دوایین جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی تێپەڕ نەبوو؛ بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی ستراتیژی بوو کە سروشتی ئاکاریی ئێران و بیرکردنەوەی ڕژێمی تارانی لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی فشاری سەربازی، سیاسی یاخود ئابووریدا ئاشکرا کرد.
ڕووداوەکان سەلماندوویانە کە ئێران ڕێڕەوی دەریایی نێودەوڵەتی وەک خوێنبەرێک بۆ خزمەتکردنی ئابووری جیهانی تەماشا ناکات، بەڵکو وەک ئامرازێکی سەرانەسەندن و ڕێکەوتن لە هەرکاتێکدا پێویست بکات لە دژی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەکاریدەهێنرێت.
بۆ ساڵانێکی زۆر، گەرووی هورمز گرنگترین کارتی دەستی ڕێژیمی ئێران بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی لە ماوەی جەنگی ئەم دواییەدا ڕوویدا، ئەم کارتەی لە ئاستی هەڕەشەی سیاسییەوە بۆ ئاستی چالاکی کردەیی بەرزکردەوە. ئێران تەنها هەڕەشەی داخستنی گەرووەکەی نەکرد؛ بەڵکو مەترسییەکەی کرد بە واقیع، کەشتیوانی و ڕەوتی وزەی پەکخست و جیهانی ناچار کرد لە ژێر بەزەیی ڕژێمێکدا کە جوگرافیا وەک چەک بەکاردەهێنێت، ڕووبەڕووی تێچووی جێهێشتنی ڕێڕەوی ئاویی نێودەوڵەتی ببنەوە.
پێویستە بە وردی لە واشنتۆن و پایتەختەکانی دیکەی ڕۆژئاوا لێکۆڵینەوە لەم پێشینەیە بکرێت. داخستنی هورمز بڕیارێکی بەپەلە نەبوو، بەڵکو دەرئەنجامی چەندین ساڵ ئامادەکاری سەربازی، ئاسایشیی و هەواڵگری بوو. سوپای پاسدارانی ئێران بە یەکخستنی مینی دەریایی، بەلەمی خۆکوژ، مووشەکی ئاڕاستەدار، درۆن، تۆڕەکانی چاودێریکردنی کەناراوەکان و توانای هەڵگیرساندنی ئاژاوەگێڕی کە بازاڕەکان پەکدەخات و تێچووی بیمە، گواستنەوە و وزە دوو هێندە دەکات، سیستەمێکی بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتیوانیی دەریایی دروست کرد.
لەوەش مەترسیدارتر، ئێران بە جڵەوکردنی ڕێڕەوەکانی کەشتیوانی و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی ڕێکخستنەکانی تێپەڕین کە خزمەت بە دەسەڵاتە سیاسییەکەی دەکات، لەوانەش گفتوگۆکان لەسەر ڕێڕەوی جێگرەوە، کرێی پەڕینەوە و ڕێکخستنە ئاسایشییەکان کە بەڕێوەبردنی نادەستووریی یەکێک لە گرنگترین خوێنبەرەکانی بازرگانیی جیهانی بە تاران دەبەخشێت، هەوڵیداوە واقیعێکی نوێ لە گەرووەکەدا بسەپێنێت.
تەنانەت لە دوای واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و دەستپێکردنی گفتوگۆکان سەبارەت بە کردنەوەی گەرووەکە، ئێران لەسەر فشارەکان بەردەوام بوو. بەردەوام بوو لە هەڕەشەی داخستن و توانای پارێزراوی خۆی بۆ پەکخستنی کەشتیوانی، هەرکاتێک بیەوێت مەرجەکانی دانوستان بگۆڕێت. ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە کێشەکە بریتی نییە لە قەیرانێکی تێپەڕ، بەڵکو لە ڕێگەی چەمکێکی سیاسییەوە کە ناچارکردنی جیهان وەک ئامرازێکی ڕەوای گەیشتن بە دەستکەوتەکان دەبینێت، دروستکراوە.
