لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری لە شام، لوبنان لە مانگی کانوونی دووەمی 2026ـدا میوانداری سەرۆک وەزیرانی ئەردەن دکتۆر جەعفەر حەسەنی کرد.
لە میانی سەردانە دوو ڕۆژییەکەدا، حەسەن بەجیا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی لوبنان نەواف سەلام و سەرۆک کۆماری لوبنان جۆزێف عەون و سەرۆکی پەرلەمان نەبیح بێری کۆبووەوە.
دکتۆر حەسەن جەختی لەسەر گرنگیی پاراستنی پەیوەندیی بەهێزی نێوان هەردوو وڵات و هەماهەنگیی هەڵوێستەکان لەسەر پرسە گرنگە نێودەوڵەتییەکانی وەک پاراستنی ئاگربەستی غەززە، سەقامگیرکردنی سوریا و بەکارهێنانی دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییەکان کردەوە.
بە گوێرەی بەیاننامەیەکی نووسینگەی سەرۆک کۆماری لوبنان، کۆبوونەوەکە 21 ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵاتی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەم ڕێککەوتنانە کەرتەکانی وەک وزە، پەیوەندیی کارەبایی، پیشەسازی، وەبەرهێنان، گەشتیاری، گواستنەوە، و بازرگانییان گرتەوە. لە دیدارەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەردەن، سەرۆک عەون جەختی لە گرنگیی یەکڕیزیی عەرەب کردەوە، لەوانەش دروستکردنی بازاڕێکی هاوبەشی عەرەبی بۆ بەرەوپێشبردنی بازرگانی.
ڕۆژێک بەر لە گەیشتنی سەرۆک وەزیرانی ئەردەن، لیژنەی باڵای هاوبەشی لوبنان دوای 10 ساڵ وەستان دەستی بە کارەکانی کردەوە. ئامانجی لیژنەکە بەرزکردنەوەی هەماهەنگیی بازرگانی و ئابووری و تەکنیکی نێوان هەردوو وڵاتە.
”هیچ سنوورێکی ڕاستەوخۆ لە نێوانماندا نییە، بەڵام پردەکانی پەیوەندی، یەکخستن و هەمانگیی مێژوویی کولتووری و ئابووری لە سەر هەردوو ئاستی سیاسی و جەماوەریدا لە ئارادان.” سەرۆک وەزیران حەسەن ئاماژەی پێدا. ”ئێمە ئەم پردانە بەهێزتر دەکەین و پەیوەندییەکانمان بەرەوپێش دەبەین، قۆناغی داهاتووش هەماهەنگیی دامەزراوەیی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمەش سوودی بۆ هەردوو ئەردەن و لوبنان دەبێت.” سەرۆک وەزیرانی لوبنان سەلام هاوڕا بوو.
”ئەوەی ئەمڕۆ بەدەستمان هێناوە هەنگاوێکی زۆر گەورەیە، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە لە بەدواداچوون بۆ ئەوەی بەدەست هاتووە، بەردەوام بین،“ ناوبراو ئاماژەی پێدا. ”بنیاتنانی چوارچێوەیەکی کاری ڕوون و میکانیزمی کرداریی بەدواداچوون دابنێین بۆ مسۆگەرکردنی گواستنەوە لە ڕێککەوتنەوە بۆ جێبەجێکردن و لە مەبەستەوە بۆ ئەنجامەکان ئێجگار گرنگە.“
ئەردەن و لوبنان هاوبەشی بازرگانیی نەریتیین، بەڵام ڕێگاکانی گواستنەوە لە ڕێگەی سوریاوە بەهۆی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە کە بەم دواییە کۆتایی هات، پەکخرابوون.
سەرچاوەکان: ئەشرەق ئەلئەوسەت، alarabiya.net ،almamlakatv.com
