من دەمەوێت سوپاسگوزاری خۆم بۆ هاوڕێکانمان لە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا دەرببڕم بۆ بانگێشتکردنی ئێمە بۆ بەشداریکردن لەم وەشانە گرنگەی یونیپاس، کە تیشک دەخاتە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشە ئاڵۆزانەی هەڕەشە لە سەروەریی نیشتمانی دەکەن. ئێمە لە ئەردەن بەهۆی شوێنکەوتەکەمان لە ناوچەیەکدا کە بە دەست چەندین ململانێوە دەناڵێنێت، کە ئەگەر وریایی هێزەکانی ئاسایشمان نەبووایە دەکرا بەسەر سنوورەکانەوە بڕژانەتە ناو وڵاتەوە، سەرمایەیەکی ئەزموونی مەیدانییمان بەدەستهێناوە.
هەموومان لەبیرمانە کە چۆن لە ساڵی 2006 تیرۆریستان لە عێراقەوە دزەیان کردە ناو ئەردەن و بە تەقاندنەوەی هۆتێلەکان کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا. ئەو هێرشانە لەلایەن قاعیدەوە کە ناوچەکانی باکور و ڕۆژئاوای بەغدای کۆنترۆڵکردبوو، لە عێراق پلانی بۆ داڕێژرابوو. هەرکاتێک ژینگەیەکی سەلامەت بۆ تیرۆر هەبوو، ئەوا دەبێتە شوێنی ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ یاخود ئەودیوی زەریاکان.
لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە سووریا و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی چەندین شار لەلایەن حکومەتەوە، ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان زەمینەیەکی بەپیتیان بۆ دروستکردنی بۆمب و دامەزراندن و ئامێربەندکردنی بۆمبە خۆکوژەکان دۆزیەوە. ئەو وڵاتانەی ئەجێندای کاری خراپەکارانەیان هەیە، لە هەوڵدا بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە پشتیوانی بەشێک لەم گرووپانە دەکەن. ئەردەن لە سەر سنوورەکانی سوریا تووشی قاچاخچێتیی بەرفراوانی ماددەی هۆشبەر بووەوە .زۆرینەی ئەو ماددە هۆشبەرانە لەلایەن ڕژێمی پێشوو و میلیشیا پشتیوانلێکەرەکانییەوە بۆ دابینکردنی دارایی ئۆپەراسیۆنەکانیان، بەدەستهێنانی چەکی پێشکەوتوو و لەناوبردنی پێکهاتەکانی ناوچەکە بەڕێوەدەبران .دۆخەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەورەی سەربازی لە نێوان هێزە چەکدارەکانی ئەردەن و قاچاخچییەکانی ماددەی هۆشبەر پەرەی سەند، وە سەربازەکانمان دوژمنیان تێکشکاند.
لەگەڵ کابینە و حکومەتێکی نوێ لە سوریا، لەو باوەڕەدام کە ئێمە دەچینە قۆناغێکی جیاوازەوە کە ئاماژەی ئەرێنی نیشان دەدات. قاچاخچێتیی بەرفراوان کەمی کردووە و سنووردارکراوە بۆ ژمارەیەکی کەمی قاچاخچی .سەرەڕای ئەوەش، ناتوانرێت بەڕێوەبردنی تەواوەتیی سنوورەکان لە شەوێکدا بەدی بهێنرێت.
چیتر بەناو ئیخوان موسلیمین بریتی نییە لە چوارچێوەیەکی کار بۆ کردەوەی گشتیی ڕاستەقینە. بەڵکو، بووەتە قەوارەیەکی دەرەوەی یاسا کە بە نهێنی جوڵە دەکات و ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە ئاسایش و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی دەکات .بوونی چەک و تەقەمەنی و چالاکییە نهێنییەکانیان لە گەڕەکەکانی نیشتەجێبووندا جێگەی پەسەندکردن نییە. هیچ دەوڵەتێکی خاوەن سەنگ ڕێگە بە وەفاداریی دوو لایەنە نادات، وە هیچ قەوارەیەکیش کە لە دەرەوەی دامەزراوە دەستوورییەکان کاربکات.
لە ساڵی ،2020 دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە لەلایەن ڕەوێک درۆنی هێواش و نزم فڕەوە کە ڕادار و بەرگریی ئاسمانییان تێپەڕاند، هێرشیان کرایە سەر. ئەم هێرشانە ئابوریی جیهانییان پەکخست و وڵاتانیان ناچار کرد ستراتیژی بەرگریی ئاسمانیی خۆیان بگۆڕن .دوای ڕووداوەکانی 7ـی مانگی تشرینی یەکەمی ،2023 ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا و کەمبوونەوەی کاریگەریی میلیشیاکانی سەر بە ئێران، جیهان شێوازێکی نوێی جەنگی نانەریتیی بەخۆیەوە بینی کە چەمکی شەڕکردنی ئاسایی گۆڕیووە .ئێستا ئێمە خۆمان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی نوێدا دەبینینینەوە کە جیاوازن لەوانەی لە 20 ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕوویان بووینەتەوە.
