هێرش و چالاکییە کردارییە زۆرەملێکانی هێزی دەریایی ڕژێمی ئێران، لەگەڵ تۆڕەکانی خۆدزینەوە لە سزا ئابوورییەکان کە لە ڕێگەی ڕێکخستنە ناڕوونەکانی کەشتیوانییەوە نەوتی ئێران دەگوازنەوە، مەترسیی زیاتر بۆ بەڕێوەبەرانی بازرگانی دروست دەکەن و بە درێژکردنەوەی ململانێی نێوان ڕژێمەکە و ئەمریکا تێچووی ئابووریی جیهان زیاد دەکەن.
لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێکانەوە لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی 2026، هێزەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشگێڕیی ئیسلامی (IRGC) بە مووشەک، درۆنی پڕچەک و درۆنی دەریایی بێ کارمەند هەڕەشە و هیڕشیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان ئەنجامداوە. سوپای پاسداران (IRGC) لە هەوڵەکانی بۆ چوونە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداوی عەرەبی، گەرووی هورمز و کەنداوی عومان، وە ناچارکردنیان بۆ چوونە ناو ناوچە ئاوییەکانی ئێران بەردەوامە، بەڕێوەبەرایەتیی دەریایی وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە.
هەتا 16ـی مانگی ئەیلول، ڕێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی (IMO) ڕوودانی 80 هێرشی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز و دەوروبەری لەگەڵ لانیکەم کوژرانی 22 دەریاوان پشتڕاستکردەوە. گەرووەکە خاڵێکی خنکاندنی سەرەکییە بۆ بازاڕەکانی وزەی جیهانی.

«ئێمە وا دەگەینە خاڵێک کە تێیدا ئەم ململانێیانە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و دەریاوانە بێتاوانەکان وەک بیانوویەک بەکاردەهێنرێت. ئەم ململانێیانە بۆ هێرشکردنە سەر دەریاوانە بێتاوانەکان بەکارمەهێنن،» ئارسێنیۆ دۆمینگێز سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی (IMO) لە مانگی ئەیلولدا داوای لە 176 ئەندامی ڕێکخراوەکە کرد، لە نێویاندا ئێران. بە هەمان شێوە ڕێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی (IMO) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هێرشە بازرگانییەکان کاریگەرییان لەسەر زنجیرەکانی دابینکاری، ئابووری نیشتمانی و بەکاربەرانیش دەبێت.
تۆڕەکانی ڕژێمی ئێران کەشتیگەلی نەوتهەڵگری سێبەر، کۆمپانیای کارتۆنی، گواستنەوەی کەشتی بۆ کەشتی و بەڵگەنامەی چەواشکردن بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو، گازی شل و بەرهەمە نەوتییەکانی تر بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بەکارهێناوە، ئەمەش هاوکات لەگەڵ شاردنەوەی سەرچاوەکانیان، بەگوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا.
لە مانگی تەمموزدا ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەو کەشتیانەی دەستنیشان کردووە کە ملیۆنان بەرمیل لە نەوتی ئێران دەگوازنەوە و پلانێکی پشتیوانیکراوی سەر بە سوپای پاسداران (IRGC)ـی ئاشکراکرد کە سەپاندنی باجی بیمەی ناچاریی بەسەر ئەو کەشتیانەی لە گەرووەکە دەپەڕنەوە لەخۆگرتبوو.
«بەهۆی ئەوەی ئابوورییەکەی لە دابەزینی خێرادایە و هەڵاوسان گەیشتووەتە ئاسی سێ ژمارەیی، ڕژێمەکە بۆ پارەی نەختینە لە هەوڵی بێوچاندایە،» وەزیری گەنجینەی ئەمریکا سکۆت بێسێنت ئاماژەی پێدا. «ئەمریکا ڕێگە بە ئێران نادات بازرگانیی جیهانی بخاتە ژێر مەترسییەوە یاخود کەشتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ پشتیوانیکردنی دارایی تیرۆر، شەڕانگێزی و چەوساندنەوەی سوپای پاسداران (IRGC) بەکاربهێنێت.»
هێزەکانی ئەمریکا توانای ڕژێمیان بۆ هێرشکردنە سەر دەریاوانە مەدەنییەکان و ئەو کەشتییە بازرگانییانەی بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن، لاوازکردووە، بەگوێرەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا.
ئەمە لە کاتێکدا، هەوڵەکانی ڕژێمی ئێران و تۆڕەکانی سەر بە ڕژێمەکە بۆ خۆدزینەوە لە سزا ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنی ململانێکان تێکدەدەن، وەک شرۆڤەکاران ئاماژەیان پێداوە.
دەرئەنجامەکانی چالاکییە زۆرەملێکانی ڕژێمی ئێران لەو وڵاتانەی هاووڵاتییانیان لە دەریادا کار دەکەن، بە توندی هەست پێدەکرێت.

وڵاتان بۆ پاراستنی کرێکارانی خۆیان هەنگاویان نا. بۆ نموونە، زنجیرەیەک هێرش لە مانگی تەمموزدا لە گەرووی هورمز بووە هۆی کوژرانی ئەندازیارێکی هیندی و برینداربوونی نۆ کەسی تر، ئەمەش وایکرد بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشتیوانیی هیندستان دەسەڵاتی خاوەن کەشتییەکان، بەڕێوەبەران و دەزگاکانی دامەزراندنی کارمەندی کەشتیەکان لە ڕەوانەکردنی دەریاوانی هیندی بۆ سەر ئەو کەشتییانەی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن، سنووردار بکات.
لە مانگی ئازاردا، وەزارەتی کرێکارانی کۆچبەری فلیپین هەر یەک لە دەریای عەرەبی، کەنداوی عومان و گەرووی هورمزی وەک ناوچەی ئۆپەراسیۆنی جەنگی دەستنیشان کرد. ئەمەش ماف بە دەریاوانە فلیپینییەکان دەدات ڕەوانەکردنیان بۆ ناوچە ئاوییە مەترسیدارەکان ڕەت بکەنەوە و داوا لە خاوەن کەشتییەکان دەکات هەلومەرجە ئاسایشییەکان بەهێزتر بکەن و قەرەبووی زیاتر پێشکەش بکەن. لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلول، فلیپین، کە گەورەترین دابینکەری دەریاوانە لە جیهاندا، ىڕیاری سەپاندنی قەدەغەکردنی کاتیی ڕەوانەکردنی دەریاوانەکانی بۆ ناوچە مەترسیدارەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەرچاوگرت.
بە هەمان شێوە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی لە دابینکردنی کارمەندی پێویست بۆ کەشتییەکان ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی زیاتر دەبنەوە، وە بۆ بیمە و ئاسایش پارەی زیاتر دەدەن.
بە درێژەدان بە تاکتیکی زۆرەملێی خۆی، ڕژێمی ئێران بە ئەنقەست ململانێکان درێژ دەکاتەوە و تێچووی جیهانی زیاد دەکات، شۆرۆڤەکاران ئاماژەی پێدەدەن.
