فڕۆکەوانێکی هێلیکۆپتەری ئاپاچیی سوپای ئەمریکا، بوو بە یەکەم ئەندامی سوپای ئەمریکا کە لە بەرنامەی زمانی زانکۆی بەرگریی نیشتمانیی کازاخستان دەربچێت.
ڕائید ئابیگەیڵ بڵەنت خۆی لە خولەکانی زمانی ڕووسی لە زانکۆکەدا نوقم کرد ،دوای نۆ مانگ بە ئاستی لێهاتوویی پێشکەوتوو دەرچوو. لێهاتووییە نوێیەکانی زمان وای لێدەکات پەیوەندییەکی کاریگەرتر لەگەڵ هاوتاکانی لە هێزە چەکدارەکانی کۆماری کازاخستان گفتوگۆ بکات.
لە مەراسیمێکدا لە کۆتایی مانگی ئایاری 2026، لیوا باورژان ئەبژانۆڤ ،سەرۆکی زانکۆی بەرگریی نیشتمانی، بڕوانامەی بە ڕائید بڵەنت و ئەو خوێندکارە نێودەوڵەتییانەی تر بەخشی کە بەرنامەی زمانیان تەواو کرد.
”فێربوونی زمان بەشێکی دانەبڕاوە لە پێکهاتەی سەربازی هاوچەرخ. توانا پیشەییەکانی فراوانتر دەکات، مامەڵەی کاریگەر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مسۆگەر دەکات و لە دروستکردنی گفتوگۆیەکی بنیاتنەر لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و متمانەی هاوبەش بەشداری دەکات. “لیوا ئەبژانۆڤ ڕایگەیاند.
بە هەمان شێوە باڵیۆزی ئەمریکا لە کازاخستان ژولیا ستەفت ئامادەبوو، کە جەختی لەوە کردەوە بەرنامە پەروەردەییە سەربازییەکانی نێوان کولتوورەکان لە بنیاتنانی هەماهەنگیی نێوان ئەمریکا و کازاخستان یارمەتیدەرن.

هەروەها لابردنی بەربەستە زمانەوانییەکان هەماهەنگیی بەرەوپێش دەبات کاتێک سەربازەکان ئۆپەراسیۆنی فرەنەتەوەیی ئەنجام دەدەن. بۆ نموونە، کازاخستان بەشداریکەرێکی بەردەوامە لە ئەرکەکانی ئاشتیپارێزیی نەتەوە یەکگرتووەکان .
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرنامەی پەروەردە و ڕاهێنانی سەربازیی نێودەوڵەتی ,(IMET) کە یارمەتییە بۆ سەربازە بیانییەکان بۆ خوێندن لە ئەمریکا، بەڕێوەدەبات.
بەرنامەی زمانی کازاخستان لە ڕێگەی دابینکردنی دەرفەت بۆ سەربازانی نەتەوە جیاوازەکان بۆ خوێندن لە زانکۆی بەرگری لە ئاستانای پایتەختی کازاخستان، هاوتای بەرنامەی پەروەردە و ڕاهێنانی سەربازیی نێودەوڵەتی (IMET) ە.
ڕائید بڵەنت لە میانی ئەرکێکدا وەک ئەفسەرێکی ناوچەی بیانی لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئاستانە ناوی خۆی لە زانکۆکە تۆمار کردووە.
ڕائید بڵەنت بە ئاڵنگاریی سەخت نامۆ نییە، خولەکانی قوتابخانەی پاسەوانیی سوپای ئەمریکا و بەرنامەی ڕاهێنانی فڕۆکەوانیی سوپای ئەمریکای تێپەڕاندووە و بە سەرکەوتوویی لێیان دەرچووە، هەریەکەیان خۆی لە خۆیدا دەستکەوتێکی گەورەن .
”ئەوەی فڕۆکەوان، سەرباز، سەرکردە یاخوک کەسێکی پیشەیی باش دروست دەکات بریتییە لە خۆڕاگری، بەردەوامییدان و خۆنەویستی “. ڕائید بڵەنت لە چاوپێکەوتنێکی پێشوویدا کە تیشکی خستە سەر ئەزموونەکانی سوپای وڵاتەکەی، ڕایگەیاند” .ئەگەر لە شکستهێنان بترسیت، هەرگیز بۆ بەدەستبهێنانی ئەو شتەی بەڕاستی توانای ئەنجامدانیت هەیە کۆشش ناکەیت. “
