تەقەی چەکی خۆکار لە دۆڵی ڕووباری پانج بە درێژایی سنووری نێوان ئەفغانستان و تاجاکستان دەنگی دایەوە. شەڕ و پێکدادانی مانگی ئابی 2025 لە نێوان هێزەکانی سنووری تاجاکستان و تاڵیبانی ئەفغانستان بەهۆی ناکۆکی لەسەر کانگا و بەنداوەکانی سەر ڕووبارەکە سەریهەڵدا.
ئەفغانستان لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا بە ناسەقامگیری دەمێنێتەوە و دراوسێکانی باکووری لە ئاسیای ناوەڕاست لە ململانێدان لەگەڵ چۆنیەتی ڕاگرتنی توندڕەوی، ماددەی هۆشبەر، چەک و پشێوی لە بەزاندنی سنوورە کەلێندارەکان .پێنج وڵاتی ئاسیای ناوەڕاست، کازاخستان، کۆماری قڕغستان، تاجاکستان، تورکمانستان و ئۆزبەکستان، هەستێکی بەپەلەی گەشەسەندووی هاوبەشیان هەیە کە بووەتە هۆی زیادبوونی هەماهەنگیی ناوچەیی.

گێتی ئیمەیجس
بەرەی ناجێگیر
سنووری باکووری ئەفغانستان لە ساڵی 2021ـەوە لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات ناسەقامگیر بووە. بوونی گروپە چەکدار و تیرۆریستییە ناوچەییەکانی وەکوو دەوڵەتی ئیسلامیی ویلایەتی خۆراسان(ISKP) ، ئەلقاعیدە و تەحریکی تاڵیبانی پاکستان، گەشەسەندنی قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر و چەک و بەڕێوەبردنی نایەکسانی سەرکردایەتی تاڵیبان، وە ڕەنگە ئاسانکاریکردن بۆ تاوانی ڕێکخراو، هەموو ئەمانە نیگەرانییەکان لە پایتەختەکانی ئاسیای ناوەڕاستدا دەوروژێنن.
تاجاکستان
تاجاکستان و ئەفغانستان درێژترین سنووری هاوبەشیان هەیە، کە زیاتر لە 1,300 کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە. لە هاوینی 2025ـەوە چەندین ڕووداو جەخت لەوە دەکەنەوە کە سنوورەکە چەندە ناجێگیرە .جگە لە شەڕ و پێکدادانەکەی مانگی ئابی 2025 لە سەرانسەری ڕووباری پانج، لە مانگی تشرینی دووەمی 2025ـدا دوو هێرش لە ئەفغانستانەوە بۆ ناو تاجاکستان بووە هۆی کوژرانی دوو کرێکاری چینی و کرێکارانی بنیاتنانی ڕێگاوبان. لە دوای مانگێک، لەشکرکێشییەکی توندڕەوەکان، کە وا دەردەکەوێت ئەندامی دەوڵەتی ئیسلامیی ویلایەتی خۆراسان (ISKP) بن، دوو سەربازی سنووری تاجاکستان و سێ هاووڵاتی مەدەنیان کوشت.
ئەم ڕووداوە دووبارەبووانە هەڕەشەیەکی ئاسایشی و بارگرانییەکی ئابووریین. لەگەڵ ئابوورییەکی تاڕادەیەک گەشەسەندوو و هێزێکی کاری زۆری پشتبەستوو پارەی کۆچبەرانی کرێکار لە دەرەوە، تاجاکستان ناسەلامەتیی سنوورەکان وەک هۆکارێکی ئەگەری بۆ نائارامییەکی فراوانتر تەماشادەکات.
حکومەتی تاجاکستان لە دژی دزەکردنی تیرۆریستان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، هەوڵدەدات وڵاتەکە بکات بە سەنگەرێک. ڕێکخراوی ئاسایش و هەماهەنگیی لە ئەوروپا (OSCE) و فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا، بە هەماهەنگی لەگەڵ گروپی سەربازی ئەمریکا و تاجاکستان، مەشقی ناوچەیی پێشکەش دەکەن و بۆ لابردنی مینی بۆمبڕێژکراو کە هەڕەشە لە خەڵکی مەدەنی دەکەن و زەوییەکان بۆ کشتوکاڵکردن بێکەڵک دەکەن، هێزەکانی تاجاکستان ئامێربەند دەکەن.
بە هەمان شێوە ڕێکخراوی ئاسایش و هەماهەنگیی لە ئەوروپا (OSCE) بۆ پاراستنی سنوورەکان هەماهەنگی لەگەڵ گروپی سەربازی ئەمریکا و تاجاکستان دەکات. ئامێری وەک کامێرای چاودێری و ئۆتۆمبێل بۆ سەرکوتکردنی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەکان و تیرۆریزم دابین دەکەن.
