لە میانی بەشێکی زۆری 2026، ئێران لە گەرووی هورمز بە مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەیان وڵات. بە سەربازیکردنی گەرووەکە و هەر هەوڵێک بۆ دەسستخستنی باج لە کەشتیوانیی سەلامەت لە ڕێگەیەوە، هەڕەشە لە ئاسایش و خۆشگوزەرانیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەکات. ئێران سەروەری ڕەهای بەسەر گەرووەکەدا نییە، وە سەپاندنی باج بۆ بەکارهێنانی، یاسای دەریایی نێودەوڵەتیی پێشێل دەکات.
لە 8ـی مانگی ئابی 2026، ئێران هێرشێکی مووشەکیی کردە سەر کەشتییەکی بازرگانیی بێچەکی ئیماڕات کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕی. ئیماڕات دەستبەجێ ئیدانەی «هێرشە دوژمنکارانەکەی ئێران»ـی کرد و تارانی بە «کردەوەیەکی چەتەیی» تۆمەتبار کرد. ئێران بەهەمان شێوە هێرشی کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی جەبەل تاڕق، ژاپۆن، لیبریا، ماڵتا، دوورگەکانی مارشاڵ، پەنەما و تایلەند، بەمەش جەختی لەسەر سەروەریی بەڕێوەبردن بەسەر گەرووەکەدا کردووەتەوە.
لە کۆتایی مانگی ئازاری 2026، ئێران داوای لە ئەمریکا کرد کە دان بە سەروەری خۆی بەسەر گەرووی هورمزدا بنێت. پاشان پەرلەمانی ئێران پلانێکی بۆ سەپاندنی باج بەسەر ئەو کەشتیانەی بە ڕێڕەوە ئاوییەکەدا تێدەپەڕن تا «ڕۆڵی سەروەری ئێران» بەسەر گەرووەکەدا بسەپێنێت، کە یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی سروشتیی شلی جیهان پێیدا تێدەپەڕێت، پەسەند کرد. داواکاریی ئێران تێگەیشتنێکی بنەڕەتی هەڵە، یاخود چەواشەکردنی بە ئەنقەست، لە یاسای دەریایی نێودەوڵەتی دەخاتە ڕوو کە ئەگەری لێکەوتەی کارەساتبار لەخۆدەگرێت.
گەرووی هورمز خاڵێکی خنکاندنی نێودەوڵەتییە، وە مافی ڕێڕەوی تێپەڕین بەسەریدا جێبەجێ دەبێت، ئەمەش مۆڵەت بە گواستنەوەی سەر ڕووی ئاویی بێ بەربەست، فڕین بەسەریدا و گواستنەوەی ژێرئاوی دەدات. سەپاندنی تێچوو یاخود باجی تێپەڕین، بەبێ گرینگیدان بەوەی بە چی ناودەبرێن، پێشێلکردنی ئەو یاسایانەیە کە بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریا (UNCLOS)، حوکمی گەرووە نێودەوڵەتییەکان دەکەن. لەوەش گرنگتر، ئەگەر ئێران سەرکەوتووانە لە ڕێگەی زۆرەملێیەوە ڕێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتی بۆ ناوچەی ئاویی خۆی بگۆڕێت، ئەوا ئەمە پێشینەیەک بۆ وڵاتانی تر بۆ سەپاندنی جڵەوی نادەستووری بەسەر خاڵە گرنگەکانی خنکاندنی دەریایی بنیات دەنێت، لەوانەش گەرووی بابل ئەل مەندەب لە نێوان یەمەن و جیبۆتی.
پێویستە بەشێوەیەکی ئاشکرا دژایەتی ئەم جۆرە ڕەفتارە نایاسایی و شەڕانگێزییانە بکرێت، چونکە لەسەر حیسابی خۆشگوزەرانی و ئاسایشی جیهانی، سەقامگیریی ناوچەکە دەخاتە بەر مەترسی.
بەشی سێیەمی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریا (UNCLOS)، لەوانەش ماددەکانی 34 هەتا 45، قەوارەی یاسایی نێودەوڵەتی بۆ ئەو گەرووانەی بۆ کەشتیوانیی نێودەوڵەتی بەکاردەهێنرێن، دەچەسپێنێت. ماددەی 37 بواری بەشی سێیەم بەو شێوەیە پێناسە دەکات کە بەسەر ئەو گەرووانەدا جێبەجێ دەبێت کە «بۆ کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە نێوان بەشێکی ناچە دەریاییەکانی دەرەوەی سنووری وڵاتان یاخود ناوچەیەکی ئابووریی تایبەت و بەشێکی تری ناچە دەریاییەکانی دەرەوەی سنووری وڵاتان یاخود ناوچەیەکی ئابووریی تایبەت بەکاردەهێنرێن». بێ گومان بەشی سێیەمی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریا (UNCLOS) بەسەر گەرووی هورمزدا جێبەجێ دەبێت، کە کەنداوی عەرەبی بە کەنداوی عومان و دەریای عەرەبییەوە دەبەستێتەوە.

