پەلێک لە سەربازانی پیادە بەسەر قەراخی گردێکی لێژ و بەردیندا بڵاوبدەبنەوە، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هێزەکانی دوژمن لە ئەرکی چۆڵکردنی ئەو هاووڵاتییە مەدەنیانەی بەهۆی مینی چێندراوەوە برینداربوون دەستێوەردان ناکەن، بە وریاییەوە بە ناو دار سنەوبەرەکانی شاخەکەدا دەجوڵێن.
دوای خێرا سەقامگیرکردنی برینە جەستەییەکانی برینداران، پزیشکانی پەلە سەربازییەکە چارەسەری ترس و دڵەڕاوکێی نێوان هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەن، لەنێویاندا پیاوێک کە بە بینینی قاچی بڕاوەی هاوڕێیەکی تووشی هیستریا بووە، لەکاتێکدا قەرەوێڵەکانی گواستنەوە بەسەر زەوییە هەوراز و نشێوەکان هەڵدەگرن.
ئەم سەربازانە وەک بەشێک لە ڕاهێنانی مەیدانی لە هەماهەنگیی ناوچەیی 2026 (RC26)، لە سیناریۆیەکی مەشقدا بەشدارییان دەکرد. پەلە سەربازییەکە لە میانی پاسەوانیی سەقامگیرکردندا لە کێڵگەیەکی مین لە ناوچەی جێناکۆکی وڵاتێکی بچووکی خەیاڵیدا بەرکەوتەی لەگەڵ هاوڵاتیانی مەدەنیدا بۆ دروستبوو. بەرلەوەی بگەنە هاوڵاتیانی مەدەنیی بریندار، یەکە پاسەوانییەکە سیستەمی ئاسمانیی بێ کارمەند (UAS)ـی دوژمن و هەڕەشەیەکی چەکی کیمیایی لەناوبرد.
هەماهەنگیی ناوچەیی بریتییە لە یەکەم مەشقی فرەنەتەوەیی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا کە بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی هاوبەش لە ئاسیای ناوەڕاست و باشووری ئاسیا داڕێژراوە. مەشقەکە لە چوارچێوەی سیناریۆیەکی مەشقی باودا، مەشقێکی دوای فەرمان (CPX)، مەشقێکی ڕاهێنانی مەیدانی (FTX) و مەشقێکی ئەلیکترۆنی (CSX) یەکدەخات. هەماهەنگیی ناوچەیی 2026 (RC26)، کە لە 1 بۆ 12ـی مانگی حوزەیران بەڕێوەچوو، لەلایەن پاسەوانی نیشتمانیی مۆنتانا لە فۆرت ویلیام هێنری هاریسۆن میوانداری کرا، وە ساڵیادی 30 ساڵەی مانۆڕەکەی کرد.
هەماهەنگیی ناوچەیی باشترکردنی توانای وڵاتانی هاوبەش بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی سەقامگیریی وەک هاوپەیمانییەکی فرەنەتەوەیی لە ئەرکەکاندا کە ئاشتیپارێزیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەخۆدەگرێت، دەکاتە ئامانج.

هەماهەنگیی ناوچەیی بەردەوامیی هەبووە چونکە ڕاهێنانەکانی بە بەردەوامی خۆیان لەگەڵ هەڕەشەکانی جیهانی ڕاستەقینەدا دەگونجێنن، موقەدەم ڕاندال فیلیپس، پلاندانەری سەرەکیی مەشقەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا بۆ هەماهەنگیی ناوچەیی 2026 (RC26) ئاماژەی پێدا. بۆ نموونە کاتێک نەیاران سیستەمی ئاسمانیی بێ کارمەند (UAS) و هێرشی ئەلیکترۆنییان گرتەبەر، سیناریۆکانی هەماهەنگیی ناوچەییش بە هەمان شێوە.
«ئەم مەشقە بە درێژایی سێ دەیە لە گۆڕینی فەرماندەکان، گۆڕینی لەپێشینەیی و ئاڵنگاریی ئاسایشی پەرەسەندوو، هێشتا بایەخی خۆی پاراستووە.» موقەدەم ڕاندال فیلیپس ئاماژەی پێدا.
