تیمێکی هەواڵگریی سەربازیی لوبنان لە جلوبەرگی پارێزەری سپییدا بە هێواشی و وریاییەوە لە ئۆتۆمبێلێکی جێهێڵراوی جۆری ڤان نزیک دەبنەوە. خوێندنەوەی دیجیتاڵی لەسەر ئامێری دەستنیشانکردنی دەستیان لەگەڵ نزیکبوونەوەیان لە ئۆتۆمبێلە گوماناوییەکە بەرزترین ئاماژە نیشان دەدات: ڤانەکە تیشک بڵاودەکاتەوە.
سەرۆک تیم پەیامێک بۆ فەرماندەکەی دەنێرێت: بۆ وەرگرتنی نموونەیەک لە سەرچاوەیەک کە گومانی پیسبوونی ئەتۆمی لێدەکرێت کە دەکرێت کۆمەڵگە بخاتە مەترسییەوە، پێویستیان بە تیمێکی وەرگرتنی نموونە دەبێت.
ئەم کارمەندانەی وەڵامدەرەوە یەکەم ئەندامی یەکەیەکی هێزە چەکدارەکانی لوبنان (LAF) بوون کە بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی چەکی کیمیایی، بایۆلۆژی، تیشکی و ئەتۆمی (CBRN) ڕاهێنانیان پێکرابوو. وە لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە ئەمریکا بەشدارییان لە سیناریۆیەکی خەیاڵیدا کرد.
لە کاتێکدا سەربازانی لوبنان شوێنەکەیان پاقژدەکردەوە، هاوتاکانیان لە تیمی پشتیوانیی مەدەنیی سەر بە پاسەوانی نیشتمانیی میسیسیپی (CST) بە تاکتیک، تەکنیک و ڕێکار (TTP)ـەکانیان لەسەر ڕێکارە فریاگوزاریەکان ڕێنوێنیی لوبنانییەکانیان کرد.

تیمە ئەمریکییەکە لەسەر چۆنیەتی وەڵامدانەوەیان، ستایشی لێهاتوویی و پیشەیی تیمی چەکی کیمیایی، بایۆلۆژی، تیشکی و ئەتۆمی (CBRN)ـی هێزە چەکدارەکانی لوبنان (LAF )ـی کرد:
- لە ئەگەری لەدەستدانی نمونەیەک لە سیستەمەکەدا، تیمە لوبنانییەکە لەبری یەک نموونە، دوو نموونەیان لە شوێنە پیسبووەکە کۆکردەوە.
- سەرەڕای خوێندنەوەی بەرزتری تیشک لەسەر پێوەرەکانی دەستیان، لوبنانییەکان زیاتر لە سەرچاوەی پیسبوونەکە نزیکبوونەوە وەک لەوەی کە لە ڕێساکانی ئەمریکادا ڕێگەی پێدراوە.
- لە چارەسەرکردنی قوربانیانیانی بەرکەوتەی ماددەی ژەهراوی، هێزەکانی لوبنان وێستگەی پاقژکردنەوەی جیاواز بۆ ژن و پیاو دروست دەکەن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازیی کولتووری. بە شێوەیەکی گشتی ئەگەر سەرچاوەکان سنووردار بن، ئەوا هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا یەک وێستگە بۆ ژن و پیاو بەکاردەهێنن.
- تیمەکانی CBRNـی لوبنان لە میانی چالاکییەکی پیسبووندا بە شێوەیەکی سەلامەت و خێرا ئۆپەراسیۆنی کۆکردنەوەی زایاری و وەڵامدانەوەیان ئەنجامدا. تیمە ئەمریکییەکە بۆ پاراستنی لێهاتوویییان، هەڵسەنگاندنێکی زۆر ئەرێنی بە تیمە لوبنانییەکە بەخشی، وە لەو باوەڕەدابوون ئەگەر کارەساتێکی گەورەی CBRN ڕووبدات، ئەوا لوبنان و ئەمریکا دەتوانن پێکەوە کاربکەن و بارگرانی وەڵامدانەوەی کارەساتەکە بگرنە ئەستۆ.
