ئاسایشی ڕاستەقینە، ئاخۆ بۆ کەنداوی عەرەبی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یاخود جیهانی بێت، ئەوا فرە چینە و پێویستی بە هەماهەنگیی بەردەوام و ڕاستەقینە نێوان گەلان هەیە. پێویستە ئاسایش لەسەر ڕوانگەیەکی هاوتەریب لەگەڵ خواستەکانی گەلانی ناوچەکەمان بنیات بنرێت، ڕوانگەیەک کە تێیدا ئاین، کلتوور و بیروباوەڕی هەمەچەشن بە ئاشتی پێکەوە بژین، بە جۆرێک جیاوازی بە مانای دابەشبوون نەیەت و مرۆڤایەتی هاوبەشمان هانمان بدات یەکسانی، شکۆ و دەرفەت بۆ هەمووان مسۆگەر بکەین.
بەحرەین بە تەواوی باوەڕی وایە کە ململانێکان بە باشترین شێوە لە ڕێگەی لێکتێگەیشتن و گفتوگۆوە چارەسەر دەکرێن، بە پێشخستنی ژینگەیەک کە کۆمەڵگاکان تێیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هاوبەشەکان یەکدەگرن. پەروەردە و ئاڵوگۆڕی کولتووری زۆر گرنگن. ئەوان پەرە بە لێبوردەیی دەدەن، متمانە بنیات دەنێن و دڵنیایی دەدەن لەوەی کە هەموو دەنگێک لە داڕشتنی داهاتوو بەشدار دەبێت.
لە بنەڕەتدا، ئاسایش واتە بەرگریکردن لە خاکی نیشتمان، پارێزگاریکردن لە هاووڵاتیان و ژێرخان و پاراستنی پەیوەندییە جیهانییەکانمان لە ڕێگەی ئازادیی گەشتیاری، ئاسایشی ئەلیکترۆنی و جوڵەی بێ بەربەستی بازرگانی و زانیاری.
لە بەحرەین، ئێمە باوەڕمان وایە کە ئاسایشی بەردەوام پەیوەستە بە هەماهەنگیی ڕاستەقینە لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانمان. ئێمە لە ڕێگەی هاوپەیمانییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چەتەی دەریایی، بەرزکردنەوەی ئاسایشی دەریایی و بنیاتنانی تواناکانەوە شانازی بە هەماهەنگیی بەرگری لەگەڵ برایانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو (GCC) و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەین.
ڕۆڵی بەحرەین وەک میوانداری هێزە دەریاییە یەکخراوەکان، کە هاوپەیمانییەکی 47 وڵاتییە، بۆ دەستەبەرکردنی ڕێڕەوی دەریایی گرنگ لە کەنداوی عەرەبی، دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، ئەم پابەندبوونە بەرجەستە دەکات. سەرەڕای ئەوەش، دامەزراندنی ئەم دواییەی ئەنجومەنی وەزیرانی کۆمکاری عەرەبی بۆ ئاسایشی ئەلیکترۆنی تیشک دەخاتە سەر ڕێبازی چالاکانەی ئێمە لە بەرامبەر هەڕەشە دەرکەوتووەکان.
ئەم جۆرە هەماهەنگییە بەهۆی ڕێککەوتنەکانی وەک ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو (GCC) بەهێزتر دەبێت، کە ئاماژە بەوە دەکات هێرشکردنە سەر یەکێک واتە هێرشکردنە سەر هەمووان، ئەمەش هەماهەنگییەکانمان دەکات بە بەردی بناغەی سەقامگیریی ناوچەیی.
ناتوانرێت ئاسایشی ڕاستەقینە بە یەک وڵات بهێنرێتە کایەوە. گەشەسەندن و یەکخستنی ئابووری بۆ گەیشتن بە ئاسایشی ڕاستەقینە زۆر گرنگن. ناوچەیەکی دابەشبوو کە بەدەست ناسەقامگیری ئابوورییەوە دەناڵێنێت، کە تێیدا ئاواتەکانی خەڵک بەدی نەهێنراون، هەرگیز بە تەواوی ئاسایش ناکرێت. بەڵام بە پەرەپێدانی وابەستەیی بوونی ئابووری، دەتوانین سوودی دەستبەجێ بۆ هاووڵاتیانمان دابین بکەین، لە هەمان کاتدا متمانە و هەماهەنگی بەهێز بکەین، وە ئەگەری دروستبوونی ململانێ لاوازتر بکەین.

ئەمە لە ناوخۆی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو (GCC)ـدا ڕوونە، کە تێیدا ئێمە بە ئاڕاستەی تەواوکردنی یەکێتیی گومرگی و دامەزراندنی بازاڕێکی هاوبەش بەرەوپێش هەنگاودەنێین، بناغەی ڕەگەزنامەی تەواوەتیی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو (GCC) بنیاتدەنێین، هاوکات پەیوەندییە بازرگانییە جیهانییەکان و وەبەرهێنان، لەوانەش ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی بازرگانیی ئازاد لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان قووڵتر دەکەین.
