ڕێککەوتنی ستراتیژیی بەرگریی هاوبەش (SMDA) کە لەم دواییانەدا لە نێوان پاکستان و سعودیە واژۆ کراوە، پابەندبوونی ئاسایشیی درێژخایەنی هەردوو وڵات بەهێز دەکات.
بە پەسەندکردنی لە مانگی ئەیلوولی 2025، ڕێککەوتنەکە زیادکردنی مەشقی سەربازیی هاوبەش، هاوبەشپێکردنی هەواڵگری و هاوکارییە تەکنەلۆژییەکان لەخۆدەگرێت. لە ئەگەری دەستدرێژیی وڵاتانی تر، پاکستان و سعودیە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لە ڕووی سەربازییەوە پشتیوانیی یەکتر بکەن.
ئەم ڕێککەوتنە لە دوای کۆبوونەوەکەی مانگی تەمموزی 2025 لە کاراچی بەدیهات، کە تێیدا فەرماندەکانی هێزە دەریاییەکانی پاکستان و سعودیە بابەتەکانی ئاسایشی دەریایی ناوچەکە و بەرزکردنەوەی هەماهەنگیی بەرگریی دوولایەنەکان تاوتوێ کرد.
فەریقی یەکەم نەڤید ئەشرەف، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هێزی دەریایی پاکستان، ستایشی بەشدارییەکانی سعودیەی لەم هاوبەشییەدا کرد و داوای زیادکردنی هەماهەنگیی بەرگریی نێوان هەردوو هێزی دەریایی کرد کە ”پەیوەندییەکی درێژخایەن و برایانە“ـیان لەنێواندایە.
سەرۆکی دەستەی ئەرکانی دەریایی هێزی دەریایی شاهانەی سعودیە، فەریقی یەکەم محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئەل غورەیبی بۆ پێشکەشکردنی مەشق بۆ کەرتەکانی هێزی دەریایی سعودیە لە ئەکادیمیای دەریایی پاکستان و لەسەر کەشتییەکانی هێزی دەریایی پاکستان، ستایشی پاکستانی کرد.
پێشتر لە مانگی تەمموز، شاندێکی پاکستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری ناوخۆ موحسین نەقوی بۆ ئەو گفتوگۆیانەی کە تیشک خستە سەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و قاچاخچێتیی مرۆڤ لە ناوچەکەدا، لەگەڵ وەزیری ناوخۆی بەحرەین، فەریقی یەکەم شێخ ڕەشید بن عەبدوڵڵا ئال خەلیفە، لە شاری مەنامای بەحرەین کۆبووەوە.
شاندەکان پابەندبوون بە باشترکردنی کاریگەریی لیژنەی ئاسایشی هاوبەشی پاکستان و بەحرەین و قووڵکردنەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان.
پاکستان بەشدارێکەرێکی سەرەکییە لە هێزە دەریاییە یەکخراوەکان، ئەو هێزە ئەرکییە دەریاییە فرەنەتەوەییەکانی لەلایەن ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکرێن کە بنکەکانیان لە بەحرەینە و لە کەنداوی عەرەبیەوە تا دەریای سوور پاسەوانی دەکەن.
لە دەرەوەی ناوچەکە، پاکستان و یەکێتی ئەوروپا لە 10ـهەمین گفتوگۆی سیاسیی پاکستان و یەکێتی ئەوروپا لە بڕۆکسل لە مانگی تەمموزی 2025 لەسەر قووڵکردنەوەی هەماهەنگییەکان سەبارەت بە ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ڕێککەوتن.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئاماژەی بەوەدا کە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە ”دانیان بە گرنگیی هەماهەنگیی فرەلایەنە لە بابەتە ئاسایشییەکاندا ناوە، لەوانەش بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر.“ سەرچاوەکان: داون، دەیلی تامز، ئەرەب نیوز
