پەرەسەندنی پشێوی لە زەریای هێمنەوە هەتا زەریای هیندی و ناوچەی کەنداوی عەرەبی کەرتی دەریایی لاوازکردووە. قەیرانی گەرووی هورمز، سەرنجی شارەزایانی ستراتیژی لە جۆرێک لە کوێربوونی دەریاییەوە، کە لەسەر حسابی ئاسایشی دەریایی گرنگییەکی زیاتری بە ئاسایشی زەمینی داوە، بۆ بەرژەوەندی و نیگەرانییەکی قوڵ لە کاروباری دەریایی گۆڕیوە.
پێویستە نەک تەنها وەک پرسێکی سەربازی بەڵکو بە هەمان شێوە لە ڕووی پەککەوتنی ئابووری و ئاسایشی مرۆییشەوە گرنگی بە ئاسایشی دەریایی بدرێت. بێگومان لە ڕووی ستراتیژییەوە، کەنداو، بە تایبەتی گەرووی هورمز نوێنەرایەتی یەکێک لە هەستیارترین ڕێڕەوە دەریاییەکانی جیهان دەکات. ڕێگایەکی گواستنەوەیە بۆ زیاتر لە چارەکێکی بازرگانیی جیهانیی نەوتی دەریایی، وە بۆ بەشێکی بەرچاو لە گازی سروشتیی شل، پەین و کاڵا سەرەکییەکانی جیهان وەکو هیلیۆم.
لە دوای ئەو ڕووداوانەی لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026 پەرەیان سەند، ژمارەی ئەو کەشتیانەی گەرووی هورمز تێدەپەڕێنن بە ڕێژەی %90 دابەزیووە. ئاسایی وەرگرتنی ئازادیی جوڵەکردن لە دەریادا کارێکی ئاسانە، بەڵام خۆشگوزەرانیی وڵاتان، ڕەوتی بازرگانیی جیهانی و گەشەی ئابووری جیهان هەموویان پشت بەو دەبەستن. ڕێگا دەریاییەکان زۆرینەی قەبارەی بازرگانیی نێودەوڵەتی دەگوازنەوە، بە ڕێژەیەک کە هیچ تۆڕێکی ڕێگاوبان، هێڵی ئاسن یاخود گواستنەوەی ئاسمانی هەرگیز نەتوانن جێگەی بگرنەوە. ئەم سیستەمە بەرهەمهێنەران بە بازاڕەکان دەگەیەنێت، لە نێوان کیشوەرەکاندا خۆراک و وزە دەگوازێتەوە و پشتیوانیی ژیانی ڕۆژانەی ملیارەها کەس دەکات.
سەرەڕای ئەوەش، ئەم سیستەمی گواستنەوەیە گەرەنتی نەکراوە. پەککەوتن لە هێڵە دەریاییە گرنگەکان دەتوانێت بە خێرایی کاریگەری لەسەر زنجیرەکانی دابینکاری، نرخ، وزە، ئاسایش و سەقامگیریی ئابووری لەدەروەی هەر ناوچەیەک دروست بکات. بۆیە پاراستنی ڕێگا دەریاییەکان تەنها پرسێکی بەرژەوەندیی نیشتمانی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشیی نێودەوڵەتییە.
قەتەڕ بە تەواوی لەو باوەڕەدایە کە بە تەنیا بە ڕێوشوێنی سەربازی ناتوانرێت ئاسایشی دەریایی بەدی بێت. ئەمە پێویستی بە ڕێبازێکی ستراتیژیی گشتگیر هەیە کە لەسەر سێ پایەی سەرەکی بنیاتنرابێت:

•یەکەم بریتییە لە گفتوگۆ و کەمکردنەوەی پەرەسەندن. بەبێ بەشداریکردنی دیپلۆماسی و کەناڵەکانی پەیوەندی لە نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئاسایشی ناوچەیی بەردەوام نابێت. لەم بابەتەدا قەتەڕ، بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکان، پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی نێوەندگیریی پاکستان، کە متمانەپێکراوترین و چالاکترین کەناڵی گفتوگۆ پێکدەهێنن، دووپات دەکاتەوە.
•پایەی دووەم بریتییە لە ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان. پێویستە بنەماکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر یاسای دەریایی (UNCLOS) وەک بناغەی حوکمڕانی دەریایی بمێننەوە. ئازادیی کەشتیوانی و پاراستنی کەشتیوانیی مەدەنی ئەو بنەما سەرەکییانەن کە پێویستە بە هاوبەشی بیانپارێزین. بۆیە قەتەڕ بە توندی بەکارهێنانی ڕێڕەوی ئاویی نێودەوڵەتی وەک ئامرازێکی فشاری سیاسی ڕەتدەکاتەوە. ئەگەر ڕێگە بە پێشینەیەکی لەم چەشنە بدەین، ئەوا ئەوەی لە گەرووی هورمزدا بینیومانە، دەکرێت لە ناوچەی زەریای هیندی و هێمن یاخود شوێنی تر ڕووبدات. ماددەی 44 لە ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر یاسای دەریایی (UNCLOS) بە ڕوونی دەڵێت کە نابێت دەوڵەتانی سەر سنووری گەرووەکان ڕێگری لە تێپەڕبوونی گواستنەوە بکەن.
• پایەی سێیەم بریتییە لە هەماهەنگیی نێودەوڵەتی و ناوچەیی. هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت بە تەنیا ئاسایشی ڕێگا دەریاییەکان مسۆگەر بکات. ئاڵۆزیی مەترسییە هاوچەرخەکان پێویستی بە هەماهەنگیی قووڵتری نێوان هاوبەشە ناوچەییەکان و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان هەیە. ناتوانرێت ڕێگە بدرێت دۆخی گەرووی هورمز دووبارە بێتەوە، وە قەتەڕ لەگەڵ هاوبەشەکانمان هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی بەردەوام بۆ ئەوەی ئەم ڕێڕەوی ئاوییە بە سەلامەتی و بە کراوەیی تەواو بمێنێتەوە.
ئاسایشی گەرووی هورمز و بەرفراوانیی کەنداوی عەرەبی ئاوێتەی ئاسایشی جیهانی بووە. ئەوەی لە ناوچە ئاوییەکانماندا ڕوودەدات کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی جیهان و زنجیرەکانی دابینکاری و خودی سەقامگیریی نێودەوڵەتی هەیە. لە ئێستادا ناوچەی کەنداو بریتییە لە خاڵی کاریگەری، بەڵام شەپۆلەکانی ڕاتەکاندن زۆر لەوە زیاتر درێژدەبنەوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر ئەو وڵاتانە دروست دەکات کە دوورن لە شانۆی سەربازیی ڕاستەقینە. پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی تەنها گرنگیی لەپێشینەی ناوچەیی نییە. بەڵکو بە هەمان شێوە پێویستییەکی ستراتیژیی نێودەوڵەتیشە.
ئەم بابەتە لە وتارێکەوە وەرگیراوە کە لە 30ـی مانگی ئایاری 2026 لە 23هەمین گفتوگۆی شانگریی لا دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان، لوتکەیەکی بەرگری و ئاسایش کە لە سەنگافورە بەڕێوەچوو، پێشکەشکرا.
