پەیامی سەرەکیی سەرۆك
دەمەوێت بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم چاپەی گۆڤاری یونیپاس کە باس لە پێویستیی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییە توندڕەوەکان دەکات، سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ فەرماندەﯾﯽ ناوەندی ئەمریکا دەرببڕم.
دەوڵەتی یەمەن لە سەرەتاوە ئاگاداری مەترسییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی حوسی بوو و 20 ساڵ لەمەوبەر بەرەنگاری بووەوە. جەنگەکە هەتا ئەمڕۆ بەردەوامە.
گروپەکە توانی مەودای یاخیبوونەکەی فراوانتر بکات و بە سود وەرگرتن لە لاوازیی سیستەمە سیاسییەکە و پشتیوانیی بێسنووری ئێران لە ساڵی 2014 ـدا حکومەتەکەی ڕوخاند و سەنعای پایتەخت و شارەکانی دیکەی یەمەنی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.
شەڕی نێوان گەلی یەمەن و گروپەکە بە سەرکردایەتی حکومەتی دەستووری، هێزە چەکدارەکان و گروپە خۆڕاگرییە ناوخۆییەکان بە پشتیوانیی هاوپەیمانیەتیی دەستوورخوازی پێکهێنراو لەلایەن سعودیەوە لە مانگی ئازاری 2015، بەرەو بەرەنگاربوونەوەیەکی تەواو پەرەی سەند. ئەمە دەرەنجامی ئازادکردنی مەودایەکی بەرفراوانی خاکی لێکەوتەوە. بەداخەوە، ڕۆڵی هێزە دەرەکییەکان و کاردانەوەی لاوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە خواستی حوسییەکان شکایەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەڕای کوشتن و سەرکوتکردنی لە ڕادە بەدەر، حوسییەکان لە ملکەچکردنی زۆرینەی هاوڵاتیانی ڕەسەنی یەمەن شکستیان هێنا. حوسییەکان لێدان لە چەمک، شوناس، بیرکردنەوە، کولتوور و کەلەپووری یەمەنیان کردووەتە ئامانج. بەڵام سەرەڕای ئەو مەینەتی و قوربانیدانەی کە ئەزموونیانکرد، گەلی یەمەن خۆراگڕبوون و بۆ بەدەستهێنانەوەی ماف، ئازادی و دەوڵەتەکەیان جەنگاون. بەڵام گەلی یەمەن لەم شەڕە ڕەوایەدا هەست بە کەنارخراوی دەکەن. ئەوان باوەڕیان وایە کە کۆمەڵگەیەکی نێودەوڵەتیی “نەرم” بواری بە حوسییەکان داوە ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانیان لە دەرەوەی یەمەن فراوانتر بکەن هەتا ئەو ڕادەیەی کە ئێستا هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی عەرەب و ئاسایشی ناوچەیی و جیهانی دەکەن. ئەوان فڕۆکەخانەکان، بەندەرەکان و کارگەکانی بەرهەمهێنانی نەو و گازی ناوخۆی یەمەن و وڵاتانی دراوسێ دەکەنە ئامانج.
حوسییەکان لە چاو ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی تری وەکو قاعیدە و داعش مەترسییەکی گەورەتر بۆ سەر ئاسایش و ئاشتیی جیهانی دەخەنەڕوو، لەبەرئەوەی دەستیان بەسەر پێکهاتەکانی دەوڵەتی یەمەن و بەشێک لە توانا و چەکەکانی هێزە چەکدارەکانیدا گرتووە. بەدەر لەمەش، ئێستا خاوەنی جبەخانەیەکن کە لەلایەن کەرتی سەربازیی ئێرانەوە دابینکراون، لەوانە مووشەکی بالیستی و مووشەکی باڵدار، درۆن، بەلەم و کەشتیی بچووکی بێ سەرنشین.
ئەم گرووپە وەکو ڕێکخراوێکی یەکگرتوو بۆ جێبەجێکردنی پلانە ئێرانییەکەی هەنگاو دەنێت و بەشێوەی ئاشکرا و بە دیار چالاکی ئەنجامدەدات. وەک گروپە توندوتیژ و توندڕەوەکانی تر کە شانەی بچووک پێکدەهێنن، بە نهێنی خەریکی نزیکبوونەوە و چونە ناو لادێ و کۆمەڵگاکان دەبن، هێرشی لەناکاو و جەنگی گەریلایی ئەنجام دەدەن و پشت بە دامەزراندنی تاکەکەسی دەبەستن، کارناکات.
لەوەش مەترسیدارترە ئەوەیە کە گروپەکە بە دامەزراندنی نەوەیەک لە جەنگاوەر و شوێنکەوتووی تایفەگەری، چاندنی دووبەرەکیی تائیفەگەری لە کۆمەڵگادا، و دەستەبەرکردنی سەرچاوە ستراتیژییەکانی دابینکردنی بودجەی هەمیشەیی بۆ چەسپاندنی بەرنامەکەی کاردەکات و خۆی بۆ جەنگی درێژخایەن ئامادە دەکات.
