یاخیبووانی حوسی لەو کاتەوەی لە ساڵی 2015 دەسەڵاتیان گرتە دەست، بەردەوامن لە ئەنجامدانی تاوان دژ بە گەلی یەمەن. دوایین تاوانیان بریتیی بوو لە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ 17 هاوڵاتیی یەمەنی، ئەمەش لەلایەن بەرپرسانی حکومەت و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە شەرمەزارکردنی توندی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا.
بە هەمان شێوە گروپەکە سزای زیندانیکردنی بۆ ماوەی 10 ساڵ بەسەر سێ هاوڵاتیی یەمەنیی دیکەدا دەرکرد، ژنێک و دوو پیاو، لەو دادگاییانەدا کە بە “ساختە” پێناسەکراون و بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای دانپێدانان لە ژێر ئەشکەنجەدا وەرگیراون، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی گروپەکانی مافی مرۆڤ.
ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ جەخت لەوە دەکەنەوە کە دادگای تاوانی تایبەتمەندی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان لە شاری سەنعا، کە بڕیاری لەسێدارەدانی دەرکردووە، بەو پێیەی بە بڕیارێکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی یەمەن لە ساڵی 2018 دەسەڵاتەکەی بۆ پارێزگای مەئریب گواسترایەوە، هیچ دەسەڵاتێکی دادوەریی نییە.
ئەمەش بەگوێرەی یاسای یەمەن هەموو بڕیارەکانی دادگا پووچەڵ دەکاتەوە. ئەرکی ئەمریکا لە یەمەن، لە بەیاننامەیەکدا سزای لەسێدارەدانی سەرکۆنە کرد، وە دادگاییکردنەکانی بە نادروست و سزاکانی بە هەڕەمەکی پێناسە کرد، چونکە لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانانە بوون کە لە ژێر ئەشکەنجەدا وەرگیراون.
بەیاننامەکە ئاماژە بەوەش دەکات “ئەم دادگاییکردنە ساختانە و تاوانبارکردنە ناڕەوایانە جارێکی تر تیشک دەخەنە سەر ئەوەی کە حوسییەکان تەنیا بە ترس و تۆقاندن دەتوانن حوکمڕانی بکەن.” باڵیۆزخانەکە داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی سەرجەم کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان دەکات کە لەلایەن حوسییەکانەوە دەستبەسەرکراون.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، یاخیبووانی حوسی سەر بە ئێران لە هەڵمەتی سەرکوتکردنی کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوانی تر کە بۆ گروپە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان و باڵیۆزخانە بیانییەکان کاردەکەن، دەیان کەسیان دەستگیرکردووە. حوسییەکان وایان ڕاگەیاند کە دەستگیرکراوەکان سیخوڕن بەڵام هیچ بەڵگەیەکیان نەخستەڕوو. نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.
تاوانەکانی حوسییەکان سنووردار نەبووە بە سەرکوتکردنی گەلی یەمەن لەناو یەمەندا، بەڵکو سنوورەکانی تێپەڕاندووە بۆ هێرشکردنە سەر ئەو کەشتییە بازرگانی و کەشتییە جەنگییانەی لە دەریای سوور، کەنداوی عەدەن و دەریای عەرەبی دا بە ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا تێپەڕیوون.
تۆپبارانی بەردەوامی حوسییەکان بۆ سەر گوند و شارۆچکەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی دەستووری بووەتە هۆی کوژرانی چەندین هاوڵاتیی بێتاوان کە تاکە تاوانیان ژیانکردن بووە لەو ناوچانەی بەرەنگاریی دەسەڵاتی حوسییەکان بوونەتەوە.
یەمەن وەک یەکێک لە خراپترین ناوچەکانی قەیرانی مرۆیی جیهان دەمێنێتەوە و نزیکەی 14%ـی دانیشتووانەکەی لە ناوخۆدا ئاوارەبوون. ملیۆنان یەمەنی لە بارودۆخی نزیک لە برسێتیدا دەژین.
سەرچاوەکان: دەزگای هەواڵی کوەیت، ئەسۆشەیتد پرێس، ڕێکخراوی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەرکی ئەمریکا لە یەمەن