جیهان سەری لە توانای مووشەکیی ڕێکخراوی تیرۆریستی حوسی سوڕما، کە هێرشی کردە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و لە ڕێگەی گەرووی باب ئەل مەندەبەوە گواستنەوەی جیهیانیی ئیفلیج کرد. سەرەڕای هێرشە ئاسمانییە کوشندەکان بۆ سەر حوسییەکان، ئەوان توانای هەڵدانی مووشەکی بالیستییان لەدەست نەداوە و لە هەڕەشەکردن لە ئازادیی کەشتیوانی بەردەوامن. هیچ گومانێک لە ئارادانییە کە ئەو تەکنەلۆژیایانەی لەبەردەستی حوسییەکاندان لە ناوخۆدا بەرهەم نەهێنراون، بەڵکو لەلایەن ئەو وڵاتانەی خاوەنی ئەم توانایانەن دابینکراون. ئێمە ستایشی ڕۆڵی برایان و دۆستانمان دەکەین لە ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی هەواڵگری و سەپاندنی سزای دارایی بەسەر ئەو تۆڕانەی پاڵپشتی دارایی و پشتیوانی بۆ ئەم بۆ ئەم دێوەزمە تیرۆریستییە دابین دەکەن و وەک بەرەی پێشەوەی جوڵە دەکەن.
ناتوانرێت بە جەنگی نەریتی و نە بە یەک وڵات ئەم هەڕەشە ئاڵۆزانە تێکبشکێنرێن، بەبێ گوێدانە توانا سەربازییەکانی. بەڵکو، پێویستیان بە هەوڵی یەکخراوی ئاسایش و هەواڵگریی وڵاتانی دۆست هەیە. ئەگەر سزا نێودەوڵەتییە سەپێنراوەکانی سەر تۆڕەکانی پاڵپشتیی دارایی نەبوونایە، ئەوا نەماندەتوانی سەرچاوەکانی پاڵپشتیی دارایی تیرۆریستان بنبڕ بکەین. ئەگەر هەماهەنگییەکان لەگەڵ وڵاتانی دۆست نەبوونایە، ئەوا نەماندەتوانی ئەو لایەنگرانەی ناوی خوازراو لە وڵاتانی ناوچەکەدا بەکاردەهێنن و خاوەنی بەرەگەلێکن کە پشتیوانیی تیرۆر دەکەن بەڵام وەک بازرگانی ئاسایی لە ناو خەڵک دەردەکەون، دەستگیربکەین.
هاووڵاتیبوونی ڕاستەقینە بەردی بناغەی بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێزی ئەردەنە کە بتوانێت ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی و قەیرانەکان ببێتەوە، جا هەر شێوەیەکیان هەبێت. ئەمەش تەنها سنووردار نییە بە هەڵگرتنی ناسنامەی نیشتمانی، بەڵکو پابەندبوونێکی کرداری و بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە کە لە ئاکاری ڕۆژانەی تاک و دڵسۆزییان بۆ وڵاتەکەیان ڕەنگدەداتەوە. هەموو هاووڵاتییانی ئەردەن مافی یەکسانیان هەیە، و لە بەرامبەردا ئەرکی پەیوەندیدار بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری نیشتمان و پاراستنی یەکڕیزی وڵاتەکەیان لە ئەستۆدایە.
پێویستە هاووڵاتیان بۆ بوون بە ئەندامی بەرهەمدار و کارا لە کۆمەڵگادا، کار لەسەر گەشەپێدانی خۆیان و تواناکانیان بکەن .زۆر گرنگە جەخت لەسەر ڕۆڵی خێزان لە پەروەردەکردنی نەوەیەک بکرێتەوە کە بەها نیشتمانییەکان بەرجەستە بکات و باوەڕی بە کار و دەستکەوتی ڕاستگۆیانە هەبێت .بەهای هاوڵاتییەک بە کاری ئەرێنی و ئاکاری شارستانی دەپێورێت، نەک بە پەیوەندیی خێڵەکی یاخود ناوچەیی. پێویستە کار بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و یەکخستنی ڕیزەکانمان بکەین لە بەرامبەر هەوڵەکانی چاندنی ناتەبایی یاخود ڕق و کینە.
بە دڵنیاییەوە، لە ژێر سەرکردایەتیی خاوەن شکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم بن حوسێن و بە هەوڵ و کۆششی گەلی ئەردەن، ئەردەن لە سایەی ئەو هاووڵاتیانەی باوەڕیان بە نیشتمانی خۆیان هەیە بە بەهێزی و یەکگرتوویی دەمێنێتەوە.
مازن ئەل فاریا، وەزیری ناوخۆی شانشینی هاشمیی ئەردەن
