من دەمەوێت سوپاسی هاوڕێکانمان بکەم لە فەرماندەﯾﯽ ناوەندی ئەمریکا بۆ بانگێشتکردنی ئێمە بۆ نووسین لەم وەشانەی گۆڤاری ‘یونیپاس’، کە تیشک دەخاتە سەر هەماهەنگیی نێودەوڵەتی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. هێزەکانی ئاسایشی عێراق ئەزموونێکی بەرچاویان لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بەدەستهێناوە.
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، عێراق بەهۆی چەندین هێرشی تیرۆریستی ئەو گرووپ و ڕێکخراوە چەکدارانەوە ناڵاندوویەتی کە پڕۆژەی دیموکراسییان کردۆتە ئامانج و هەوڵی گەمارۆدانی عێراق و گۆڕینی بۆ سوڕێک لە ململانێ و توندوتیژی دەدەن. بەشێک لەو گروپانە لەلایەن وڵاتانێکی خاوەن ئەجێندا و نیاز خراپەوە پاڵپشتی دەکرێن، لە کاتێکدا ئەوانی تر لەسەر ململانێی تیرەگەری گەشەدەکەن.
ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان چیتر بەو جۆرە نەماون کە لە یەکەم شەڕی فەلوجە لە ساڵی 2004 یان شەڕەکانی تەلعەفەر لە 2005-2006ـدا دەرکەوتن. بەڵکو ئاڵۆزتر بوون و تاکتیکی نوێی پەیوەست بە جەنگی ناهاوسەنگ یاخود ئاوێتەیان گرتۆتەبەر، کە زۆر مەترسیدارتر و ئاڵۆزترن، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی کەمتریان هەیە، دوورن لە چاوی دەزگاکانی ئاسایش. ناوی زۆربەی ئەو گروپانەی کە دوو دەیە لەمەوبەر کاریان دەکرد، لە ئارادا نەماون. ناوی نوێ و تۆڕی سەربەخۆی شانەکان کە خاوەنی فەرمان و بەڕێوەبردنی لامەرکەزیین سەریان هەڵداوە.
باندە تیرۆریستییەکان پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی وەکو تۆڕی کۆمەڵایەتییان قۆستۆتەوە و وەکو چەکێک بۆ دۆزینەوەی ئەندام و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی چەواشەکارانە بەکاریدەهێنن. هەروەک چۆن هێزەکانی ئاسایش لە شوێنکەوتنی تیرۆریستاندا پێشکەوتووتر و ئەزمووندارتر دەبن، گروپە تیرۆریستییەکان تەکنەلۆژیا بۆ یارمەتیدانی جوڵە، پەیوەندیکردن و خۆحەشاردان بەدەستدەهێنن و بەکاریدەهێنن.
وتەی فەیلەسوفێکی ئەڵمانیم دێتەوە یاد، “ئەوەی ناتکوژێت بەهێزترت دەکات”، کاتێک ئەوەم بیردەکەوێتەوە کە چۆن داعش موسڵی داگیرکرد و بەشێک لە خاکی عێراقی کۆنترۆڵکرد. ئەو سەردەمە ئازاربەخشە عێراقی خستە بەردەم دووڕیانێک و هەڕەشەی نەمانی دەوڵەتەکەی کرد. هاوڕێ ڕاستەقینەکانمان لەو ساتە سەختەدا دەرکەوتن و بۆ پشتیوانیکردن لە هێزەکانی ئاسایش و بۆ ڕاوەدونانی باندە تیرۆریستییەکان بەخێرایی جوڵەیان کرد. بەبێ ناسەقامگیری لە سوریادا ڕووخانی شاری موسڵ ئەستەم بوو، لەبەرئەوەی گروپە تیرۆریستییەکان هەمیشە بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ سوود لە ململانێ ناوخۆییەکان و نەبوونی ئاسایش لە ناوچە سنوورییەکان وەردەگرن.
ئەو وێرانکارییەی کە لەدوای داعش لە موسڵ و ئەنبار جێهێڵرا، زۆر بەرفراوان بوو. تیرۆریستان ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراویان لە کۆڵانەکانی شارە کۆنەکەدا تەقاندەوە و شوێنەوارە کلتووری و مێژووییەکان، شوێنی خوداپەرستی ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان و تایبەتمەندییەکانی تری شارستانیەتیان وێران کرد. ئەمەش سەرەڕای ئامانجی خراپەکارانەیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕیشەی هەمەچەشنی ئایینی و نەژادیی کۆمەڵگەی عێراق و ململانێ و هەڵگیرساندنی ململانێ و دابەشبوون لە نێوان چین و توێژەکانی دانیشتووان. بەکۆیلەکردن، کوشتن و ئاوارەکردنی یەزیدییەکان و مەسیحییەکان و تاڵانکردنی موڵک و ماڵیان ڕەنگە ڕوونترین بەڵگەبێت بۆ ئەمە.