سەربازان و فڕۆکەوانانی ئەمریکا لە چەندین فەرماندەیی شەڕکەر و هەشت پاسەوانی نیشتمانیی ویلایەتەکان زیاتر لە لایەن 320 سەربازی وڵاتانی هاوبەش لە کۆماری قڕغستان، پاکستان، تاجاکستان، ئۆزبەکستان، ئەرمینیا، جۆرجیا و مەنگۆلیاوە بەشداریان لەگەڵدا کرا. ئەمە یەکەمجار بوو کە ئەرمینیا و جۆرجیا بەشدارییان لە هەماهەنگیی ناوچەییدا کرد، بەمەش بازنەی مەشقەکە بۆ لەخۆگرتنی هاوبەشەکانی ناوچەی قەوقاز فراوانتر بوو.
مەشقەکە لە ساڵی 1996ـەوەپەرەی سەندووە، بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا بەگشتی لە مەشقی دوای فەرمانەوە بۆ ژینگەیەکی ڕاهێنانی دینامیکی و یەکخراو گەشەی کردووە.
بە هەمان شێوە هەماهەنگیی ناوچەیی 26 (RC26) تەکنەلۆژیای نوێی بەکارهێنا: یەکەمیین تاقیکردنەوەی جێگیرکردنی سیستەمی وردبینی خستنەخوارەوەی ئاسمانیی هاوبەشی مەودا دوور (LR-JPADS) لە ژینگەیەکی ڕاهێناندا و، لە مەشقی ئەلیکترۆنی (CSX)، یەکەم بەکارهێنانی سەکۆی ڕاهێنانی ژیریی دەستکرد (AI) لە مەشقەکەدا.
LR-JPADS سیستەمێکی جی پی ئێس ئاڕاستەدار، خۆکار، خاوەن توانای مانەوە و دووبارە بەکارهێنەرەوەیە کە بۆ بەوردی خستنە خوارەوەی ئاسمانیی یەکەکانی بار بۆ ناو زەوییە جێناکۆکەکان داڕێژراوە. سیستەمی بێ کارمەند دەتوانێت بارێکی 320 کیلۆگرامی هەتا 400 کیلۆمەتر هەڵبگرێت، یاخود مەودایەکی دوورتر بە بارێکی سووکتر، ئەمەش بواری پێدەدات دابینکاری بۆ هێزە دابڕاوەکانی وەک تیمەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت و هەواڵگری ئەنجام بدات، هاوکات بەرکەوتنی فڕۆکە و تیمە ئاسمانییەکان کەمدەکاتەوە.

مەشقی دوای فەرمان (CPX)
بەشداربووان لە مەشقی دوای فەرمان (CPX) وەک دەستەی بارەگای سەربازی بۆ پلاندانان، هاوکاتکردن و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە خەیاڵییەکانی شەڕی سەربازی و سەقامگیرکردن لەسەر بنەمای سیناریۆی ڕاستەقینە کە لەلایەن پلانداڕێژەرانی مەشقەکانەوە داڕێژرابوو، خزمەتیان کرد. ئەفسەرانی ڕاسپێدراو و ئەفسەرانی ناڕاسپێردراو بە پشتبەستن بە پسپۆڕییە سەربازییەکان، لەوانە هەواڵگری، ئۆپەراسیۆن، لۆژیستی، پلاندانان، ئۆپەراسیۆنی زانیاری، کاروباری مەدەنی و هێزە تایبەتەکان لە بەشە فرەنەتەوەییەکاندا دامەزرێنران.
دەستەکە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی مەشقی دوای فەرمان (CPX)، بەسەر بەربەستە زمانەوانی و کلتوورییەکاندا زاڵ بوو.
«ئەم مەشقە دەرفەتێک بۆ تێگەیشتن لە شێوازی کارکردن و کلتوورەکانی یەکتر دەڕەخسێنێت، بە هەمان شێوە سەکۆیەک بۆ فێربوون لە ئەزموون و باشترین مەشقە کردارییەکانی یەکتر دەڕەخسێنێت.» عەقید شاهید حوسێن، نوێنەری باڵای پاکستان ڕایگەیاند.
