Getting your Trinity Audio player ready...
|
هەفتەی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت (SOF) بۆنەیەکی ساڵانەیە کە لە شاری تامپا، ویلایەتی فلۆریدا، شوێنی بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
هەفتەی SOF لە مانگی ئایاری 2024، لە دەیان وڵاتەوە بۆ هاوبەشپێکردنی زانیاری، سەرنجدانی نوێترین تەکتیک و ئامێرەکان و بنیاتنانی پەیوەندی کەسی و پیشەیی لەگەڵ هاوکارە جیهانییەکان سەرنجی سەربازانی تەواو ڕاهێنراوی بەلای خۆیدا ڕاکێشا.
یەکە بەهێزەکەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی قەتەڕ لە هەفتەی SOFـی ساڵی 2024 ئەو سەربازانەی لەخۆگرتبوو کە بە هاوبەشی لەگەڵ هاوتاکانیان لە سەرانسەری جیهان نمایشێکی تواناکانی شەڕی دوور مەودایان ئەنجامدابوو.
یونیپاس لەگەڵ عەمید ڕوکنی قەتەڕی سالم شەریدە، نوێنەری باڵای نیشتمانیی وڵاتەکەی لە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، بۆ تاوتوێکردنی گرنگیی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بۆ قەتەڕ کۆبووەوە.
یونیپاس: چۆن سەربازانی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتیقەتەڕ هەڵبژێردراون؟
عەمید ڕوکن سالم: ئەوان تاقیکردنەوەی زۆر تایبەتمەند و سەخت ئەنجام دەدەن. ئەوان بە شایستەبوونێکی چڕ لە ڕووی چۆنیەتی بنیاتی جەستەیی، زانیاریی، تەندروستی و ئامادەییان بۆ وەرگرتنی ئەم ئەرکانە لە ڕووی دەروونی، هەست و جەستەییەوە هەڵبژێردراون. ئەوان بە ڕێکارییەکی زۆر وردی پێگەیشتندا تێدەپەڕن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە باشترینی باشترینەکان دەگەن بە ئاستی ئامادەیی ئەرک.
یونیپاس: ئایا خوێندنگە ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی قەتەڕ بۆ ئامادەکردنی ئەم سەربازانە تا چەند گرنگە؟
عەمید ڕوکن سالم: هێزە تایبەتەکانی قەتەڕ بەشداربوون لە پرۆسەی هاوچەرخکردن کە ساڵانێکی زۆری خایاند. یەکێک لە گرنگترین شتەکان بریتییە لە ڕاهێنان و ئامادەکاری بۆ جەنگ. بۆیە هێزە چەکدارەکانی قەتەڕ سەرنجیان خستە سەر خوێندنگە سەربازییەکانیان تا باشترین خولی ڕاهێنان بۆ سەربازەکانمان مسۆگەر بکەن. وەک بەشێک لەم خوێندنگانە، ئێمە لە هەموو لایەکەوە شارەزاییمان کۆکردووەتەوە.
یونیپاس: سەنگی بەشداریکردنی قەتەڕ لە مەشقەکانی ڕاهێنانکردنی وەکو ‘شێری تامەزرۆ’ لە ئەردەن و ‘ئەستێرەی گەش’ لە میسڕ چییە؟
عەمید ڕوکن سالم: ئێمە لەم جیهانەدا تەنیا نین و هەموو وڵاتێک پەرە بە بنیاتنانی هێزێکی ئۆپەراسیۆنی تایبەت دەدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە لە جیهاندا دەگوزەرێن، وەکو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، قاچاخچێتی و ماددە هۆشبەرەکان. پێویستە ئێمە بەشداری لە ڕاهێنانەکاندا بکەین تا لە یەکتر فێربین و باشترینەکان بهێنینە پێشەوە. پێویستە ئێمە بۆ دامەزراندنی پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی خۆمان ڕاهێنان، ئامێر و پرۆسە هاوچەرخەکان ببینین. هەروەها مەشقە سەربازییەکان پەیوەندی، دۆستایەتی و پەیوەستییەکان لەگەڵ هێزەکانی ناوچەکە و جیهان بنیات دەنێن. ئەگەر ئەم ڕاهێنانانە بوونیان نەبێت، ئەوا هەرگیز ئاگاداری ئەوە نابیت کە چی شتێکی نوێ لە بازاڕدا بوونی هەیە و فێری ئامێر و ڕێکارییە نوێیەکان نابیت.
یونیپاس: پێشکەوتنەکان لەسەر پرۆژەی 401، بەرنامەی دروستکردنی خوێندنگەی ڕاهێنانی هێزە تایبەتە نێودەوڵەتییەکان لە قەتەڕ چییە؟
عەمید ڕوکن سالم: دروستکردنی بینای خوێندنگەکە لە ساڵی 2024 تەواو دەبێت. ئێمە ژمارەیەکی زۆر لە پسپۆڕمان هەیە کە خەڵکی شوێنەکانی وەکو ئەمریکا و ئەردەنن. ئەنجامدانی ڕاهێنان لە خوێندنگەکەدا سەدان سیناریۆی بۆ ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی وشکانی، ئاسمانی و دەریایی لەخۆدەگرێت.
یونیپاس: ئامانجی ئامادەبوونی قەتەڕ لە هەفتەی سۆف SOF چییە؟
عەمید ڕوکن سالم: بە بوون لەنێوان ئەم کەسایەتییە گرنگانە، تەنها بە سەیرکردن، گوێگرتن و سوودوەرگرتن لە بیرۆکەکانیان فێردەبیت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە کەسانی ناو کایەکە دەناسین کە بە ئامێرە سەرەکییەکانیانەوە لەم پێشانگایە بەشداری دەکەن. ئێمە دەبینین کە جیهان بە جەختکردنەوەیەکی زیاتری لەسەر پاڵپشتی تەکنەلۆژیای زانیاری بۆ SOF بەرەو کوێ هەنگاودەنێت. جیهان لەبری بە تەنها پشت بەستن بە لایەنی مرۆیی، تەکنەلۆژیای زیاتر بەکاردەهێنێت. من هانی هەموو وڵاتێک دەدەم بۆ بەشداریکردن لە هەفتەی SOFـی ساڵی داهاتوو.
یونیپاس: چەند زوو زوو هێزە تایبەتەکانی قەتەڕ ئۆپەراسیۆن لەگەڵ هاوتاکانی وڵاتانی دیکە ئەنجام دەدەن؟
عەمید ڕوکن سالم: مەشقی زۆرمان هەیە کە لەگەڵ ئەمریکا، فەڕەنسا و دراوسێکانمان ئەنجامی دەدەین. هەمیشە ئاڵوگۆڕکردن ڕوودەدات. لە هەفتەی SOF، قەتەڕ بۆ یەکەمجار بەشداری لە نمایشێکی تواناکان دەکات. تۆ ئەوە تێبینی دەکەیت کە ڕاهێنانەکانمان چەندێک باشە و سەربازەکانمان چەندێک شایستەن. ئەمانە لە باشترین هێزە تایبەتەکانی جیهانن، جیاوازیش لە نێوان کوڕانی بەشداربوودا بەدی ناکەیت. ئەوان وەک یەک پێکهاتە کار دەکەن، وەک ئەوەی خەڵکی هەمان وڵات بن.