«ئێمە بۆ ئەوە لێرەین تا لە یەکتر فێربین و هاوبەشییەک بپارێزین کە هاوبەشکردنی بارگرانی لە ناوچەکەدا گەشە پێدەدات،» دێرێک بڕوکس، ئەفسەری پێشووی CBRN لە هێزی دەریایی ئەمریکا کە بۆ فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە ناوەندێکی مەشقکردن لە قوبرس سەرکردایەتیی چالاکییەکەی ئەمریکا و لوبنانی کرد، ڕایگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتیی ستراتیژی، پلان و سیاسەتی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، بەشی بەرەنگاربوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژ کە پەیوەندییەکانی بنیاتنانی توانا لەگەڵ یەکەکانی CBRNـی وڵاتانی هاوبەش ئەنجام دەدات، بەڕێوەدەبات.
ئاڵوگۆڕی چالاکییە یەک هەفتەییەکەی قوبرس لە نێوان سەربازانی لوبنان و ئەمریکا بۆ هاوبەشپێکردنی باشترین کردارەکان لە بوارێکدا داڕێژرابوو کە تادێت گرنگتر دەبێت. ئەو زانراوە کە تیرۆریستان و بکەرە دەوڵەتییە شەڕانگێزەکان پەرە بە دروستکردنی و بەکارهێنانی ئەو ماددە بایۆلۆژی، کیمیایی، یان تیشکدەرانە دەدەن کە دەکرێت ببنە هۆی ئەو ڕووداوانەی قوربانیی بەکۆمەڵی لێدەکەوێتەوە.
یەکەی 40 کەسیی CBRNـی لوبنان، بەشێکە لە پۆلی ئەندازیاریی هێزە چەکدارەکانی لوبنان (LAF)، بە شارەزایی و پشتیوانیی دارایی هاوبەشانی ئەمریکی و ئەوروپی لە ساڵی 2009 دروستکرا. لە بەرامبەر ململانێ ناوچەییەکان و قەیرانی ئابووریی دووبارەبووەوەدا، سەرکردەکانی لوبنان لە سەرەتادا بە دروستکردنی یەکەیەکی لەم جۆرە ئاگاداری زیادکردنی بارگرانیی دارایی وڵاتەکە بوون، بەڵام لە کۆتاییدا گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی کە ئەمە وەبەرهێنانێکی گرنگ بوو.
ئەو دووربینییە لە مانگی ئابی 2020ـدا سوودی خۆی گەیاند، کاتێک تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت، یەکێکە لە گەورەترین تەقینەوە نائەتۆمییەکانی مێژوو، ماددەی کیمیایی ژەهراوی لە نزیک ناوچەکانی جێنشینی دانیشتووانی پایتەختی لوبنان بڵاوکردەوە. یەکەی CBRNـی هێزە چەکدارەکانی لوبنان (LAF) لە میانی کارەساتەکەدا لە هێلی پێشەوەدا بوون.
«یەکەیەکی CBRN وەک هەبوونی بیمەی ئۆتۆمبێل وایە. پێویستت پێی نییە هەتا ئەو کاتەی پێویستت پێی دەبێت،» فەرماندەی یەکەی CBRNـی هێزە چەکدارەکانی لوبنان (LAF) ڕائید زیاد ئەبو مەلحەب ئاماژەی پێدا. «ڕووداوی CBRN ئەگەرێکی کەم بەڵام ئێجگار کاریگەری هەیە.»
چالاکییەکەی قوبرس لە نێوان لوبنان و ئەمریکا تیشکی خستە سەر هەڕەشە تیشکی و کیمیاییەکان. بە میوانداریکردن لە ناوەندی قوبرس بۆ ئاسایشی وشکانی، دەریا کراوەکان و بەندەرەکان (CYCLOPS)، ئاڵوگۆڕی پسپۆڕیی بابەتی (SMEE) بە سەرکردایەتیی سەربازانی CBRN لەگەڵ پاسەوانی نیشتمانیی سوپای ئەمریکا لە میسیسیپیەوە پێشکەوتنەکانی لە چاودێریکردن، هەواڵگری، وەڵامدانەوە، پاقژکردنەوە و چاودێریی پزیشکیدا خستەڕوو.