عەقید حوسێن سەربازێکی دێرینی خاوەن 26 ساڵ خزمەتە لە دەزگا چەکدارییەکانی وڵاتەکەی کە پێشتر لە ئەرکێکی ئاشتیپارێزیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە لیبێریا خزمەتێکی زۆری کردووە.
«ببینینی ئەوەی کە سەربازان لە سەرانسەری جیهاندا هاوبەشیی زیاتریان هەیە وەک لە جیاوازی لە ئەنجامدانی کرداری، پابەندبوون و کولتوورە ئۆپەراسیۆنییەکاندا، شتێکی سەرنجڕاکێشە.» عەقیدی ناوبراو ئاماژەی پێدا. «هەموومان خوێندکاری مێژووی سەربازیین و ئەوەش خاڵی هاوبەشمانە.»
عەقید ئاکیبێک ئەحمەدشاریپۆڤ، فەرماندەی مەشقی دوای فەرمان (CPX) و نوێنەری باڵای کۆماری قڕغستان، هاوڕا بوونی خۆی دەربڕی.
«زۆر سوپاسگوزارم بۆ ئەو دەرفەتەی بۆ بەشداریکردن لەم مانۆڕەدا بە شاندەکەمان بەخشراوە.» ناوبراو ئاماژەی پێدا. «ئێمە لە وەرگرتنی ئەم ئەزموون و زانیارییە بەنرخە سوودممەندبووین.»
فەرماندە عەریف ڕوک باتولگا باتاری مەنگۆلیا، ئەفسەری ناڕاسپێردراو لە هەماهەنگیی ناوچەیی 26 (RC26) و سەربازێکی دێرین لە نوێنەرایەتییەکانی ئاشتیپارێزی لە ئەفریقا و شەڕکردن لە ئەفغانستان، پێزانینی خۆی بۆ بەشداریکردنی ئەفسەرانی ناڕاسپێردراو و خزمەتگەیاندن بە ڕێکارەکان دەربڕی.
«بەشی دڵخوازی من لەم مەشقەدا بریتییە لە بەشداریکردنی ئەفسەرانی ناڕاسپێدراو لە ژینگەی هاوبەشدا، بینینی ئەفسەرانی ناڕاسپێدراومان لە هەنگاونان بۆ پێشەوە، هاوبەشپێکردنی شارەزاییەکانیان و بەشداریکردنی چالاکانە لە ڕێکاریی پلاندانان بەڕاستی ناوازە بوو.» «ئەمە بۆ گەشەکردن و باشترکردنی تواناکانی سەرکردایەتیکردنیان یارمەتییان دەدات.»
موقەدەم جۆرج گۆگیادزێ، نوێنەری باڵای جۆرجیا، پلاندانەرێکی باڵایە لە ناوەندی هەڵسەنگاندنی مەشقی هاوبەشی جۆرجیا و ناتۆ لە وڵاتەکەی خۆی، کە لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا میوانداریی مەشقە هاوبەشەکانی ڕۆحی چالاک و هاوبەشی باڵای کردووە.
بۆ ماوەی 15 ساڵە ناوبراو پلانداڕێژەری مەشقە، وە بە پشتبەستن بە ئەزموونی بەرفراوان، موقەدەم گۆگنادزێ و تەواوی شاندی جۆرجیا وەک جڵەوکەری مەشق و چاودێر خزمەتیان کردووە، نەک وە بەشداربوو. جۆرجیا خواستی خۆی بۆ میوانداریکردنی گەرێکی داهاتووی هەماهەنگیی ناوچەیی دەربڕیوە.
تایبەتمەندییەکی سەرەکی هەماهەنگیی ناوچەیی، بە وتەی موقەدەم گۆگیادزێ، ئەوەیە کە شێوازگەریی پلاندانانی ناتۆ و ئەمریکا بە هاوبەشەکانی ئاسیای ناوەڕاست دەناسێنێت، پرۆسەیەکە لە خوارەوە بۆ سەرەوە کە هەتا ئێستاش پێی ئاشنا نین، چونکە ئەوان پڕۆسەی لە سەرەوە بۆ خوارەوە کە لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەتەوە بۆیان ماوەتەوە، بەکاردەهێنن.
