لوتکەیەکی ئاسایشی لە ئەمریکا لە مانگی کانونی دووەم ساڵی 2026، سەرکردە باڵاکانی هێزە چەکدارەکانی لوبنان سەرکردایەتیی سەربازیی ئەمریکایان سەبارەت بە پێشکەوتنەکان بە ئاڕاستەی چەکداماڵینی بکەرە نادەوڵەتییەکان و بەهێزکردنی سەروەری نیشتمانی ئاگادارکردەوە.
دەوڵەتی لوبنان بە گوێرەی ڕێککەوتنی ئاگربەست کە لە مانگی تشرینی دووەمی 2024 لە لایەن لوبنان و ئیسرائیلەوە و بە نێوەندگیریی ئەمریکا و فەرەنسا واژۆ کرا، کار بۆ داماڵینی چەکی حیزبوڵڵای لوبنان دەکات کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیی دەکرێت.
لەکاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست، حکومەتی لوبنان بەڵێنی دا هەتا کۆتایی ساڵی 2025 سەرەتا لە باشووری لوبنان و پاشان لە تەواوی وڵات، حزبوڵڵای لوبنانی لە چەک دابماڵێت.
ڕاپرسییەکانی ئەم دواییە ئەوە دەردەخەن کە زۆرینەی ڕەهای لوبنان پشتیوانی لە هەبوونی هێزە چەکدارەکانی لوبنان (LAF) وەک تاکە دامەزراوەی چەکدار لە وڵاتەکەدا دەکەن. بەڵام حزبوڵا ڕەتیکردۆتەوە چەک دابنێت و، بە هاوکاریی ڕژێمی ئێران، هەوڵی بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەکانی خۆی دەدات.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەل جەزیرە، یوسف ڕەجی وەزیری دەرەوەی لوبنان سەرکۆنەی دەستوەردانی ئێرانی لە کاروباری نیشتمانیی وڵاتەکەیدا کرد.
”ڕۆڵی ئێران لە لوبنان و ناوچەکەدا لەڕادەبەدەر نەرێنییە، وە سیاسەتەکانی ئێستای سەرچاوەیەکی سەرەکیی ناسەقامگیری لە ناوچەکە و بە دیاریکراوی لە لوبناندا پێکدەهێنن،” ناوبراو ئاماژەی پێدا. “سەرکردایەتیی ئێران، لە هەموو ئاستەکاندا، هەرگیز لە هێرشکردنە سەر حکومەتی لوبنان و هەوڵەکانی بۆ داماڵینی چەک لە گروپی چەکداری نادەوڵەتی و جەختکردنەوە لەسەر دەسەڵاتی ڕەهای دەوڵەت لەسەر بڕیارەکانی جەنگ و ئاشتی نەوەستاوە. بە هەمان شێوە ئێران لە پڕچەککردنی گروپێکی چەکدار [حزبوڵڵا] لە لوبنان کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت چالاکی ئەنجام دەدەن، بەردەوام بووە.”
سەرکردەکانی هێزە چەکدارەکانی لوبنان (LAF) لەسەر بانگهێشتی هێزەکانی لەشکری هێزی دەریایی، فەرماندەیی ناوەندی (MARCENT) ئەمریکا بەشدارییان لە لوتکەی ئاسایشی مانگی کانونی دووەمی 2026 کرد.
جگە لە پلانی چەک داماڵین، لوتکەی ئاسایش گفتوگۆی پەیوەست بە لیژنەی چاودێریی وەستاندنی شەڕەکان کە بە شێوەیەکی باو بە میکانیزم ناودەبرێت، خستە بەر باس.
میکانیزمەکە کە لە مانگی تشرینی دووەمی 2024 پێکهێنرا، بریتییە لە لیژنەیەکی چاودێریی فرەنەتەوەیی کە بەرپرسیارە لە چاودێریکردن، پشتڕاستکردنەوە و دابینکردنی ڕاستەوخۆی چارەسەری ناکۆکی لە نێوان هێزە چەکدارەکانی لوبنان (LAF) و هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل.
فەریق جۆزێف کلێرفیڵد، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی لەشکری هێزی دەریایی (MARCENT) و سەرۆکی میکانیزمەکە، سەرکردایەتیی ئەو گفتوگۆیانەی کرد کە تیشکیان خستە سەر هەماهەنگیی سەربازی و گرنگیی میکانیزمەکە.
”لەگەڵ بەردەوامبوونی فەرماندەیی ناوەندی لەشکری هێزی دەریایی ئەمریا (MARCENT) لە ڕۆڵی سەرەکی لە میکانیزمەکەدا، ئەم گفتوگۆیانە لەگەڵ هاوبەشەکانمان وەک بەشێکی گرنگی هەوڵەکانمان دەمێننەوە،” کلێرفیڵد ئاماژەی پێدا. “ئێمە پابەندین بە ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام لە ناوچەکەدا.”
ئەمریکا لە مانگی تشرینی یەکەمی 1997 حزبوڵای وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی دەستنیشان کرد؛ یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 2013 باڵی سەربازیی حزبوڵای وەک گروپێکی تیرۆریستی دەستنیشان کرد؛ وە بەڕیتانیا لە مانگی ئازاری 2019 گروپی ناوبراوی قەدەغە کرد.
سەرچاوەکان: ئەل جەزیرە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، حکومەتی بەڕیتانیا، دامەزراوەی واشنتۆن، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا.