ئەم وانە گرنگە سەبارەت بە هەڵسوکەوتی ئێران تەنها سنوردار نییە بە گەرووی هورمز. مەترسی ڕاستەقینە بریتییە لەوەی کە ڕەنگە ڕژێمی ئێران لە ڕێگەی حوسییە بەکرێگیراوەکانی خۆی لە یەمەن هەوڵی دووبارەکردنەوەی هەمان ئەزموون لە گەرووی بابل ئەل مەندەب بدات.
لە میانی جەنگدا، ڕژێمی ئێران و سوپای پاسداران زیاتر لە جارێک هەڕەشەی داخستنی بابل ئەل مەندەب و فراوانکردنی ڕووبەڕووبوونەوەکەیان بۆ دەریای سوور کرد. ئەمە بە تەنها هەڕەشەیەکی ڕاگەیاندن نەبوو، بەڵکو دەربڕینی ڕوانگەیەکی ستراتیژی بوو کە جڵەوکردنی خاڵەکانی خنکاندنی دەریایی هاوتای بەخشینی چەکی خنکاندنی ئابووریی جیهانی بە ئێران دەبینێت لە چەندین ناوچەدا.
ئەوەی ڕێگری لە میلیشیا حوسییەکان کرد لە میانی جەنگەکەدا هەنگاوێکی هاوشێوە بنێن بریتیە لە ڕاستییەکی جیۆپۆلەتیکی ئێجگار گرنگ: باب ئەل مەندەب، زۆربەی کەناراوەکانی دەریای سوور و تەواوی کەناراوەکانی کەنداوی عەدەن و دەریای عەرەب لە ژێر ڕکێفی حکومەتی دەستووریی یەمەندان. ئەم ڕاستییە نەک تەنها یەمەن بەڵکو بازرگانیی نێودەوڵەتیشی لە سیناریۆیەکی کارەساتبار پاراست کە دەکرا هورمز و باب ئەل مەندەب لە یەک قەیراندا بەیەکەوە ببەستێتەوە.
ئەگەر ئێران بتوانێت کاریگەری ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەسەر بابل ئەل مەندەب دروست بکات، ئەوا جیهان ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی بێ وێنە دەبێتەوە. داخستنی هورمز هێرش دەکاتە سەر ئەو دابینکارییە وزەیەی کە لە کەنداوەوە دێت، لە هەمان کاتدا پەکخستنی باب ئەل مەندەب بازرگانیی نێوان ئاسیا و ئەوروپا پەک دەخات، لە نێویاندا گواستنەوەی خۆراک و وزە، بە هەمان شێوە هەڕەشەش لە کەناڵی سوێس دەکات. ئەگەر لە یەک کاتدا هەردوو گەرووەکە هەڕەشەیان لەسەر بوایە، ئەوا دەرئەنجامەکانی ناوچەیی نەدەبوون، بەڵکو بە هەموو مانای وشەکە جیهانی دەبوون.
ئاسایشی دەریای سوور، باب ئەل مەندەب و کەنداوی عەدەن پرسێکی ناوخۆیی یەمەن نین، بەڵکو بەرژەوەندییەکی گرنگی نێودەوڵەتیین. هەر جۆرە نەرمی نواندنێک بەرامبەر بە پڕۆژەی ئێران لە یەمەن واتا ڕێگەدان بە تاران بۆ دووبارەکردنەوەی ئەزموونی هورمز، بەڵام ئەمجارەیان لە دەروازەی دەریای سوور.
ئەزموونەکان دەریانخستووە کە هاوپەیمانییە کاتییە دەریاییەکان بە دەگمەن دەستکەوت دەچننەوە. ڕەنگە کەشتییە جەنگییەکان مەترسییەکە کەم بکەنەوە، بەڵام ڕەگ و ڕیشەکەی چارەسەر ناکەن. ڕەگ و ڕیشەی ڕاستەقینەی مەترسییەکە لە بەردەوامبوونی میلیشیای حوسییەکان وەک بەکرێگیراوێکی چەکداری ئێرانی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، خاوەندارێتیی مووشەک، درۆن و بەلەمی تەقەمەنی، وە بەدەستگەیشتنی پشتیوانی، پارە و تەکنۆلۆژیادایە لە سوپای پاسدارانەوە.