«بە دڵنیاییەوە ئەم مەشقە بۆ جۆرجیاش سوودبەخش دەبێت،» ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا. «ئەم ژینگە فرەنەتەوەییە بۆ جۆرجیا و بۆ وڵاتانی تر گرنگە.»

مەشقی ڕاهێنانی مەیدانی (FTX)
بە درێژایی ساڵان، مەشقی ڕاهێنانی مەیدانی (FTX) فراوانتر بووە و لە نزیکەوە لەگەڵ مەشقی دوای فەرمان (CPX) ئاوێتەکراوە. لە مۆنتانا، بەشداربووان بە لە چالاکیی لوتکە، نزیکەی دوو هەفتە ڕاهێنانیان ئەنجامدا. هەفتەی یەکەم پێکهاتبوو لە خولی بەربەست، جوڵەکردنی زەمینی، شەڕی دەستە و یەخە و مەشقی چەک. بە هەمان شێوە دەرفەتێکی باشی بۆ سەربازە فرەنەتەوەییەکان ڕەخساند تا یەکتر بناسن.
عەریف نیکۆڵاس هیڵ لە پاسەوانی نیشتمانی سوپای ئۆکلاهۆما سەرسامی خۆی دەربڕی بەوەی کە سەبازانی وڵاتانی هاوبەش بەهۆی ئاستی بەرزی جەستەیی، پیشەیی و پاڵنەرەکانیانەوە چەندە باش پێکەوە کاریان کردووە.
«هەموویان خاوەنی ڕۆحی کێبڕکێن و بەو پەڕی توانایانەوە شانازی بە نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکانیانەوە دەکەن.» ناوبراو ئاماژەی پێدا. «ئەوان بەجەرگن، بەڕاستی بەجەرگن.»
هەفتەی دووەمی مەشقی ڕاهێنانی مەیدانی (FTX) تیشکی خستە سەر کارپێکردن و بەرپەرچدانەوەی سیستەمی ئاسمانیی بێ کارمەند (UAS)، بەکارهێنانی هێلیکۆپتەر و چۆڵکردنی قوربانیانی سەنگەرە خەیاڵییەکان بۆ ئامادەکاری بۆ چالاکییەکی لوتکەیی کە تێیدا مەشقەکان ئاوێتەدەکرێن. ڕۆحی ئەمریکا، ڕێکخراوێکی قازانج نەویستی ئاسایشی نیشتمانی، کە لە ڕێگەی کەرتی تایبەت پشتیوانیی دارایی دەکرێت و لە نزیکەوە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی جەنگی ئەمریکا کاردەکات، ئەو دەستە ئامرازە پزیشکییە سوورە گەشاوەی لە مەشقەکاندا بەکارهێنران، کە سەربازانی وڵاتانی هاوبەش توانیان بۆ خۆیان بیهێڵنەوە، بەخشی.
لە ئەنجامی ڕاهێنان و ئاشنابوونی چڕ، هێزی هاوبەشی مەشقی ڕاهێنانی مەیدانی (FTX) لە چاکاییە لوتکەییدا بە شێوەیەکی کارا مانۆڕیان ئەنجامدا و پەیوەندییان بەست. بە هەمان شێوە ڕۆژی کۆتایی مەشقی ڕاهێنانی مەیدانی (FTX)، جێگیرکردنی پەرەشوت لە ئاسمانەوە و خۆهەڵدانی تاقیکاریی LR-JPADS لەخۆگرتبوو.

عەریف ئەنتۆنی ئاکاهمێنسا/پاسەوانی نیشتمانیی ئۆکڵاهۆما
مەشقی ئەلیکترۆنی (CSX)
پێکهاتەی ئەلیکترۆنی مەشقەکە کە لە سێهەمین ساڵی خۆیدا بوو، بەڵام لەگەڵ هێنانەکایەی سەکۆیەکی نوێی ڕاهێنانی ژیریی دەستکرد (AI)، چڕی و مەوداکەی بەرزببووەوە.
