بە پشتبەستن بە هاوبەشییەکی سێ دەیەیی، ئەردەن و ناتۆ لە مانگی حوزەیرانی 2025، بە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی یاسایی دوولایەنە بۆ دامەزراندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی ناتۆ (NLO) لە عەممانی پایتەختی ئەردەن، هەنگاوێکی گرنگیان نا.
ڕێککەوتنەکە لەلایەن باڵیۆز یوسف باتاینە، بەرپرسی ئەرکیی شانشینی هاشمیی ئەردەن لە ناتۆ و خافێر کۆلۆمینا، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ناتۆ بۆ ناوچي باشوورییەکان، واژۆ کراوە.
”ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکی گەورەیە لە هاوبەشیی ستراتیژیمان لەگەڵ ناتۆ،“ باتاینە ڕایگەیاند. ”هەڵبژاردنی عەممان وەک بارەگای سەرەکی بۆ یەکەم فەرمانگەی ناتۆ لە ناوچەکەدا، ڕەنگدانەوەی ڕۆڵی گرنگی ئەردەنە لە برەودان بە ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.“
بڕیاری کردنەوەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی ناتۆ (NLO) لە عەممان
لە جاڕنامەی کۆتایی لوتکەی ناتۆ لە لیتوانیا لە مانگی تەمموزی 2023 ڕاگەیەندرا، و لە میانی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لە واشنتۆن لە مانگی تەمموزی 2024ـدا دووپاتکرایەوە.
”ئەو پەیوەندییەی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەردەندا هەمانە لە ئێستاوە زۆر تەندروستە. ئێمە بوارێکی زۆرمان بۆ هەماهەنگیکردن هەیە. ئێمە زۆربەی ئامرازەکانی هاوبەشیمان بەکاردەهێنین“ کۆلۆمینا ئاماژەی پێدا. ”کردنەوەی فەرمانگەکە گۆڕانکارییەکی گەورە دەبێت لە چۆنیەتی هەماهەنگیکردنمان لەگەڵ ئەردەن. ئەمەش ئاسۆ بۆ هەماهەنگی لە بواری زیاتر دەکاتەوە، ئامادەیی فیزیکیمان لە عەممان بۆ دابین دەکات کە بۆ خێراتر گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکانمان یارمەتیدەرمان دەبێت. فەرمانگەکە گرنگیی سیاسی هەیە، ئامادەیە بۆ بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە نایابەی کە هەیە و پشتیوانی لەو هەماهەنگییە پراکتیکییە دەکات کە لەگەڵ ئەردەن هەمانە.“
خاوەن شکۆ پاشا عەبدوڵلای دووەم بن ئەلحوسەینی ئەردەن ڕۆڵێکی گرنگی لە زیادکردنی هەماهەنگی لەگەڵ ناتۆدا هەبوو. لە بەیاننامەیەکی بڵاوکراوەدا لەلایەن وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەردەن ئاماژە بەوە کراوە کە بڕیارەکە دان بە ڕۆڵی سەرەکیی ئەردەن لە برەودان بە سەقامگیریی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا دەنێت، وە هەروەها لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە سنووربەزێنەرەکانی هاوشێوەی تیرۆر و توندڕەوی توندوتیژ، ستایشی دەستکەوتە درێژخایەنەکانی دەکات. سەرچاوەکان: ئەل جەزیرە، ناتۆ، ز جۆردەن تایمز