بە هەمان شێوە ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریا (UNCLOS) لە ماددەی 38ـدا مافی ڕێڕەوی تێپەڕین دەچەسپێنێت، ئەمەش بەسەر «هەموو کەشتی و فڕۆکەکان»ـدا جێبەجێ دەبێت و مۆڵەتی تێپەڕبوونی «بەردەوام و خێرا» بە گەرووە نێودەوڵەتییەکاندا دەدات. ئەمەش تێپەڕبوونی ژێردەریایی بۆ ژێردەریاییەکان و فڕین بەسەردا بۆ فڕۆکەکان لەخۆدەگرێت، مافگەلێک کە لە ناوچە دەریاییە ئاساییەکاندا بوونیان نییە.
لە ماددەی 44، ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریا (UNCLOS) بە ڕوونی ئەرکی وڵاتانی سەر سنووری گەرووە نێودەوڵەتییەکان دەخاتە ڕوو. هەرچەندە دەکرێت دەوڵەتانی کەنار دەریاکان ڕێساکانی پەیوەست بە سەلامەتیی کەشتیوانی و ڕێگریکردن لە پیسبوون جێبەجێ بکەن، بەڵام «نابێت ڕێگری لە ڕێڕەوی تێپەڕین بکەن». بۆیە، لە کاتێکدا ئێران و عومان ڕەنگە ڕێسای دوولایەنە بۆ سەلامەتی دروست بکەن، بەڵام هیچ کام لەم دووانە ناتوانن لە ڕێگەیەوە ڕێگری لە ئازادیی کەشتیوانی بکەن. جگە لەوەش، ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریا (UNCLOS) ماف بە دەوڵەتانی کەنار دەریا نادات داوای سەروەری خۆیان لەسەر گەروویەک بکەن کە بۆ کەشتیوانیی نێودەوڵەتی بەکاردێت یاخود تێچوو یان باج بەسەر ئەو کەشتیانەی مافی تێپەڕین بەکاردەهێنن، بسەپێنن.
گەرووی هورمز لە تەسکترین خاڵی نێوان ئێران و عوماندا بە نزیکەیی 24 میلی دەریایی پانە. هەردوو وڵات بانگەشەی ناوچەیەکی دەریایی 12 میلی دەریایی دەکەن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ناوچە ئاوییەکانیان لە تەنگترین بەشی گەرووەکەدا بەریەک دەکەون. بە شێوەیەکی ئاسایی، ئەم بەرکەوتنە ڕێڕەوێکی ناوچەیی دەریایی دروست دەکات، کە بە یاسای زیاتری سنووردارکردنی تێپەڕبوونی بێتاوان بەڕێوەدەچێت. لەگەڵ ئەوەشدا، لەبەر ئەوەی گەرووەکە بۆ کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە نێوان ناوچە ئابوورییە تایبەتەکان (EEZ)ـدا بەکاردەهێنرێت، ئەوا بە گوێرەی بەشی سێهەمی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریا (UNCLOS)، ڕێککەوتننامەی ڕێڕەوی تێپەڕین جێگەی ڕێکارەکانی تێپەڕبوونی بێتاوان دەگرێتەوە.
لەم دۆخەدا، ئێران و عومان خاوەنی ناوچەی ئابووریی تایبەت (EEZ)ـن کە تا 200 میلی دەریایی لە کەناراوەکانیانەوە درێژ دەبێتەوە، وەک لە ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریا (UNCLOS) ڕێگەی پێدراوە. گەرووەکە ئەم ناوچە ئابوورییە تایبەت (EEZ)ـانە بە ناوچە دەریاییەکانی دەرەوەی سنووری وڵاتان و ناوچە ئابوورییە تایبەت (EEZ)ـەکانی ترەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی جێبەجێبوونی مافی ڕێڕەوی تێپەڕین. ئەم چوارچێوە یاساییە بە دیاریکراوی بۆ ڕێگریکردن لە دەوڵەتانی کەنار دەریا لە قۆستنەوەی خاڵەکانی خنکاندن بۆ وەرگرتنی کرێ یاخود سەپاندنی سنووردارکردنی تاکلایەنە بەسەر کەشتیوانی نێودەوڵەتیدا دەرکراوە.
لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا هیچ پشتیوانییەک بۆ سیستەمی پێشنیارکراوی وەرگرتنی باج لەلایەن ئێرانەوە بوونی نییە. هەرچەندە میسڕ بۆ تێپەڕبوون بە کەناڵی سوێسدا کرێ وەردەگرێت، بەڵام ئەو ڕێڕەوە ئاوییە کەناڵێکی دەستکردە، لەلایەن حکومەتە بنیاتنراوە و لەلایەن حکومەتەوە پارێزگاری لێدەکرێت، گەروویەکی سروشتی نییە. دانیمارک لە ڕێگەی گەرووی دانیمارکەوە کرێی تێپەڕبوونی سەپاند، بەڵام لە دوای ناڕەزایەتییە نێودەوڵەتییەکانی 1857 ئەو کرێیەی هەڵوەشاندەوە.
داواکاری تاران بۆ سەروەری بەڕێوەبردن بەسەر گەرووەکەدا تاکتیکێکی ناوچەی خۆڵەمێشی (ئاشتی و جەنگ)ـە بۆ جەختکردنەوە لەسەر بەڕێوەبردنی ناڕەوا لە ڕێگەی هەوڵی زیادەڕۆییەوە. تاران بە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان وەک بیانووی «ڕێکخستنی ئاسایشی» بۆ «ڕێڕەوە کەشتیوانییە دڵخوازەکانی» خۆی و ئەو باجە وەک بیانووی ڕێوشوێنی «سەلامەتیی کەشتیوانی»، هەوڵدەدات زۆرەملێکردن بە هێز وەک ڕێوشوێنێکی یاسایی بخاتە ڕوو. هەر جۆرە ڕەزامەنبوونێک، یاخود پەسەندکرنی بێدەنگانەی بانگەشە بێ بنەماکانی تاران بۆ سەروەری، مەترسییە بۆ ڕەواییدان پێی وەک واقعێکی جێگیکراو.
ڕێککەوتننامەی ڕێڕەوی تێپەڕین ڕەنگدانەوەی یاسای نەریتیی نێودەوڵەتیی پابەندکەرە لەسەر هەموو دەوڵەتەکان. لەسەر ئاستی نێوەدەوڵەتی، ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریا (UNCLOS) وەک یاسای نەریتیی نێودەوڵەتی پەسەندکراوە. لە دۆسیەی کەناڵی کۆرفو لە ساڵی 1949، دادگای نێودەوڵەتی بڕیاریدا کە گەرووە نێودەوڵەتییەکان ڕێسای تایبەتیان بەسەرا جێبەجێ دەبێت، کە ئازادیی کەشتیوانی مسۆگەر دەکەن. جگە لەوەش، دادگا بە بەردەوامی ڕایگەیاندووە و دووپاتی کردووەتەوە کە یاسای نەریتیی نێودەوڵەتی هەموو دەوڵەتان پابەند دەکات، ئەو دەوڵەتانەش لەخۆدەگرێت کە واژۆیان نەکردووە. بۆیە، بە پەسەندنەکردنی واژۆی خۆی لەسەر ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریا (UNCLOS) لە 1992 یاخود بە گۆڕینی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە سیستەمێکی نوێی بەڕێوەبردن کە لەلایەن ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێت، ئێران ناتوانێت خۆی لە مافی ڕێڕەوی تێپەڕینی نێودەوڵەتی ڕزگار بکات. بەڵکو، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داواکاریی ئێران نەک وەک پرسێکی دابڕاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئەو نەزمە دەریاییەی کە خۆشگوزەرانی و ئاسایشی ناوچەکە پشتی پێدەبەستێت، بناسێنێت.
داواکاریی ئێران بۆ سەروەرری بەسەر گەرووی هورمزدا لە ڕووی یاساییەوە بێ بنەمایە. داننان، پەسەندکردن یاخود بێدەنگبوون لە سەپاندنی باج، ئازادیی کەشتیوانی کە بنەمای بازرگانی و ئاسایشی جیهانییە، تێکدەدات و هانی دووبارەبوونەوەی دەدات. وەک چۆن مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەر لە هەوڵەکانی ئێران بۆ سەپاندنی باج ڕایگەیاند، سیستەمێکی لەم جۆرە «نەک هەر نایاساییە، بەڵکو قبوڵکراو نییە و بۆ جیهان مەترسیدارە».
پابەندبوون بە ڕێککەوتننامەی ڕێڕەوی تێپەڕین بۆ ڕێگریکردن لە سەپاندنی باج، پاراستنی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی ئازاد، سەلامەت و خۆشگوزەران، وە بۆ مسۆگەرکردنی ڕەوتی بازرگانیی ئازاد لە ڕێگەی ڕێڕەوە دەریاییە گرنگەکانی جیهانەوە، ئێجار گرنگە.