لەوەش مەترسیدارتر، هەر نەرمی نواندنێکی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە میلیشیا حوسییەکان لە تاران و سەنعا وەک خواستێک بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندن لێکنادرێتەوە، بەڵکو وەک گڵۆپی سەوز بۆ پەرەسەندنی زیاتر لێکدەدرێتەوە. چیتر حوسییەکان تەنیا هەڕەشەیەکی ناوخۆیی نین کە بوونە هۆی کودەتایەک لە ناوخۆی یەمەن؛ بەڵکو ئەوان بوونەتە مەترسییەکی حەتمی بۆ سەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی و ئامادەترین ئامرازی ئێران بۆ دووبارەکردنەوەی ئەزموونی هورمز لە باب ئەل مەندەب و دەریای سوور.
چاوداخستن لە بەرامبەر چەکداریی حوسییەکان، مامەڵەکردن لەگەڵیاندا وەک بکەرێکی سیاسیی ئاسایی، یاخود پاداشتکردنیان بەو ڕێگا دانوستانانەی کە پابەندیان ناکات بە چەکداماڵین و وەستاندنی هەڕەشەکردن لە کەشتیوانی، ئەوا کات و شوێنیان بۆ پەرەپێدانی توانای دەریایی و مووشەکی پێدەبەخشێت. لەو ساتەوەختەدا، پرسیارەکە ئەوە نابێت کە ئایا هەڕەشە لە باب ئەل مەندەب دەکەن، بەڵکو چ کاتێک بۆ سەرانەسەندن لە جیهان دەقۆزنەوە؟
نەرمی نواندن بەرامبەر میلیشیا حوسییەکان سیاسەتێکی واقیعی نییە، بەڵکو دواخستنێکی زەرەرمەندی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەیەکی گەشەسەندووە. هەموو ڕۆژێک کە ئەم بەکرێگیراوە ئێرانییە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی یەمەندا دەمێنێتەوە، بریتییە لە ڕۆژێکی زیاتر بۆ بنیاتنانی مەترسییەکانی داهاتوو بۆ سەر یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییەکانی جیهان.
کاریگەرترین ڕێگا بۆ پاراستنی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە گەڕاندنەوەی دەوڵەتی یەمەنەوە دەست پێدەکات. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ درێژکردنەوەی سەروەری خۆی بەسەر هەموو خاکی یەمەن، بنبڕکردنی سەرچاوە دارایی و چەکدارکردنی حوسییەکان، وەستاندنی ڕەوتی ناردنی چەکی ئێران و مامەڵە لەگەڵ حوسییەکان وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی دەریایی و ئابووری جیهانی، پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەتی یەمەن بکات.
داخستنی هورمز هۆشدارییەکی پێشکەش بە جیهان کرد. ئەگەر ئێران گەرووەکە وەک چەکێکی بە مەبەست بۆ سەرانەسەندنی جیهانی بەکارهێنابێت، ئەوا میلیشیا حوسییەکان هەڕەشەی گۆڕینی باب ئەل مەندەب بۆ هورمزێکی نوێ دەکەن. ئەوە هەڵە دەبێت کە جیهان چاوەڕێی دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆ بکات.
سیاسەتی ئاسایشی دەریایی لەسەر بنەمای کردنەوەی گەرووەکان لە دوای داخستنیان بنیات نەنراوە، بەڵکو بە پلەی یەکەم لەسەر ڕێگریکردن لە داخستن بنیات نراوە. ئەگەر جیهان بۆ تاقیکردنەوەی ڕەفتاری ئێران لە هورمز باجێکی قورسی دا، ئەوا نابێت ڕێگە بە باب ئەل مەندەب بدات ئەو تاقیکردنەوە دووبارە بکاتەوە.