هەرچەندە تاڕادەیەک نوێیە بۆ هەماهەنگیی ناوچەیی، بەڵام بەهۆی ئەو هەڕەشە ئاسایشییانەی لە فەزای ئەلیکترۆنیەوە سەرچاوە دەگرن، مەشقی ئەلیکترۆنی (CSX) وەک لایەنێکی ئێجگار گرنگ سەیر دەکرێت.
«ئاسایشی ئەلیکترۆنی لایەنێکی بنەڕەتییە لە پێکهاتەی بەرگریکردنمان،» سەرۆک ئەفسەرانی پلە 3ـی سوپای ئەمریکا ئامبەر هۆرن، بەرپرسی مەشقی ئەلیکترۆنی (CSX)ـی هەماهەنگیی ناوچەیی 26 (RC26) ڕایگەیاند. «لە مەیدانەکانی شەڕی ئێمەدا کە تادێت بەیەکەوە گرێدراون و فرە تەور دەبن، ئاسایشی ئەلیکترۆنی بەهێز بە تەنها پرسێکی زانیاریی تەکنەلۆژی (IT) نییە. بەڵکو ئەرکێکی زۆر پێویستە.»
مەشقی ئەلیکترۆنی (CSX) بە چوار ڕۆژ فێرکاری ناو پۆل دەستی پێکرد بۆ نوێکردنەوەی کارامەییە سەرەتاییەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی، لەوانەش بەکارهێنانی سەکۆی نوێی ڕاهێنانی ژیریی دەستکرد (AI) کە خێرایی ناسینەوەی هەڕەشە ئەلیکترۆنیەکان زۆر زیاد دەکات.
«گرنگە لە ڕەوتە تەکنەلۆژییەکان دوانەکەوین،» عەقید ئارسەر پۆگیۆسیانی ئەرمەنی، بەشداربوویەکی هەماهەنگیی ناوچەیی (RC) سەبارەت بە ژیریی دەستکرد (AI) ڕایگەیاند.
لە میانی هەفتەی دووەمدا، جەنگاوەرانی ئەلیکترۆنی بۆ بەرگریکردن لە سیستەمە کۆمپیوتەرییەکان، ڕێگریکردن لە دەستکاریکردنی تۆڕەکان و دەستنیشانکردنی نیشانەکانی سازشکردن و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان، ڕاهێنانەکانیان خستە بواری جێبەجێکردنەوە. لە سیناریۆکەدا، تیمەکان بەرپەرچی ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییانەیان دایەوە کە لەلایەن چوار گروپی پشتیوانیکراو لەلایەن دەوڵەتەوە ئەنجامدران و هەوڵیاندا ژێرخانی گرنگ پەکبخەن.
ڕوانیین بۆ ئایندە
لەگەڵ تەواوکردنی هەماهەنگیی ناوچەیی 2026 (RC26) لەلایەن سەربازە فرەنەتەوەییەکان و ئامادەکاری بۆ ڕۆشتن، بەهای هەماهەنگیی ناوچەیی دەرکەوت.
«ئەم مەشقە هەنگاوێکی گەورە بووە بە ئاڕاستەی بەردەوامیدان بە هاوبەشیمان، هەماهەنگیمان و دروستکردنی متمانە لە نێوان وڵاتەکانمان.» عەقید بۆبۆکالۆن شۆهزۆدای تاجاکستان ڕایگەیاند. «ئێمە ئەو زانیاریانەی لێرە وەرمانگرتووە و ئەو لێهاتووییانەی لێرە پەرەمان پێداون بۆ زیاتر پێشخستنی هەماهەنگییە ناوچەییەکانمان بەکاردەهێنین.»
عەمید ڕوکن ترێنت گیبسۆن، کارگێڕی گشتیی پاسەوانیی نیشتمانیی مۆنتانا، جەختی لەسەر بەهای بنەڕەتیی هەماهەنگیی ناوچەیی کردەوە.
«ئەم مەشقە جەخت لە هەرە گرنگترین بابەت دەکاتەوە، ئەویش پەیوەندییەکانە،» ناوبراو ڕایگەیاند. «ئامانجەکانی ڕاهێنانەکان بەدیهێنران، بەڵام لەوەش گرنگتر، هاوڕێیەتی گرنگ بنیات نرا.»
