هاوکاریی مرۆیی و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان پایەی گرنگی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بوون. لە ژێر ڕۆشنایی دوایین ململانێکانی ناوچەکە، جیهان لە هانابردن بۆ بەخشندەیی ئەم وڵاتانە بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی دەرەوەی سنوورەکانیان بەردەوام دەبێت.
بەخشندەیی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو سنووردار نییە بە وڵاتانی دۆست. بۆ نموونە، سعودیە و ئیماڕات لە بەهاری 2019ـدا 95 تەن خۆراکیان بە قوربانیانی لافاوەکەی ئێران بەخشی. پشتیوانیی دارایی وڵاتانی کەنداو بە هەمان شێوە پشتیوانیی ئەو ئێرانییانەی کرد کە بەهۆی بوومەلەرزەیەکەوە لە 2003 زیانیان بەرکەوت.
هەرچەندە مەودای ئەم بەخشندەییە ئەوەندە زۆرە کە ناژمێردرێت، بەڵام لێرەدا چەند نموونەیەکی تر لەوەی کە چۆن دەوڵەتانی عەرەبیی کەنداو لە ڕێگەی وەبەرهێنان لە وڵاتانی دراوسێی خۆیاندا ئاشتەوایی بەرەوپێش دەبەن، دەخەینەڕوو.
ئیماڕات: ئۆپەراسیۆنێکی مرۆیی بە ناوی سوارچاکی جوامێری 3، ژیانی بۆ ملیۆنان خەڵکی دابڕاوی غەززە گەڕاندەوە. سوارچاکی جوامێری 3، هاوکاریی مرۆیی بەردەوامی 1,000 ڕۆژیی کە بە نزیکەی ڕێژەی 46%ـی کۆی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانی غەززە پێکدەهێنێت، پێشکەش کرد.

لە ڕێگە ئاسمانی، دەریایی و زەمینییەکانەوە، ئیماڕات خۆراک، دەرمان و ئاوی بۆ خەڵکی غەززە دابین کردووە. نانەواخانە، چێشتخانەی ناوەندی و نەخۆشخانەی دامەزراندووە، ژێرخانی زیانلێکەوتووی بنیاتنایەوە، بۆریی ئاو و وێستگەی پاقژکردنەوەی ئاوی داناوە و بە هەمان شێوە پشتیوانیی قوتابخانەکانی کردووە.
ئەرکێکی خێرخوازی پێشووتر کە پێی دەوترا سوارچاکی جوامێری 2، کە پێنج مانگی خایاند لە 2023، لە سوریا و تورکیا چارەسەری پزیشکی، دەرمان، خۆراک و پەناگەی بۆ قوربانیانی بوومەلەرزە دابین کرد.
ئیماڕات شانازی بە دروستکردنی ئەوەوە دەکات کە ناوی دەنێت «شێوازێکی نوێی فریاگوزاریی مرۆیی»، شێوازێک کە هاوکاریی مرۆیی لە هەڵسەنگاندنی سیاسی و ئەجێندا شاراوەکان جیا دەکاتەوە.
سعودیە: ناوەندی هاوکاری و فریاگوزاریی مرۆیی شا سەلمانی وڵاتەکە بە گشتی هەوڵەکانی خۆی لە یارمەتیدانی قوربانیانی یەمەنی لە جەنگی ناوخۆی درێژخایەنی وڵاتەکە چڕکردووەتەوە. 4.8 ملیار دۆلاری بۆ 1,219 پڕۆژە کە تیشکیان خستۆتە سەر خۆراک، چاودێریی تەندروستی، پەروەردە و کارە گشتیەکان، خەرج کردووە. بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکان، 1.1 ملیار دۆلاری تر لە سوریا و غەززە خرایە وەبەرهێنانەوە.
ناوەندی پاڵپشتیی پزیشکیی هێزە هاوبەشەکانی سعودیە، کە ئەرکی سەرەکیی برتییە لە دابینکردنی چاودێریی پزیشکی بۆ سەربازانی سعودیە، نۆ نەخۆشخانەی یەمەنیی کردەوە، کە لەلایەن 355 کارمەندی خاوەن پسپۆڕیی پزیشکیی جیاواز کە لە سەرانسەری ناوچە جوگرافییە جیاوازەکاندا هاوکاریی مرۆیی پێشکەش بە یەمەنییەکان دەکەن، بەڕێوەدەبرێن. ئەم نەخۆشخانە و نۆڕینگانە مانگانە چارەسەری دەیان هەزار نەخۆش دەکەن.
