
پارێزگای ئەلحودەیدە لە ڕووی ستراتیژییەوە بە یەکێک لە گرنگترین پارێزگاکانی کۆماری یەمەن دادەنرێت، ئەمەش بەهۆی هەڵکەوتەکەی کە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە سەر دەریای سوور و نزیکیی لە باب ئەلمەندەب، یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان. بە هەمان شێوە گرنگییەکەی لەوەش دایە کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی میلیشیای تیرۆریستیی حوسییەکانە، لە ڕێگەی داهاتی بەندەرەکانییەوە، بەشێوەیەکی سەرەکی بەندەری ئەلحودەیدە، و هاوردەکردنی خۆراک، بەرهەمی نەوتی و کەلوپەلی بازرگانی.
میلیشیای تیرۆریستیی حوسییەکان بەندەرەکانی ئەلحودەیدە، ڕەئس عیسا و ئەلسەلیفیان بۆ چالاکیی نایاسایی، لەوانە قاچاخچێتی چەک و بەرهەمی نەوتی، وە بە هەمان شێوە بەشداریکردن لە چالاکییە گوماناویەکان و پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە توندڕەوەکان لە قۆچی ئەفریقا، وەک سۆماڵ، قۆستووەتەوە. هەروەها حوسییەکان لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان، ئامێربەندکردن و هەڵدانی بەلەمی بۆمبڕێژکراو، چاندنی مینی دەریایی لە کەناراوەکانی ئەلحودەیدە، ئەمە جگە لەوەی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەماهەنگی لەگەڵ ئەو تۆڕانەی چەتەی دەریاییدا دەکەن کە چالاکییەکانیان لە کەنداوی عەدەنەوە هەتا دەریای عەرەبی و زەریای هیندی درێژدەبێتەوە، هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی هێڵەکانی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە باب ئەل مەندەب دەکەن.
ئەم چالاکییانە لە سەر ئاستی یەمەن، ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا ئاسایش پەک دخەن، بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە نزیکەی 17%ـی دابینکاریی وزەی جیهان بە باب ئەل مەندەبدا تێدەپەڕێت. هەروەها لاوازبوونی ئاسایش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی کەشتیوانی و بیمەی دەریایی، ئەمەش لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا سەرەتاییەکان لە یەمەن بەشدارە و ئازارەکانی خەڵکەکەی سەختتر دەکات.
لەسەر بنەمای ئەم هۆکارانە، پێویستە حکومەتی یەمەن و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی پێکەوە کار بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هەماهەنگ بکەن، ئەمەش بە سەرۆکایەتیی سوپای نیشتمانیی یەمەن و بە پشتیوانیی هێزە نیشتمانییەکان و پاڵپشتیکردن لە ڕێگەی پشتیوانیی لۆژیستی و هەواڵگریی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان. ئامانجەکە بریتی دەبێت لە گرتنەوەی پارێزگای ئەلحودەیدە. ئەم دەستپێشخەرییە دەتوانێت ژمارەیەک ئامانجی ستراتیژی بەدەستبهێنێت، هەرە دیارترینیان:
- بڕینی هێڵە سەرەکییەکانی دابینکاریی میلیشیا حوسییەکان، کە لە بەردەوامیدان لە مانەوەیان یارمەتیدەر بووە.
- کەمکردنەوەی قاچاخچێتی چەک بۆ میلیشیاکان لە ڕێگەی بەندەرەکانی ئەلحودەیدە.
- دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە باب ئەل مەندەب. پارێزگاکە بنکەیەکی چارەنووسساز بۆ کۆکردنەوەی هەواڵگری و پشتیوانیی لۆژیستی بۆ بەرگریکردن لەم ڕێڕەوە بازرگانییە دابین دەکات.
- بە دەستهێنانەوەی دوورگە ستراتیژییەکان، لەوانە دوورگەی کەمران، کە میلیشیا حوسییەکان بۆ هەڵدانی بەلەمی بۆمبڕێژکراو و چاندنی مینی دەریایی بەکاریدەهێنن.
- لاوازکردنی توانای سەربازی و دارایی حوسییەکان، یارمەتیدان بۆ خێراکردنی ئازادکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتیاندا ماونەتەوە، لەنێویاندا سەنعای پایتەخت.
- لاوازکردنی بنکەی جەماوەریی حوسییەکان لە ناوچەی تیهامە.
ئێمە پێمان وایە دەتوانرێت سەرکەوتووانە ئەم ئۆپەراسیۆنە و بە شێوەیەکی خێرا و کارامە، وە بە کەمترین زیان ئەنجام بدرێت. جوگرافیای کەناراوەکانی پارێزگاکە ئاسانکاری بۆ جوڵەی هێزە دۆستەکان دەکات و جوڵەی دوژمن ئاشکرا دەکات، ئەمەش وایان لێدەکات لە ئاسمانەوە ببن بە ئامانجێکی ئاسان. بە هاوکاریی ڕێگا زەمینی و دەریاییەکان، هاوپەیمانییەکە دەتوانێت لە ناوچە ئازادکراوەکان و بەتایبەتی لە عەدەنەوە هێزە دۆستەکان ڕەوانە بکاتەوە.
هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، لە پێشەنگی ئەوانەوە هاوپەیمانی ستراتیژیمان، ئەمریکا، کە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا و کەشتیگەلی پێنجەمەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانیاندا، کە لە کەناڵی سوێس و دەریای سوورەوە درێژدەبێتەوە بۆ کەنداوی عەدەن هەتا دەگاتە دەریای عەرەبی و زەریای هیندی، لە بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی چەک و ماددەی هۆشبەر ڕۆڵێکی ئەرێنی بینیوە.
سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی پاسەوانی خۆشگوزەرانیمان لەیادە، کە بۆ لاوازکردنی میلیشیا حوسییەکان و دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لە باب ئەل مەندەب، لەلایەن فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکاوە ئەنجامدرا.
ئازادکردنەوەی پارێزگای ئەلحودەیدە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ یەمەن، دەستەبەرکردنی یەکێک لە قەرەباڵغترین ڕێڕەوە دەریاییەکانی جیهان و بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
