە ناوچەی سنوورییەکاندا خۆیان جێگیر بکەن، پلانێکیان ئامادە کرد. هێزە هاوبەشەکانی تورکیا، ئیتاڵیا و ئەمریکا بەشدارییان لە هێرشەکەدا کرد، گوێزەرەوەکانی دوژمنیان تێکشکاند و دوژمنیان ناچارکرد بگەڕێتەوە سەر خاکی خۆی.
یەکەیەکی گەڕۆکی پڕکەرەوەی سووتەمەنیی ئاسمانیی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە میانی فڕیندا زیاتر لە 83,900 کیلۆگرام سووتەمەنیی بۆ 35 فڕۆکەی جەنگیی هێزە ئاسمانییەکانی میریی قەتەڕ، تورکیا و ئەمریکا دابینکرد. ئەمریکا فڕۆکەی بۆمبهاوێژی B-52 لە بنکەکانی ئەمریکای باکوورەوە ڕەوانە کرد، کە بەبێ وەستان بەرەو شانۆی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ تەواوکردنی ئەرکەکەیان فڕیین. ئەوان لە ئاسمانی سەر ناوچەی کەنداودا سووتەمەنییان وەرگرت و لەلایەن فڕۆکەی جەنگیی ڕافالێی هێزی ئاسمانیی قەتەڕ و فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی F-16ـەوە یاوەری کران.
کەشتییە دەریاییەکانی ئەمریکا وەک کەشتیی تێسلای ئەمریکی، کەشتیی وەڵامدانەوەی خێرای سەتفنی جونیەری پاسەوانی کەناراوەکان و فڕۆکەیەکی پاسەوانیی دەریایی P-8 Poseidon، لەگەڵ بەشداربوونی کەشتییەکانی وڵاتانی هاوبەش، کەنداوی عەرەبییان کۆنترۆڵ کرد.
تورکیا، 200 کارمەند، شەش فڕۆکەی جەنگیی F-16، دوو بەلەمی پاسەوانیی دەریایی، فەوجێکی زرێپۆش و یەکەیەکی تۆپهاوێژی بۆ هەڵۆی دڕندە دابینکرد، عەمید ڕوکن کاتین کایا، جێگری فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی قەتەڕ و تورکیا ئاماژەی بەوەدا.
”سیناریۆکە هەر لە سەرەتاوە بە باشی ئامادەکرابوو و پلانی بۆ دانرابوو، وە بە ئاستێکی پیشەیی بەرەزەوە بەڕێوەبرا،” عەمید ڕوکن کایا ڕایگەیاند. “تورکیا و قەتەڕ پەیوەندی مێژوویییان هەیە، وە ئێمە هەمیشە پێکەوە دەوەستین. پەیوەندیمان لەگەڵ قەتەڕ بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.”

عەقید ستیڤ بێڵی هێزی ئاسمانیی شاهانە، ئەفسەری باڵای بەریتانیا لە مەشقەکە، بۆ هاوشێوەکردنی هەڕەشەکانی جیهانی ڕاستەقینە ستایشی هەڵۆی دڕندەی کرد. بە تایبەتی ئاماژەی بە هێرشی مووشەکی بالیستی و دڕۆن کرد.
”بەڕیتانیا مێژوویەکی درێژی لە ناوچەکەدا هەیە، وە قەتەڕ هاوبەشێکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە. لە ڕووی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانمانەوە، بەڕیتانیا بە شێوەی پلەبەندی پۆلێنی وڵاتان دەکات. ئەوە ڕوونە کە بۆ نموونە ئەمریکا، هاوبەشی پلە یەکە. بە هەمان شێوە قەتەڕ بە هاوبەشێکی پلە یەک دادەنرێت، ئەمەش گرنگییە ستراتیژییەکەی دەردەخات،” عەقید بێڵ ڕایگەیاند.
فەرماندەکانی ئەمریکا بۆ برەودان بە سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەهێزکردنی بنەماکانی ئاشتی و هەماهەنگی، جەخت لەسەر پێویستیی ئەنجامدانی مەشقی هاوشێوەی هەڵۆی دڕندە دەکەنەوە.
”مەشقی هەڵۆی دڕندەی 6 سەبارەت بە توانا سەربازییەکانمان بۆ ئەوەی وەک هێزێکی تێکشکێنەر دژ بە هەر مەترسییەک مامەڵە بکەین، پەیامێکی ڕوون دەنێرێت،” ئەفسەری کاروباری گشتیی فەرماندەیی ناوەندی هێزی دەریایی ئەمریکا جۆ هۆنتز ئاماژەی پێ دا.
”فەرماندە و ئەفسەرانی دەستەمان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی هاوبەشی شەڕکردن و بنیاتنانی هاوبەشیی فرەڕەهەندی بەهێز لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاخۆ چ ئاسمانی، چ زەمینی یاخود دەریایی بێت، مەشقی گرنگیان لەسەر لایەنە گرنگەکانی پلاندانان، بەڕێوەبردن و بەکارهێنانی سیستەمی فەرماندان و بەڕێوەبردنی یەکخراو بۆ ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە کاریگەرەکان وەرگرت.”
لە پەراوێزی مەشقەکەدا، فەرماندە باڵاکانی وڵاتانی بەشداربوو دیدارێکیان سازکرد کە دیدێکی فراوانتری بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئاسایشییەکانی ناوچەکە خستەڕوو. لە نێوان ئامادەبوواندا جێگری فەریق کورت ڕێنشاو، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا و هێزە دەریاییە یەکخراوەکان ئامادەبوو.
هێزە چەکدارەکانی قەتەڕ لە هاوبەشییە فرەنەتەوەییەکانیان سوودمەند بوون. لە بنکەی ئاسمانیی ئەلعودەید میوانداری ناوەندی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا دەکات. بە هەمان شێوە قەتەڕ ئەفسەرەکان بۆ کۆلێژی سەربازی و دەستەی ئەرکان لە ئەوروپا، ئەمریکا و وڵاتانی تر ڕەوانە دەکات. ڕەنگە گرنگترین ئەزموونەکان ئەو ئەزموونانە بن کە فەرماندەکان لە ژینگەکانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشدا لەگەڵ هێزە دۆستانەکان بەدەستی دەهێنن. سەرەڕای زمان و کلتووری سەربازیی جیاواز، ئەم هێزە هاوبەشانە وەک تیمێکی شەڕکەر یەکدەگرن.
”ئێمە ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینمان هە بۆ فەرماندەیی ناوەندی و وڵاتانی ناتۆ کە لە مانۆڕەکەدا بەشداری دەکەن،” عەمید ڕوکن ئەلعەماری ئاماژەی پێدا. “لەگەڵ ئاڵنگارییەکانی ناوچەکەمان و درێژیی و ئاڵۆزی هێڵەکانی دابینکردن، شێوازی وەڵامدانەوەی زۆر خێرای هێزەکانمان لە مەشقەکەدا دەستکەوتێکی گەورەیە.”