نموونەیەکی تری کرداریی ئەم وابەستەییەی نێوان خۆشگوزەرانی و ئاسایش بریتییە لە ڕێککەوتنی یەکخستنی گشتگیر و خۆشگوزەرانیی ئاسایشی گشتگیر (C-SIPA)، کە لە نێوان بەحرەین و ئەمریکا واژۆ کراوە و دواتر بەڕیتانیاش پەیوەندیی پێوە کردووە. ڕێککەوتنی یەکخستنی گشتگیر و خۆشگوزەرانیی ئاسایشی گشتگیر (C-SIPA) ڕاستییەکی سادە بەڵام بەردەوام بەرجەستە دەکات: ئاسایشی هاوبەشیی ئێمە لە خۆشگوزەرانیی هاوبەشمان جیا ناکرێتەوە. وە ئێمە هیوادارین ئەم چوارچێوەیە لەپێناو نەزمێکی هەماهەنگی لەسەر بنەمای یاساکان لە کەنداو، هاوبەشی زیاتری خاوەن ڕوانگەی هاوشێوەی ئێمە لەخۆبگرێت.
دەرەنجامی بەیەکگەیاندنی ئەم هەموو دەزووانە بریتییە لە ڕۆڵی دیپلۆماسیی کاریگەر: دیپلۆماسییەک کە ڕێز لە سەروەری دەگرێت؛ داکۆکی لە دەستوەرنەدان دەکات، برەو بە چارەسەرکردنی ئاشتیانەی ناکۆکییەکان دەدات و پەیوەندیی باشی دراوسێیەتی بەرەوپێش دەبات. ئەم ڕوانگەیە، کە لەلایەن سەرکردایەتیی بەحرەین پاڵپشتیکراوە و بەرەوپێشبراوە، لە ڕێنماییکردنی سیاسەتی دەرەوەمان بەردەوام دەبێت لەکاتێکدا هەوڵدەدەین لە پێناو ئاشتیدا هاوپەیمانی بنیات بنێین، تا لە ڕێگەیەوە بتوانین پێکەوە کار بۆ گەیشتن بە ناوچەیەکی پڕ ئاسایش و سەقامگیرتر بکەین.
لە ناو چەقی ناسەقامگیرییە بەردەوامەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ململانێی فەڵەستین و ئیسرائیل لە ئارادایە. بەبێ بوونی بڕیارنامەیەکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی، بەردەوام دەبێت لە لاوازکردنی هەموو هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاسایشی ڕاستەقینە. بۆیە ئێمە زۆر گەشبینین بە دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی سەبارەت بە غەززە، پەسەندکردنی پلانی ئاشتی کە لەلایەن سەرۆک دۆناڵد تڕەمپەوە پێشکەشکرا و لەلایەن کارەکانی نێوەندگیرەکانیەوە پاڵپشتیی دەکرێت.
دەکرێت ئەمە نیشاندەری ساتێکی گرنگ بێت، وەک چۆن قۆناغی یەکەمی ئاگربەست، ئازادکردنی بارمتە و دەستگیرکراوان و گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ هاوڵاتیانی مەدەنیی غەززە بەرهەمهێنا. پلانەکە دەتوانێت بناغەی غەززەیەکی ئارام، سەقامگیر و خۆشگوزەران پێکبهێنێت، کە دەکرێت ببێتە ئاسانکاری بۆ ئاشتییەکی فراوانتری ناوچەیی..
ئەوەی لە ئێستادا پێویستە پابەندبوونێکی نوێیە بە دیپلۆماسی بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەموو لایەنەکان بە شێوەیەکی تەواو و بە نیازیکی باشەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن، ئەمەش بە پشتیوانی هەموو ئەو وڵاتانەی کە تامەزرۆی ئاشتین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. چونکە، لە کۆتاییدا کەنداو و ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی سەلامەت و ئاوەدان وەک ئامانجێکی سەخت دەمێنێتەوە، مەگەر گەلی فەلەستین ڕێگایەکی باوەڕپێکراو بەرەو چارەی خۆنووسین و دەوڵەتداری پەیڕەو بکات و بە ئارامی و ئاسایشەوە شانبەشانی ئیسرائیل بژیت.
بە هەمان شێوە پێویستە لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 1701ـی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێککەوتنامەی تایف پشتیوانی لە لوبنان بکەین، لە ڕێگای بەرەو سەقامگیری هاوکاریی سوریا بکەین و بۆ پێشخستنی ئاشتی لە یەمەن پاڵپشتیی هەوڵەکانی سعودیە و عومان بکەین.
