چین بە کۆکردنەوە و هاوبەشپێکردنی وێنەی مانگی دەستکرد لەگەڵ ئێران بۆ بەئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی لە ناوچەی ناوەڕاست و سامانی سەربازیی ئەمریکا لە کەنداوی عەرەبی تۆمەتبارکراوە.
پەکین ئەمە ڕەتدەکاتەوە، بەڵام بە وتەی شارەزایان کە لە هەواڵەکانی کەناڵی ئەلجەزیرە وەرگیراون ئاماژە بەوە دەکەن کە زیادبوونی وردیی بەئامانجگرتنی ئێران لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی لە 28ـی مانگی شوبات ئەوە نیشان دەدات کە بەشداریکردنی چینییەکان کاریگەریی چەکەکانی ئێرانی زیادکردووە. کەناڵە پەیوەندیدارەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی زانیاریی وردیان سەبارەت بە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا و کۆکردنەوەی فڕۆکەکان لە ئیسرائیل، قەتەڕ و سعودیە بڵاوکردووەتەوە، کە پێدەچێت هۆشیاریی دوژمنانی باشتر کردبێت.
وێنەکانی ناوچەکانی جێ ململانێی مانگی دەستکردی چین لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانیەیی پەرەی سەندووە، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە. ئەمەش بانگەشەی کۆمپانیای میزارڤیژن (MizarVision)ـی ژیریی دەستکردی چینی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێت، کە ژیریی دەستکردنی بۆ شیکردنەوەی داتای مانگی دەستکرد و بەدواداچوونی جوڵەی هێز و ئامێرەکانی ئەمریکا بەکارهێناوە.
سیاسەتمەدارانی ئەمریکی هۆشدارییاندا سەبارەت بەوەی کە ڕەنگە هێزەکانی ئێران لە چەندین سەرچاوەوە پشت بە داتای مانگی دەستکردی بازرگانی ببەستن، ڕۆژنامەکە ئاماژەی پێداوە. بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەکارهێنانی داتا بازرگانییەکان بواری ڕەتکردنەوەی بەرپرسیارێتی دابین دەکات.

سەرهەڵدانی وێنەی مانگی دەستکردی بازرگانی، بووە هۆی ئەوەی کە جۆرێک لە زانیاریی سەنگەرەکان بخاتە بەردەستی خەڵک کە پێشتر لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی سەربازی و هەواڵگریی وڵاتان زۆر پاریزراوبوو. لە مانگی نیساندا، لە دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە دەکرێت ئەمە ”باڵادەستی تاکتیکی“ بۆ نەیاران دابینبکات، تاقیگەی پلانێت لابس کە بنکەکەی لە کالیفۆرنیایە و لە بوارەکەدا پێشەنگە، دابینکردنی وێنەیی لە ناوچە جێ ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ خەڵک وەستاند. کۆمپانیاکانی مانگی دەستکردی چین لە ژێر هیچ سنووردارییەکی لەم جۆرە کار ناکەن.
جگە لەوەش، لیژنەی پێداچوونەوەی ئابووری و ئاسایشی ئەمریکا و چین، کە دەزگایەکی ڕاوێژکاریی کۆنگرێسی ئەمریکایە، لە مانگی ئازاردا ڕایگەیاندبوو کە ڕەنگە ئێران دەستڕاگەیشتنی بە سیستەمی جوڵەپێکردنی مانگی دەستکردی بێیدۆوی حزبی کۆمۆنیستی چینی بۆ ئاڕاستەکردنی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاربهێنێت. بێیدۆو بریتییە لە وەشانی چینیی هاوشێوەی جی پی ئێس (GPS)ـی ئەمریکی کاردەکات.
دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی هێرشی درۆن و مووشەکیی ئێرانیان بە پێشێلکردنی تووندی سەروەری خۆیان ناوبرد. بۆ هەماهەنگیی وەڵامدانەوە بۆ ئەم هێرشە چاوەڕوان نەکراوانە، سەرکردەکانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو لە 28ـی مانگی نیسان لە شاری جەددە، سعودیە، لوتکەیەکیان ئەنجامدا.