وانەکان لە نێوان مانۆڕە تیشکی و کیمیاییەکاندا پێشکەشکران، کە تێیدا 12 کارمەندی هێزە چەکدارەکانی لوبنان (LAF) جلوبەرگی خۆپارێزییان لەبەردا بوو و وەڵامی بارودۆخە فریاگوزارییە خەیاڵییەکانیان دایەوە. بە هەمان شێوە تیمێکی لێهاتووی (CBRNـی قوبرس کە لە پێنج پیاو و یەک ژن پێکهاتبوو، بەشداربوون.
سەرچاوەکانی تیشکی نموونەکە، کە وەک ماددەی پیسبوو کاردەکەن، بۆ دەستنیشانکردنی ڕاستەقینە و ناسینەوەی مەترسییە تیشکییەکان بەکارهێنران. بۆ چەکە کیمیاییەکان ئەوان دەرمانی سارد، کۆڵۆنیا، تۆپی دژە پەروانە (مۆریانە) و شێدارکەرەوەی پێستیان بەکارهێنا، کە بۆ چالاککردنی ئامێری هاوچەرخی دەستنیشانکردن و خوێندنەوەیەکی ئەرێنی ناڕاست، هەڵمی پێویستیان بڵاوکردەوە.
«ئێمە سەرچاوەیەکی ڕاستەقینەی تیشکدەرمان بەکارهێنا، بەڵام ئەوە بڕێکی کەم و بێ زیان بوو. ئەم ئامێرە دەستنیشانکەرانە زۆر هەستیارن،» سەرۆک ئەفسەرانی پلە 3 تۆنی ڕیاڵز، ئەندامێکی باڵای تیمی CBRNـی ئەمریکا ڕایگەیاند.
هەندێک لە نموونەکان لەناو حاوییەکانی گواستنەوەدا لە گۆڕەپانی ناوەندی مەشق و ڕاهێنانی قوبرس شاردرابوونەوە. حاوییەکانی گواستنەوە هاوشێوەی حاوییەکانی ناو کەشتییەکیان دەنواند و ژینگەیەکی نەناسراوی ڕاستەقینەیان بۆ لێکۆڵینەوە بۆ بەشداربووان دابین کرد. کەرەستە پیسبووەکانی تر لەناو ڤانێکی وەستاودا شاردرابوونەوە کە مەبەست لێی هاوشێوەکردنی ئۆتۆمبێلێکی جێهێڵراو بوو لەلایەن تیرۆریستان یان تاوانبارانەوە.
ئەم بەشداریکردنە دەرفەتێکی بۆ تیمە لوبنانیەکە ڕەخساند تا کارمەندە تازە دامەزراوەکانی لەگەڵ تیمە ئەمریکیەکەدا کاربکەن. بۆ ڕێکخستنی ئۆپەراسیۆنەکان، مولازم ڕەبیع ئەشکوتیی هێزە چەکدارەکانی لوبنان (LAF) لەگەڵ ڕیاڵزی ئەمریکا ناوەندێکی فەرماندەیی و بەڕێوەبردنی بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری، پێشکەشکردنی ڕێنمایی، پاراستنی پەیوەندییەکان و چاودێریکردنی پێشکەوتنی تیمەکان دامەزراند.
دوای پشکنینی ڤانەکە، تیمە لوبنانییەکە بە وردی ئەو شتانەیان دەستنیشان کرد کە تیشکیان لێوە دەردەچوو. گفتوگۆکانی نێوان تیمی لوبنانی و ئەمریکی تیشکیان خستە سەر باشترین ئەو کردارانەی کە کارکردنی پێکەوەیی سەربازان لە ئەگەری بەرکەوتنی ئەندامێکی تیمەکە بە ماددەیەکی پیسبوو یاخود بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و پێویستبوونی بە یارمەتی هاوبەشەکەی، پێویست دەکەن.