عێراق بە ئازایەتی و قوربانیدانی گەلەکەی، پشتیوانیی دۆست، هاوبەش و کەسانی باش لە جیهاندا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. عێراق لانکەی شارستانییەتە و خاکی لێبوردەیی و فرەچەشنییە و ناتوانرێت لەلایەن دەمارگیر و توندڕەوەکانەوە شکستی پێبهێنرێت.
دوای سەرکەوتنمان بەسەر تاریکیی داعش، دەستمان بە ئاوەدانکردنەوە و چاکسازیی کۆمەڵگا کرد. لەگەڵ ئەوەی ئێمە دەگەڕێین و بەدواداچوون بۆ تۆڕە تیرۆریستییەکان دەکەین کە لە ناوچە دوورە دەستەکانەوە کاردەکەن، ئەوا بە هۆشداری دەمێنینەوە. ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان پەلیان بۆ زۆ وڵات درێژ کردووەتەوە. گروپێکی تیرۆریستی کە خۆی لە ئەشکەوتەکانی چیای حەمرین لە عێراق حەشارداوە، دابڕاو نییە لە جیهان. بەڵکو لەگەڵ ئەوانی دیکە کە لە بیابانی سینادا خۆیان حەشارداوە پەیوەندی هەیە، یاخود ڕێنمایی یاخود ئاڕاستەکردنی گشتییان لێوەردەگرێت، وە لەگەڵ گروپەکانی دیکەش لە ئەفغانستان، لیبیا، سۆماڵ و یەمەن کاردەکات.
ئەم گروپانە لە وڵاتانی ئەفریقا، ئەوروپا، ئەمریکای باکوور و باشوور شانەی نووستوو و هاندەریان هەیە. بە هەمان شێوە ڕەنگە لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکان لە هەندێک وڵاتدا کە کار بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە دەکەن، بەڕێوەببرێن. هەروەها ئەم ڕێکخراوانە سوود لە تۆڕێکی ئاڵۆزی چالاکییە نایاساییەکانی پارە پەیداکردنی وەکو بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر، قاچاخچێتیی نەوت، ڕفاندن و سەرانەسەندن وەردەگرن.
تیرۆریستان لە عێراق چیتر ناتوانن بە ئاسانی درۆن و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو بەدەست بهێنن و بەکاری بهێنن یاخود هێرش بکەنە سەر ئامانجە گرنگەکان، هەروەها توانای پلاندانان و دۆزینەوەی ئەندامیان نییە بۆ زیادکردنی ژمارەکانیان. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی جەنگی ناهاوسەنگی نوێ و جەنگی گەریلا، دەکرێت داعش تواناکانی بۆ دەستپێکردنی هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر دامەزراوەکانی ئاسایش و دامەزراوە هەستیارەکانی دەوڵەت پەرەپێبدات. پێویستە وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان پێکەوە کاربکەن و زانیاری هەواڵگری هاوبەشپێبکەن بۆ ئەوەی دەستڕاگەیشتنی ئەو گروپانە بە تەکنەلۆژیا بپچڕێنن، پشتیوانیی داراییان ببڕن و سەرکردەکانیان بکەنە ئامانج تا جارێکی تر کارەساتی موسڵ لە وڵاتانی دراوسێدا دووبارە نەبێتەوە.
بۆ زیاتر پابەندبوونی عێراق بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەغداد لە ئاستی باڵا میوانداریی 34ـەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کرد. سەرۆک، پادشا و ئەمیری وڵاتانی دۆست بەشدارییان لە لوتکەکەدا کرد. بەرلەوە عێراق بۆ چەسپاندن و بەدیهێنانی چەمکی ئاسایشی هەمەلایەنە، میوانداریی پاڵەوانێتی تۆپی پێی جامی کەنداوی عەرەب، کۆنفرانس و وۆرک شۆپ، سیمینار، دیدار و کۆبوونەوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کرد.
ئەم پێشکەوتنە لە سایەی قوربانیدان، ویست، نیشتمانپەروەری و پیشەیی بوونی هێزەکانی ئاسایش بەدیهاتووە و بوژانەوەی ئابووری بەدوای خۆیدا دەهێنێت. بە هەمان شێوە ئێمە بەشداری لە مەشقە سەربازییە فرەنەتەوەییەکانی وەکو شێری تامەزرۆ لە ئەردەن، ئەستێرەی گەش لە میسڕ و مەشقی دوولایەنە لەگەڵ هاوبەشەکان دەکەین. عێراق لە ساڵی 2024ـدا میوانداریی مەشقێکی ئاسمانیی دوولایەنەی لەگەڵ هێزی ئاسمانیی فەڕەنسا کرد و لە ساڵی 2025 مەشقێکی ئاسمانیی هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا ئەنجامدا. ئێمە بەشێوەیەکی بەردەوام بە ئاڕاستەی داهاتوویەکی گەش و دوور لە توندوتیژی و تیرۆر هەنگاودەنێین.
فەریقی یەکەم قەیس خەڵەف ئەل مەحمەداوی، جێگری فەرماندە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، عێراق
