سەربازانی ئەندازیاری و ئەندازیارییە سەربازییەکانی کازاخستان کە لەگەڵ هێزی چاودێرانی کشاندنەوەی هێزی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDOF) لە بەرزاییەکانی جۆلان خزمەت دەکەن، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەرکەکەیانەوە لە مانگی نیسانی 2025 هەتا کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2026 زیاتر لە 1,200 پارچە تەقەمەنی نەتەقیویان لەناوبردووە.
هێزەکانی ئاشتیپارێزی کازاخستان جگە لە گەڕان، پاقژکردنەوەی کێڵگەکانی مین و پشکنینی تەکنیکی، 44 ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەیان ئەنجامداوە، وەزارەتی بەرگریی کازاخستان بڵاویکردەوە.
بەگشتی کەرەستەی تەقەمەنیی نەتەقیو لە گوللەی تانک و تۆپهاوێژ، مین، تەقەمەنیی سەر درۆن و ئامێری تەقینەوەی چێندراو پێکدێت، ڕائید ئێرنار ئامانتایولیی ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتیپارێزیی کازاخستان لە ئەلماتی ئاماژەی پێدا.
گەڕی پێشووی ئاشتیپارێزیی کازاخستان زیاتر لە 500 پارچە تەقەمەنی پاککردەوە. نزیکەی هەموو ئەو تەقەمەنیانە پاشماوەی ململانێکانی پێشوو بوون کە لە نزیک ناوچە چڕەکانی دانیشتووان ماونەتەوە.
جگە لە پاککردنەوەی مین و لەناوبردنی کەرەستەی تەقەمەنی، ئاشتیپارێزانی کازاخستان پاسەوانیکردنی جوڵاو و چۆڵکردنی پزیشکیش ئەنجام دەدەن. بەر لە ڕەوانەکردنیان، سەربازەکان لە ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتیپارێزی مەشقی تایبەتمەندی چڕیان وەرگرت.
لە مانگی شوباتی ،2026 دەستەیەکی نوێی ئاشتیپارێزانی کازاخستان بۆ جێگیرکردن لە بەرزاییەکانی جۆلان، لەگەڵ هێزی چاودێرانی کشاندنەوەی هێزی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDOF) مەشقەکانیان تەواوکرد.
موقەدەم ئیلیاس ئەلماتۆڤ، فەرماندەی گەڕی سێیەم، بە وەزیری بەرگری کازاخستان لیوا داورێن کۆسانۆڤی ڕاگەیاند کە سەربازەکانی ئامادەن ئەرکەکەیان جێبەجێ بکەن و شانازییەکی گەورەیە کە بەرپرسیارێتییەکی وەها جددی پێ سپێردراوە.
سەرچاوەکان: ڕۆژنامەی ئاستانا تایمز، دەزگای هەواڵی کازئینفۆڕم، کاپستان نیوز