قەتەڕ: لە ڕێگەی باڵی مرۆیی خۆیەوە کە بە خێرخوازیی قەتەڕ ناودەبرێت، قەتەڕ 30 فەرمانگەی مەیدانی کە لە سەرانسەری جیهاندا هاوکاریەکانیان پێشکەش بە 22 ملیۆن کەسی سودمەند کردووە، بەڕێوەدەبات. یەکێک لە بەشدارییە دیارەکان بریتییە لە پشتیوانیکردنەکەی بۆ پڕۆژەیەکی ڕاهێنانەوەی جەستەیی و جێگیرکردنی ئەندامی دەستکرد لە ئەردەن کە جووڵە و لێهاتوویی بۆ منداڵانی پەل پەڕیوی غەززە دەگەڕێنێتەوە.
بە هەمان شێوە ڕۆڵی سەرەکیی قەتەڕ لە یارمەتیدانی چۆڵکردنی ئەفغانییە دۆخ ناسکەکان لە مانگی ئەیلوولی 2021، لە نێویاندا خوێندکارانی قوتابخانەی کچان کە ڕووبەڕووی چەوساندنەوە ببوونەوە، جێگەی ئاماژەپێدان بوو. وەک چۆن خاوەن پایە میر شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی لە وتارێکدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی پێدا: «ئەوە ئەرکی مرۆیی ئێمە بوو.»

کوەیت: کەرتی خێرخوازیی تەواو گەشەسەندووی کوەیت هاوکاریی مرۆیی وەک خۆراک، پەناگە و ژێرخانی پزیشکی و ئامێرەکان دابین دەکات. تیشکی خستۆتە سەر ئەو وڵاتانەی بەهۆی ململانێی ناوخۆییەوە دەناڵێنن، وەک سوریا، لوبنان، یەمەن و سۆماڵ.
ڕۆژنامەی کوەیت تایمز ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕێکخراوە مرۆییەکانی کوەیت بە گرنگیدان بە بەرزکردنەوەی خۆڕاگریی درێژخایەنی دانیشتوانی دۆخ ناسک، سەرنجیان لە پێشکەشکردنی یارمەتیی فریاگوزارییەوە دەخەنە سەر وەبەرهێنان لەو پڕۆژە گەشەپێدانە درێژخایەنانەی کە تەنانەت لە دوای ڕۆشتنی کارمەندانی فریاگوزاریی بیانیش لە پێشکەشکردنی سوودەکان بەردەوام دەبن.
بەحرەین: کاتێک جەنگی ناوخۆ لە سوریا قەیرانی پەنابەرانی لێکەوتەوە کە سەرچاوەکانی ئەردەنی دراوسێی سنووردار کرد، بەحرەین لە نێوان ئەو هاوبەشە سەرەکییانەدا بوو کە بە هانای براکانیەوە هات. دامەزراوەی مرۆیی شاهانەی بەحرەین بۆ پشتیوانیکردنی 100,000 پەنابەری سوری کە زۆربەیان لە کەمپەکانی ئەردەن دەژین، هەنگاوی نا.
لە کەمپی پەنابەرانی زەعتەری، بەحرەین چوار قوتابخانە کە خزمەتی بە زیاتر لە 4,000 قوتابی کرد، 500 یەکەی نیشتەجێبوون بۆ داڵدەدانی 3,000 پەنابەری سووری و نەخۆشخانەیەکی مەیدانیی بنیات نا. کەمپی ئاوارەکانی ئەزراق کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی تێدا بنیاتنرا کە لە 1,000 یەکە پێکهاتبوو. لە شاری ئیربید لە نزیک سنووری سوریا، بەحرەینییەکان تێچووی دروستکردنی قوتابخانەیەکی کچانیان دابین کرد.
وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بۆ وڵاتانی کەم دەرامەتی ناوچەکە بەخشەری بەخشندەن، بە ملیارەها دۆلار لە سەرچاوە و هەزاران کارمەند بۆ باشترکردنی ژیانی ئەو دراوسێیانەی تووشی قەیران بوون، وەبەرهێنان ئەنجام دەدەن.