چەمکی دەستەبەرکردنی ئاسایشی کەنداو تۆڕێکی ئاڵۆز و وابەستە بە کۆمەڵێک هۆکار لەخۆدەگرێت، لە بەرگریی فیزیکیی گەلەکانمان و پاراستنی ڕێڕەوە دەریاییەکانمانەوە بگرە هەتا دەگاتە هەمەچەشنکردنی ئابووری و ئەنجامدانی کرداریی دیپلۆماسیی بەرپرسیارانە و بنەمادار. لە کاتێکدا لە ساڵی 2026، بەحرەین کورسیی ناهەمیشەیی خۆی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وەردەگرێت، ئەم ڕەچاوکردنانە لە پێشەنگی بیرکردنەوەکانماندا دەبن، هاوکات هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە جیهانییەکان نەک تەنها بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی فیزیکی بەڵکو بۆ پەرەپێدانی متمانە، هەماهەنگی و ئاشتیی بەردەوام ئەنجام دەدات.
ئاسایشی ئەلیکترۆنی وەک ستراتیژی لەپێشینە
لە کاتێکدا هێرشە ئەلیکترۆنییە زیانبەخشەکان هەڕەشە لە ئاسایشی جیهانی دەکەن، چەندین وڵات بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی وەزیرانی عەرەب بۆ ئاسایشی ئەلیکترۆنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم مەترسییە دەرکەوتووە یەکدەگرن.
ئەنجومەنەکە بنکەکەی لە ڕیازە لە سعودیە، سەر بە کۆمکاری عەرەبییە و ئامانجەکەی بریتییە لە هەماهەنگیی بەرگریی ئەلیکترۆنی لە نێوان وڵاتانی ئەندام و لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان. تیمی جێبەجێکار لە نوێنەرانی وڵاتانی سعودیە، ئیماڕات، بەحرەین، میسڕ، عێراق، ئەردەن و تونس پێکدێت.
ئەنجومەنەکە لە ساتی دامەزراندنیەوە لە 2024ـەوە چەندین جار کۆبووەتەوە، یەکێکە لە دوایین کۆبوونەوەکان بووە هۆی پەسەندکردنی ستراتیژیی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی عەرەبی و پەیوەستبوونی ئەنجومەنەکە بە ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوانە ئەلیکترۆنییەکان.
د. محەمەد ئەلکوەیتی، بەرپرسی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بۆ ئیماڕات، دڵنیایی دەدات لەبارەی گرنگیی بەرەیەکی یەکگرتوو کاتێک دێتە سەر باسی بەرگریکردن لە سیستەمە کۆمپیوتەرییە گرنگەکان.
”ئەو پێشهات و گۆڕانکارییە خێرایانەی کە ئێمە گەواهیدەری دەبین لە سەرانسەری بوارەکانی جیۆپۆلەتیک، ئابووری، گەشەپێدان و تەکنەلۆژیدا بەدیدەکەین، جەخت لەسەر ڕۆڵی گرنگی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە بەرگریکردن لە ئاسایشی پێکەوەیی عەرەبی و پاراستنی ئابووری و سامانی وڵاتانی عەرەبی دەکەنەوە” د. ئەل کوەیتی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە لە مانگی ئەیلولی 2025 ئاماژەی پێدا.
”ناتوانرێت ئابووری یاخود کۆمەڵگایەکی بەهێز بەبێ چوارچێوەیەکی بەهێزی ئاسایشی ئەلیکترۆنی کە ناوچەکەمان دەپارێزێت لەو مەترسییە پەرەسەندووانەی ڕۆژانە سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانی وڵاتانی عەرەبی دەکەنە ئامانج، بنیات بنرێت.”
وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای زنجیرەیەک هێرش کە پیشەسازیی نەوتی ناوچەکەیان کردە ئامانج، کە بڕبڕەی پشتی ئابوورییەکەیان پێکدەهێنێت و وزەی بەشێکی زۆری جیهان دابین دەکات، سەرنجیان خستووتە سەر ئاسایشی ئەلیکترۆنی.
ئیماڕات و سعودیە لەگەڵ گەشەسەندنی سەنگی ئابوورییە نێودەوڵەتییەکانیان، پێشەنگیی کەرتی ئاسایشی ئەلیکترۆنییان کردووە.
مەجید ئەلمەزید، سەرۆکی دەسەڵاتی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی نیشتمانیی سعودیە، ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە پێشینەی ستراتیژییە سەرەکییەکانی وڵاتەکەی و ناوچەکە دادەنێت.
”شانشینەکە لە بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا لە پێشەنگی پەرەپێدانی چالاکیی پێکەوەیی بووە،” ناوبراو ئاماژەی پێدا.
سەرچاوەکان: دەزگای هەواڵی ئیماڕات، دەزگای ڕۆژنامەوانیی سعودیە، ئەنجومەنی وەزیرانی عەرەب بۆ ئاسایشی ئەلیکترۆنی