ئۆزبەکستان
تاشکەند هەوڵی داوە بە وریاییەوە لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستاندا بسازێت؛ بە جۆرێک بۆ جێگیرکردنی سەقامگیری، هاوسەنگییەک لە نێوان ڕێوشوێنە ئەمنییە توندەکان و دیپلۆماسییەکی پراگماتیکیدا ڕابگرێت. دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان لە مانگی کانوونی دووەمی 2024 ئاماژەی پێکردووە، بەو پێیەی کەنارگیرکردن تەنها تۆڕەکانی توندڕەوی بەهێز دەکات، ئۆزبەکستان سەرکردایەتیی بانگەوازەکانی ئاوێتەکردنەوەی ئەفغانستانی لە چوارچێوەی نێودەوڵەتیدا کردووە.
ئۆزبەکستان خاڵە سنوورییەکانی زیادکردووە، دامەزراوە گومرگییەکانی بەهێزتر کردووە و تەکنەلۆژیای چاودێریکردنی باشتر کردووە .بە هەمان شێوە سەرکردایەتیی گفتوگۆ ناوچەییەکان دەکات لەسەر ئاسایشی ڕێڕەوی بازرگانی، پرسێک کە زۆر پەیوەندیدارە بە هێڵی ئاسنینی پلان بۆ داڕێژراوی ترانس ئەفغانەوە کە بازاڕەکانی ئاسیای ناوەڕاست بە بەندەری کاراچیی پاکستانەوە دەبەستێتەوە .بەڵام نیگەرانییە ئاسایشییەکان بنەمای گفتوگۆکانن: بەهۆی بێ یاساییەوە، دروستکردن و کارپێکردنی هێڵی ئاسنین کۆسپی لەسەرە.
کۆماری قڕغستان
لە بیشکێک، نیگەرانییەکان سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ناسەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی بووەتە هۆی داڕشتنەوەی پێکهاتەی جێبەجێکردنی یاسا و هەواڵگری وڵاتەکە، بەجۆرێک کە دەزگا سنوورییەکانی دەوڵەت و وەزارەتی پاسەوانی دەوڵەت لە تەواوی پێکهاتە ئاسایشییەکانی تر جیاکراونەتەوە.
بەرپرسانی قڕغستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە چاودێریکردنی سنوورەکان هەرە گرنگرتینە، وە ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی دیاریکردنی سنوورەکان لەگەڵ تاجاکستان و ئۆزبەکستان گرژییەکانی ناوچەکەیان کەمکردووەتەوە و هەماهەنگییە ئاسایشییەکانی باشتر کردووە.
وڵاتەکە پاسەوانیی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی هەواڵگری لەگەڵ ئۆزبەکستان و کازاخستان دەپارێزێت، وە لە بەرنامە ناوچەییەکانی مەشقی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە لەلایەن فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، چالاکانە بەشداری دەکات.
کازاخستان
هەرچەندە سنووری لەگەڵ ئەفغانستاندا نییە، بەڵام کازاخستان هێشتا ئەو نائاسایشییەی لەو وڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت وەک هەڕەشەیەک سەیر دەکات و سنوورەکانی خۆی وەک ستراتیژی لەپێشینە دەپارێزێت. دزەکردنی تیرۆریستان جێگەی نیگەرانییەکی کەمترە، بەڵام بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و بیروباوەڕی توندڕەو و ڕۆیشتنی پەنابەران جێگەی نیگەرانیی گەورەی ئاستانان.
بە هەمان شێوە وەک گەورەترین و دەوڵەمەندترین دەوڵەتی ناوچەکە، کازاخستان ڕۆڵێکی سەرەکیی ناوچەیی دەگێڕێت، لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هاوبەشکردنی زانیاری برەو بە هەماهەنگیکردن دەدات و میوانداریی گفتوگۆکان دەکات.
تورکمانستان
تورکمانستان بەڕێوەبردنی توند لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ ئەفغانستان ئەنجام دەدات و لە ناوچە تەنیشتییەکان چاودێری دەکات. بەگوێرەی سیاسەتە بێلایەنە بە فەرمی دانپێدانراوەکەی، تورکمانستان سەبارەت بە بەڕێوەبردنی سنوورەکان و پرسە ئاسایشییە پەیوەندیدارەکان بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیریی ناوخۆیی و ڕێگریکردن لە تاوانە سنووربەزێنەکان، هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکاندا دەکات.
هەماهەنگیی ناوچەیی
ئەگەر ناسەقامگیریی ئەفغانستان یەک سوودی بەدوای خۆیدا هێنابێت، ئەوا ئەوەیە کە دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاستی لەیەکتر نزیک کردووەتەوە. وڵاتەکان بە وریاییەوە ئەرکی لەپێشینەیان سەبارەت بە بەڕێوەبردنی سنوورەکان و هەماهەنگییەکانی جێبەجێکردنی یاسا یەکدەخەن.