ڕائید مەلحەب وەک هەر پسپۆڕێکی CBRN بە کارکردن لە ژێر کەموکوڕیی ئابووری ڕاهاتووە، بەڵام بە هاوبەشپێکردنی زانیاری لەلایەن پسپۆڕانی بوارەکەوە سوپاسگوزارە. بە ئەنجامدانی چەندین ئەرکی گرنگ بە سەرکەوتوویی، یەکەی CBRNـی هێزە چەکدارەکانی لوبنان (LAF) بۆ زیادکردنی توانای CBRNـی خۆی پێشوازی لە هەر دەرفەتێک دەکات.
«تەقینەوەی بەندەرەکە خالێکی وەچەرخانی گەورە بوو،» ڕائید مەلحەب ئاماژەی پێدا. «بەرلەوە، CBRN نیگەرانیی لەپێشینە نەبوو.»
لقی سەبازیی CBRNـی لوبنان: پوچەڵکردنەوەی هەڕەشە زیانبەخشەکان
سەرەڕای بچووکیی قەبارەی وڵاتەکە، لوبنان بە شێوەیەکی بەردەوام لە بەرپەرچدانەوەی ماددە کیمیایی، بایۆلۆژی، تیشکی و ئەتۆمییەکان سوود لە لێهاتووییەکانی یەکەی سەربازیی تایبەتمەندی خۆی وەردەگرێت.
لقی CBRNـی هێزە چەکدارەکانی لوبنان (LAF) بە پشتبەستن بە چەمکی هەماهەنگیی مەدەنی و سەربازی، وەڵامی دۆخە فریاگوزارییە مەدەنی و بە هەمان شێوە سەربازییەکان دەداتەوە. ئەمە بەشێکە لە پۆلێکی ئەندازیاریی گەورەتری تایبەتمەند لە داماڵینی مین و لەناوبردنی بۆمب.
کاتێک لە ساڵی 2009 دروستکرا، لقەکە ئەفسەری دەستەبژێری ناڕاسپێردراوی لە پسپۆڕییە جیاوازەکانەوە وەرگرت و دەستەیەکی 40 کەسی لە سەرباز و ئەفسەرانی وەرگیراو هێشتەوە. سەرەتا لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە ئامێربەندکرا، کە 40 جلوبەرگی پارێزەری ماددەی مەترسیدار، لەگەڵ ئامێری دۆزەرەوەی ماددەی کیمیایی و تیشکیی بۆ دابینکرا.
فەرماندەی لقەکە ڕائید زیاد ئەبو مەلحەب خاوەنی بڕوانامەی پێشکەوتووە لە کیمیادا و ئەندامانی تری یەکەکە هەڵگری بڕوانامەی بایۆلۆژیین.

لێرەدا هەندێک لەو دۆجە فریاگوزارییانەی لوبنان کە پێویستیان بە لێهاتوویی یەکەی CBRNـی هێزە چەکدارەکانی لوبنان (LAF) هەبووە، دەخەینەڕوو:
- تەقینەوەی بەندەری بەیروت: لە 4ـی مانگی ئابی 2020، هەورێکی قارچکیی گەورە بەسەر بەندەری بەیروتدا تەقییەوە، ئەمەش بەهۆی تەقینەوەی 2,750 تەن لە نیتراتی ئەمۆنیۆمی عەمبارکراو لە کۆگاکانی بەندەرەکەدا ڕوویدا. کارەساتەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان کەس و وێرانکردنی زیاتر لە 40,000 ماڵ، شوقە، دوکان و فەرمانگە. ئەمە تاقیکردنەوەیەکی باڵا بوو بۆ لێهاتووییەکانی لقی CBRNـی هێزە چەکدارەکانی لوبنان (LAF)، کە سەرنجی لەسەر جڵەوکردنی ئەو ماددە پیسکەرانە بوو کە بەهۆی تەقینەوەکە بڵاوببوونەوە. ئەوان شوێنی کەرەستە زیانبەخشەکانی وەک یاریی ئاگرین، گازی ژەهراوی، شلەی سووتێنەر و ماددەی قڕکەریان دەستنیشانکرد، کەرەستەکانیان پۆلێنکرد و جڵەوکرد.