بە دڵگرانییەوە ڕایدەگەیەنین کە حوسییەکان لە ڕێگەی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و دابینکردنی نایاسایی چەک و تەکنۆلۆژیای سەربازی بۆ میلیشیا حوسییەکانی، پشتیوانیکردنی بە پارە، هەواڵگری، بانگەشە و پڕوپاگەندەوە توانیویانە توانا سەربازییەکانی خۆیان پەرەپێبدەن.
جەنگی ئێران لە یەمەن لە ماوەی جەنگی غەزەدا پەرەی سەند. بە جوڵاندنی زیاتری میلیشیا حوسییەکان و بەکرێگیراوەکانی تر لە ناوچەکەدا، ئێران هەڵوێستی خۆی ڕوون کردووەتەوە. سەرنجی هەوڵە سەربازییەکانی خستووەتە سەر هەڕەشەکردن لە ڕێڕەوە کەشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان و چالاکییە تیرۆریستییەکانی کە لەلایەن حوسییەکانەوە لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن و هەتا دووری دەریای عەرەبی چڕکردووەتەوە. گرتنەدەستی گەرووی باب ئەل مەندەب، یەکێک لە ڕێڕەوە هەرە گرنگەکان بۆ گواستنەوەی جیهانی، ئامانجی سەرەکی ئێرانە و هەڕەشەیەکی ستراتیژییە بۆ سەر ئاسایشی جیهانی.
حوسییەکان لە ژێر ڕووخساری پشتیوانیکردن لە خەڵکی غەززە، هەست و سۆزی جەماوەر بەرامبەر بە جەنگی غەزە بۆ کۆکردنەوەی سەربازی و بانگەشەی ڕق و کینە دەقۆزنەوە.
ناتوانرێت بە تەنها لە ڕێگەی هاوپەیمانێتییە سەربازییە دەریاییەکان ڕێگری لە هەڕەشەی ئێرانی حوسی بکرێت، چونکە بە پلەی یەکەم کێشەیەکی زەمینییە و هێرشە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵآتی یاخیبووەکانەوە ئەنجام دەدرێت. هێرشە دەریایی و ئاسمانییەکان هەندێک لە ئامانجەکانیان پێکاوە و بەشێک لە تواناکانی حوسییەکانیان پەکخستووە، بەڵام ناتوانن ئامانجی لەناوبردنی توانای حوسییەکان و ڕێگریکردن لە ئۆپەراسیۆنە دوژمنکارییەکانیان بەدیبهێنن.
یەمەنییەکان لەو باوەڕەدان کە چارەسەر لە پشتیوانیکردنی حکومەتی دەستووری یەمەن، یارمەتیدان لە بەدەستهێنانەوەی دەوڵەت، ئازادکردنی ناوچەکان و تێکشکاندنی هێزە حوسییەکاندایە. ئەمە لە بنیاتنانی ئاسایش و سەقامگیری، ئاسایشکردنی گواستنەوەی جیهانی و بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئاسایشی درێژخایەن بۆ یەمەن یارمەتیدەر دەبێت. هەروەها پێویستە ئەوە هاوپەیمانییە فەرامۆش نەکەین کە لە بەرژەوەندی گەلی یەمەن و حکومەتە دانپێدانراوە نێودەوڵتییەکەیان پێکهێراوە.
ئێمە، هێزە چەکدارەکانی یەمەن، هەڵوێستی ئەمریکا لە پشتیوانیکردنی حکومەتی دەستووری و هەماهەنگی و هاوکارییە پێشکەشکراوەکان بە سوپای یەمەن، وە هەروەها هەوڵەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا و هێزە هاوبەشەکان لە بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردنی چەک و ماددەی هۆشبەر لە ئێرانەوە و ڕێگریکردن لە گەیشتنیان بە دەستی حوسییەکان بەرز دەنرخێنین.
ئێمە چاوەڕوانی پشتیوانیی زیاتر بۆ هێزە چەکدارەکانمان و پەرەپێدانی تواناکانیان و لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان دەکەین تا بتوانن ببن بە هاوبەشێکی کاریگەر لە بەرزکردنەوەی ئاسایشی دەریایی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. یەکەکانی هێزی دەریایی و پاسەوانی کەناراوەکان و هێزەکانی ئاسایشی سنوورەکانمان ئەرکی گەورە لە بوارەکانی ئۆپەراسیۆندا بەجێدەگەیەنن، بەڵام پێویستیان بە چەک، ئامێر، ڕاهێنان و پشتیوانی و هەواڵگریی ئۆپەراسیۆنی پێشکەوتوو هەیە.
ئێمە بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ وڵاتەکەمان و ڕێگریکردن لە هەڕەشەکانی ئێران و بەکرێگیراوەکانی، پشت بە پاڵپشتی هاوبەش، برا و دۆستەکانمان دەبەستین. سەقامگیریی ناوچەکە بەندە بە سەقامگیریی یەمەنەوە.
فەریق دکتۆر ساغیر مەحمود بن عەزیز، سەرۆکی دەستەی ئەرکان و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، کۆماری یەمەن
Comments are closed.