عێراق، داکۆکیکارێکی سەرسەختی دیپلۆماسی، لەم ساڵانەی دواییدا بووەتە ناوەندێک کە سەرکردەکانی ناوچەکە تێیدا کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر چارەسەری ململانێکان دەکەن.
لەناو پاشخانی پەرەسەندنی گێژاوی ناوچەییدا، 34ـمین لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە مانگی ئایاری 2025 لە بەغدا، لەژێر دروشمی ”دیالۆگ، هاودەنگی و گەشەکردن“ بەڕێوەچوو. شەش سەرۆک دەوڵەت، بەرپرسانی باڵا و شاندی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە نێویاندا سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گەتێرێس و سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا پێدرۆ سانچێزی بەلای خۆیدا ڕاکێشا.
بە سەرۆکایەتی سەرۆک کۆماری عێراق عەبدوللەتیف ڕەشید، لوتکەکە چەند تەوەرێکی لەخۆگرتبوو، لەوانە گفتوگۆکردن سەبارەت بە ئاشتی و ئاسایش لە غەززە، بە هەمان شێوە پێویستیی بەپەلەی پەیوەندیی دیپلۆماسی بۆ ڕاگرتنی ململانێی وێرانکەری سودان.
لە مانگی نیسانی 2023ـەوە، ململانێی نێوان هێزە چەکدارەکانی سودان و هێزی پشتیوانی خێرای نیمچە سەربازی، سودانی خستە ناو گێژاو و قەیرانکی قووڵبووەوەی مرۆیی کە ملیۆنان کەسی ئاوارە کردووە.
”بە پشت بەستن بە بنەماکانی دراوسێیەتی باش، دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ [ـی وڵاتانی تر] و لایەنگری نەکردن، عێراق سیاسەتێکی دەرەکیی پەیڕەو کردووە کە هاوبەشی و هەماهەنگی لەگەڵ ئێوە لە پێشینەی کارەکانیدایە، برەو بە بەرژەوەندی هاوبەشی وڵاتەکانمان دەدات،“ سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع ئەلسودانی لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی پێدا.
”عێراق پابەندە بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەموو شێوەکانییەوە. لەسەر بنچینەی ئەم بنەمایانە، بە پشت بەستن بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن پشتیوانیمان لە چارەسەرەکان کرد، لە کۆکردنەوەی چەندین بۆچوونی جیاواز یارمەتیدەر بووین و بۆ ئەوەی لە پەرەپێدانی پەیوەندیی برایانە، ئایینی و بیروباوەڕی میانڕەودا بەشداری بکەین، بەدوای دیپلۆماسییەکی بەرهەمداردا دەگەڕاین.“
سەبارەت بە غەززە و باشووری لوبنان، ئەلسودانی پێشنیاری دروستکردنی سندوقێکی عەرەبیی کرد بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە، هاوکات بەڵێنیشی دا کە 20 ملیۆن دۆلار بۆ پاڵپشتیکردنی ئاوەدانکردنەوەی غەززە و 20 ملیۆن دۆلاری دیکە بۆ باشووری لوبنان تەرخان بکات.
عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسڕ داوای یەکڕیزی لە بەرامبەر ئاڵگاریی سەختدا کرد: ”ئێمە ئەمڕۆ لوتکەکەمان لە قۆناغێکی سەختی مێژووییدا بەڕێوەدەبەین، لە کاتێکدا ناوچەکەمان ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی ئاڵۆز و بارودۆخی چاوەڕوان نەکراو بووەتەوە کە لەسەر هەموومان، سەرکردە و گەلان، پێویست دەکات بە یەکگرتوویی بمێنینەوە و ئیرادەی نەگۆڕ بۆ پاراستنی نیشتمانەکانمان و پارێزگاریکردن لە گەلەکانمان نیشان بدەین.“
هەروەها گۆتێرێس ستایشی ئەو پێشکەوتنانەی کرد کە عێراق لە دوای گەڕانەوەی سەروەری لە ساڵی 2004ـەوە بەدەستی هێناوە، لەوانە چارەسەرکردنی ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ، بەهێزکردنی دامەزراوەکان و برەودان بە گەشەپێدانی بەردەوام و بە هەمان شێوەش مافەکانی مرۆڤ.
”سەرەڕای ئاڵنگارییە گەورەکان، با لێرەوە لە بەغدا وانە و ئومێد وەربگرین. بە کارکردن بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی، دەتوانین لە چارەسەرکردنی ململانێ و بنیاتنانی ئایندەیەک لە ئاشتی و خۆشگوزەرانی یارمەتیدەر بین،“ ناوبراوی ڕایگەیاند.
سەرچاوەکان: ئەل جەزیرە، نەتەوە یەکگرتووەکان
