لەگەڵ بەردەوامبوونی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێران، بەشێک لە چاودێران بە پەلە شەڕەکەیان وەک قلیشانەوەیەکی کتوپڕی دروستبوو بەهۆی ڕەوتی ڕووداوەکانەوە لێکدایەوە. بەڵام ئەم جۆرە لێکدانەوانە چاوپۆشی لە واقیعێکی قووڵتر دەکەن. ئەوەی جیهان بەخۆیەوە دەیبینێت سەرەتای قەیرانێک نییە، بەڵکو لوتکەی ڕێڕەوێکی ستراتیژییە کە نزیکەی پێنج دەیەیە لە گەشەسەندندایە.
ئەو ناسەقامگیرییەی بەرۆکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووە، لە هەڵمەتی سەربازیی هەنووکەوە دەستی پێنەکرد. بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی بۆ ئەو بناغە ئایدیۆلۆژییانە دەگەڕێتەوە کە لە دوای شۆڕشی 1979 ڕژێمی ئێرانی لەسەر بنیات نراوە. هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە، سەرکردایەتی شۆڕش لە تاران چەمکێکی گرتەبەر کە بە ڕادەیەکی زۆر سنووری بەرژەوەندییە نەریتییەکانی دەوڵەتێک تێدەپەڕێنێت.
چەمکی “هەناردەکردنی شۆڕش” بوو بە بەردی بناغەی ڕوانگەی ستراتیژیی ئێران، سیاسەتێکی دەرەکی کە فراوانکردنی کاریگەری لە دەرەوەی سنوورەکان و داڕشتنەوەی ئاسۆی سیاسیی ناوچەکەی کردبووە ئامانج، پەیڕەوکرد.
بە پێچەوانەی ئامرازی نەریتیی دیپلۆماسی، ئەم ستراتیژە بە شێوەیەکی بەرچاو پشتی بە ناڕاستەوخۆ بەکارهێنانی ئامرازەکانی دەسەڵات بەستووە. ئێران لەسەر بنەمای دامەزراندنی لایەنی چەکداری ناحکومی، بنیاتنانی تۆڕی ئایدیۆلۆژی و برەودان بە توانای سەربازیی هاوتەریب، پەرەی بە شێوازێکی ئاڵۆزی دروستکردنی کاریگەری داوە. بە تێپەڕبوونی کات، ئەم ڕێبازە بۆ تۆڕێکی ناوچەیی ئاڵۆزی ئەو هێزە بەکرێگیراوانەی لە سەرانسەری چەندین شانۆی ململانێدا کاردەکەن، پەرەی سەندووە.
کاریگەریی ئەم ستراتیژە قووڵ بووە. ڕێکخراوەکانی وەک حزبوڵڵا لە لوبنان، حوسییەکان لە یەمەن و دەستەی چەکداری جۆراوجۆر لە عێراق تەنانەت بە کەمترین شێوەش بێت وەکو هاوپەیمانی سیاسی مامەڵەیان نەکردووە، بەڵکو بوونەتە درێژکراوەی ئۆپەراسیۆنی ستراتیژیی ئێران. لە ڕێگەی ئەم گروپانەوە، تاران توانیویەتی کاریگەری لەسەر ڕەوتی ململانێکان دروست بکات، دامەزراوە نیشتمانییەکانی دەوڵەت لاواز بکات و لە سەرانسەری ناوچەک فشار بخاتە سەر حکومەتەکان، هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە کە تا ڕادەیەک نکۆڵیکردنی ستراتیژیی پاراستووە.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم تۆڕەی بەکرێگیراوان، ئێران لە توانا سەربازییەکانی خۆی کە نیگەرانیی نێودەوڵەتیی بەردەوامی لێکەوتووەتەوە، وەبەرهێنانی زۆری ئەنجامداوە. بۆ چەندین دەیەیە بەرنامە ئەتۆمییەکەی سەرچاوەی گرژی بووە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە پرسی بنەڕەتیی سەبارەت بە نیازە ستراتیژییەکانی و ئاسایشی ناوچەکە دروستکردووە. هاوکات ئێران سیستمی پێشکەوتووی مووشەکی و تەکنۆلۆژیای درۆنی پەرەپێداوە، کە لە چەندین ململانێی ناوچەییدا بەشدارییان لە گۆڕینی هاوسەنگیی ستراتیژیدا کردووە.