لە ڕێگەی شێوازە فرەلایەنەکانی وەک دەستپێشخەرییەکانی مەشقی ناوچەیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەفسەرانی گومرگ و بەڕێوەبردنی سنوورەکانی ئاسیای ناوەڕاست باشترین مەشقە کردارییەکانیان ئاڵوگۆڕ کردووە و سیناریۆی ھاوبەشیان ئەنجامداوە. ڕاوێژکارییە بەردەوامەکان لە ژێر چوارچێوە فرەنەتەوەییەکانی تردا بە هەمان شێوە کەناڵەکانی پەیوەندی کە پێشتر بەهۆی ناکۆکیی سیاسییەوە بەربەستان بۆ دروست ببوو، پەرەپێداوە.
هەروەها کازاخستان، کۆماری قڕغستان، تاجاکستان و ئۆزبەکستان لە مانۆڕە سەربازییە هاوبەشە ساڵانەییەکانی هەماهەنگیی ناوچەیی کە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکاوە سەرپەرشتی دەکرێت )تورکمانستان چاودێر بووە) بەشدارییان کردووە و وەک بەشێک لە بەرنامەی هاوبەشیی ویلایەت، ئاڵوگۆڕ و مەشقی هاوبەشی بەردەوام لەگەڵ هاوبەشەکانی پاسەوانی نیشتمانیی ئەمریکا ئەنجام دەدەن.

پرسی کۆن، چارەسەری نوێ
واقیعی ئاسایشیی لە دوای ساڵی 2021، ئاسیای ناوەڕاستی ناچار کردووە بە گریمانە کۆنەکاندا بچێتەوە. هەماهەنگیی ئابووری بە تەواوەتی پەیوەستە بە سەقامگیرییەوە، چونکە وەبەرهێنانی ناوچەیی لە ڕێڕەوی گواستنەوە و وزەدا پەیوەستە بە سنووری پارێزراوەوە. ئەم پەیوەندییە بە تایبەتی لە گەشەسەندنی گفتوگۆکانی نێوان کازاخستان، کۆماری قڕغستان و ئۆزبەکستاندا سەبارەت بە یەکخستنی سیستەمی بەڕێوەبردنی سنوورەکاندا دیارە، هەنگاوێکی گرنگ بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ.
هاودەنگی ناوچەیی بە لاوازی دەمێنێتەوە، زۆرجار بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان جیاواز دەبن، ڕەوتی زانیاری لە نێوان دەوڵەتاندا ناهاوسەنگ دەمێنێتەوە و نایەکسانی سەرچاوەکان توانای نایەکسان بۆ چەسپاندنی چاکسازییەکان دروست دەکات، هەموو ئەمانە توخمە گرنگەکانی هەماهەنگیی ئاسایشی کاریگەرن. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، ئەم وڵاتانە لە هاوکاری و هەماهەنگیدا پێشکەوتنی بێ وێنەیان بەدەستهێناوە.
سێبەری ئەفغانستان
سەرەڕای پەیوەندییە پچڕپچڕەکان، ئەفغانستان وەک دراوسێیەکی پێشبینینەکراو دەمێنێتەوە. دوو فاقیی تاڵیبان بەرامبەر بە بەشداریکردنی نێودەوڵەتی، بەردەوامبوونی هێرشەکانی دەوڵەتی ئیسلامیی ویلایەتی خۆراسان (ISKP) لە نزیک پارێزگاکانی باکوور و چەسپاندنی ئابووریی نایاسایی، هەموو ئەمانە ئەوە نیشان دەدەن کە فشارە سنوورییەکان کەم نابنەوە.
بۆ ئاسیای ناوەڕاست، ئاڵنگارییەکە دوولایەنەیە: پتەوکردنی سنوورەکان، لە هەمان کاتدا دوورکەوتنەوە لە کەنارگیرکردن کە دەکرێت لەناو دانیشتوانی خۆیاندا توندڕەوی پەروەردە بکات. وەک ستراتیژییەکی ئاسایش، جڵەوکردن سنوورداریی خۆی هەیە .یەکخستنی ئابووری و بازرگانی، بە مەرجێک ئاسایش پارێزراوبێت، دەتوانن پشتبەستن بە تۆڕە نایاساییەکان کەم بکەنەوە.
ڕێڕەوی ئاسایشی هەرێمەکە پشت بە توانای بەدامەزراوەییکردنی هەماهەنگییەکان دەبەستێت، لەوانە میکانیزمەکانی هاوبەشپێکردنی زانیاریی هەواڵگری، بەپیشەییکردنی دەزگا سنوورییەکان و وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیادا، لە درۆنەوە هەتا سیستەمی بایۆمەتری، بۆ چاودێریکردنی زەوییە فراوان و ناڕێکەکان.
هاوبەشە دەرەکییەکان، چ ناوچەیی و چ نێودەوڵەتی، وەک چارەنووسساز دەمێننەوە. ئەمریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی ئاسایش و هەماهەنگیی لە ئەوروپا (OSCE) و یەکێتی ئەوروپا مەشقپیدان و بودجەیان بۆ بەرنامە سنوورییەکان فراوانتر کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، تاقیکردنەوەی کۆتایی لە خاوەندارێتی و هەماهەنگیی ناوچەییدایە. دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست کلیلی ئاسایشی خۆیان لە دەستی خۆیاندایە.