ئەوان ”جەختیان لەسەر گرنگی چڕکردنەوەی یەکخستنی سەربازی لە نێوان وڵاتانی ئەندام و خێراکردنی تەواوکردنی پڕۆژەی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە دژی موشەکی بالیستی کردەوە“، سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو (GCC) جاسم ئەلبەدەوی ڕایگەیاند.
هەتا مانگی ئابی 2024، کۆمپانیاکانی مانگی دەستکردی بازرگانیی چین بەشدارییان لە ئاڵوگۆڕکردنی بازرگانی لەگەڵ سوپای پاسدارانی شۆڕشگێڕیی ئیسلامیی ئێراندا ئەنجام داوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتی ساڵانەی ساڵی 2025ـی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بۆ کۆنگرێس.
گومانەکان سەبارەت بە پشتیوانیی چین بۆ ئێران لە کاتێکدایە کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئەو نیشانانە بەدی دەکەن کە ڕووسیا هەواڵگریی مانگی دەستکردی بۆ یارمەتیدان لە بەئامانجگرتنی ئەمریکا و هاوبەشەکانی بۆ سوپای ئێران دابین کردووە.

چین کڕیاری سەرەکیی نەوتی ئێرانە و هاوبەشی بازرگانیی ژمارە یەکی وڵاتەکەیە. کاریگەریی خۆی بۆ هاندانی ئێران بۆ سەر مێزی دانوستان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی بەردەوام بەکارهێناوە، ئەسۆشەیتد پرێس ڕایگەیاند. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرنامەی مووشەکی بالیستیی ئێران کە لە ڕۆژانی سەرەتای ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەییدا لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەدان هێرشی ئەنجامدا، بە تەکنەلۆژیای چینی دروستکراوە، حکومەتی ئەمریکا ڕایگەیاندووە.
لەناوبردن یاخود لاوازکردنی بەرنامەی مووشەکی بالیستی یەکێک بوو لە ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی. بڵاوکراوەیەکی هەواڵیی ئەمریکا لە 8ـی مانگی نیساندا ئاماژەی بەوەکردووە کە زیاتر لە 85%ـی بنکەی پیشەسازیی بەرگریی ئێران، لە نێوانیدا زۆربەی موشەکە بالیستییەکان، بارهەڵگری مووشەک هاوێژ و درۆنی هێرشبەری دوور مەودا، لەناوبراون. لە لیستی زیانە بەرکەوتووەکانی ڕۆژانی سەرەتای ماوەی ئۆپەراسیۆنەکە، بەیاننامە هەواڵییەکە بە هەمان شێوە ئاماژەی بەوە کردووە، ”بەرنامەی بۆشایی ئاسمانی ئێران کە پێشتر شانازی پێوەدەکرد، وێران کراوە. لەسەدا حەفتای دامەزراوە مووشەک هاوێژ و وێستگەکانی بەڕێوەبردنی زەمینی خاپوورکراون یاخود لاوازکراون، ئەمەش وایکردووە ڕژێم بۆشایی ئاسمان بۆ مەبەستی سەربازی بەکاربهێنێت.“
بەگشتی، پەیوەندیی سەربازیی چین لەگەڵ ئێران تیشکی خستووتە سەر مەشقی دەریایی سێ لایەنەی ساڵانە لەگەڵ ڕووسیا، مەشقی سەربازیی دوولایەنەی سنووردار و فرۆشتنی پێکهاتەکانی بەکارهێنانی دوو لایەنە بۆ بەرنامەکانی مووشەکی بالیستی و درۆنی ئێران لەلایەن کۆمپانیا چینییەکانەوە، بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی پێشکەش بە کۆنگرێسی ئەمریکا کرا. نزیکەی هەر دوو ساڵ جارێک، وەزیرانی بەرگری ئەو دوو وڵاتە سەردانی وڵاتی بەرامبەر دەکەن، بەڵام پێدەچێت پەکین ”لە ترسی کاردانەوەی دیپلۆماسی و سزا ئابوورییەکان،“ ئامادە نەبێت پەیوەندییە بەرگرییە بێگەردەکان قووڵ بکاتەوە، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات.