- پیسبوونی سایلۆی دانەوێڵە: تەقینەوەی بەندەرەکە ئەوەندە تۆقێنەربوو کە تەنانەت چەندین ساڵ دواتر، دانەوێڵەی خۆراکی کە لە سایلۆ زیانلێکەوتووەکانی بەندەرەکەدا هەڵگیرابوون، بەر باران کەوتبوون و گۆڕابوون بۆ مەسیل ئەلکحولێکی سووتێنەر. لەگەڵ داڕمانی سایلۆکان و بڵاوبوونەوەی گازە ژەهراوییەکان، لقە CBRNـیەکە بۆ یارمەتیدان لە جڵەوکردنی پیسبوونەکە بانگکرا.
- جلی ژێرەوەی تیشکدەر: لە دۆخێکی پیسبوون بەهۆی ماددەی ئەتۆمییەوە، سەربازانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئیتاڵیا چەندین سندوقی بەقاچاخهێنراوی جلی ژێرەوەی پیاوانەی دروستکراوی چینیان دۆزیەوە کە گەردیلەی تۆریۆمی تیشکدەر لەناو هێڵی دوورمانەکەیاندا بوو. بە شێوەیەکی چەواشەکارانە جلی ژێرەوە وەک ڕێگەیەک بۆ ڕێگریکردن لە تیشکی مۆبایل کە ڕێگری لە توانای پیتاندنی پیاو دەکات، خرایە بازاڕەوە. یەکەی CBRN ئەو کەلوپەلە قاچاخانەی لەناو حاویەی قوڕقوشمدا هەڵگرت.
- بۆنی نایاسایی: تیمەکانی هەزمات بانگهێشت کران بۆ لێکۆڵینەوە لە بۆنێکی نایاسایی بەرهەمهێنراو کە ماددەی کیمیایی لەخۆدەگرێت، ئەگەر بە شێوەیەکی خراپ بەکاربهێنرێت، ئەوا دەکرێت وەک پێکهاتە کیمیایی بۆ تەقەمەنی بەکاربهێنرێت. لوبنان هەوڵ دەدات هاوردەکردنی ماددەی کیمیایی بەکارهێنانی دوولایەنەی وەک ئەو ماددانەی لە پیشەسازیی بۆن و جوانکاریدا بەکاردەهێنرێن، ڕێکبخات.
- لەناوبردنی قەوانی گوللـە تۆپ: ئەندامانی لقی CBRN بۆ داماڵینی ئەو تەقەمەنییە شاردراوانەی لە باشووری لوبنان دۆزرانەوە، هاوکاریی تیمێکی سەربازی لەناوبردنی بۆمبیان کرد. قەوانی گوللـە تۆپێک کە بێ کەڵک دەردەکەوت بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو تەقیەوە، بووە هۆی کوژرانی پێنج سەرباز و برینداربوونی سەختی ئەندامێکی لقی CBRN، کە چاوێکی لەدەستدا و قاچی شکا.
- ئامێری تیشکدەری پیشەسازیی نەوت: سندوقێک کە نیشانەی تیشکدەریی لەسەرە کە لە دەریاوە هاتبووە سەر کەنارێکی دەریایی لوبنان، تەنێکی نەناسراوی تێدایە . لقە CBRNـەکە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە ڕەوانە کرا. بۆیان دەرکەوت، گێڕەکە کە ژمارە زنجیرەییەکەی لەسەر نەماوە، لەلایەن ئەو کۆمپانیا نەوت و گازانەی لە دەریای ناوەڕاستدا کاردەکەن، بەکارهێنراوە. پشکنینەکان دەریانخست کە ئەو ئاستی تیشکدانەوانەی لە ئامێرەکانەوە دەردەچن مەترسییەکی کەم بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی دروست دەکەن.
- جوتیاری قارچک: پیاوێکی لوبنانی کە قاپی بچووکی تاقیگەیی لە ماڵەکەیدا هەبوو، مەترسی ئەوەی لێدەکرا مادەدی بایۆلۆژیی ژەهراوی بچێنێت. لێکۆڵینەوەیەک لەلایەن تیمی CBRN ئەوەی دەرخست کە ئەو قارچکی چاندووە، بە ئەگەری زۆرەوە بۆ فرۆشتنی وەک دەرمانێکی هۆشبەر.