ئەم توانایانە لەناوخۆی سنوورەکانی ئێران قەتیس نەکراون. تەنانەت بەشێک لەو تەکنەلۆژیا و شارەزاییانە بۆ گروپە تیرۆریستییە چەکدارە هاوپەیمانەکان لە ناوچەکەدا گواستراونەتەوە، بەمەش دەستڕاگەیشتنیان فراوانتر دەکات و توانا ناسەقامگیرکەرەکانیان بەرز دەکاتەوە.
ئەنجامی کەڵەکەبووی ئەم ڕێبازە ڕێچکەی ناسەقامگیریی ناوچەیی بووە کە سنووری ململانێ دیاریکراوەکان تێدەپەڕێنێت. لە چەندین نموونەدا، لایەنە پاڵپشتکراوەکانی ئێران بەشدارییان لە لاوازبوونی دامودەزگاکانی دەوڵەت، درێژکردنەوەی شەڕە ناوخۆییەکان و قووڵکردنەوەی ئەو قەیرانە مرۆییانەدا کردووە کە بوونەتە هۆکاری کوژرانی ملیۆنان هاوڵاتیی مەدەنی، شەپۆلی ئاوارەبوون و وێرانکردنی تەواوی ئابوورییە نیشتمانییەکان.
بە هەمان ڕادە کاریگەرییە بەرفراوانەکان لەسەر ئاسایشی جیهانی گرنگن. چەندین جار گرووپە پەیوەستەکان بە ئێران توانای خۆیان بۆ هەڕەشەکردن لە ڕێڕەوی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی و ژێرخانی وزەی جیهانی نیشانداوە. ڕێڕەوی ئاویی ستراتیژیی وەک دەریای سوور، گەرووی باب ئەل مەندەب، کەنداوی عەدەن و گەرووی هورمز هەموویان تووشی پەکخستن بوون کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە تۆڕی ناوچەیی ئێرانەوە هەبووە.
ئەم ڕێڕەوە دەریاییانە بە تەنها سامانی ناوچەیی نین؛ ئەوان خوێنبەری گرنگی ئابووریی جیهانیین. هەر جۆرە پەکخستنێکی بەردەوام لەم ڕێڕەوانەدا کاردانەوەی دروست دەکات کە سنووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدەپەڕێنێت و زیان بە بازرگانیی نێودەوڵەتی، بازاڕەکانی وزە و ئاسایشی جیهانی دەگەیەنێت.
بۆ داڕێژ و شیکارکەرانی سیاسەت، ئاڵنگاریی بنەڕەتی ئەم جەنگەی ئێستا تێدەپەڕێت. پرسە قووڵەکە بریتییە لە چارەسەرکردنی شێوازێکی ستراتیژی درێژخایەن، کە ئامانجی ئایدیۆلۆژی، جەنگی بەکرێگیراو و فراوانکردنی توانا سەربازییەکان یەکدەخات.
تێگەیشتن لەم ڕێڕەوە مێژووییە بەرفراوانە، مەرجێکی بنەڕەتییە. ئەو ناسەقامگیرییەی کە ناوچەکە بەدەستییەوە دەناڵێنێت، لە شەو و ڕۆژێکدا سەریهەڵنەدا، وە نە لە دەرەنجامی یەک ڕووبەڕووبوونەوەش بوو. بەڵکو، ئەوە دەرئەنجامی کەڵەکەبووی دەیان ساڵەی ئەو سیاسەتانەیە کە فراوانبوونی ئایدیۆلۆژی و زیادکردنی کاریگەریی ستراتیژیان بەسەر سەقامگیری ناوچەییدا لە پێشینەی کارەکان داناوە.
هەر گفتوگۆیەکی جددی سەبارەت بە داهاتووی ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەبێت لەم تێگەیشتنەوە دەست پێبکات. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەنیا بە دانپێدانان بە سروشتی سیستەمیی ئەم ئاڵنگارییە دەتوانێت چوارچێوەیەکی بەردەوام بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و ئاسایشی جیهانی پەرەپێبدات.
دەبێت لە سنووری ئەم چوارچێوە بەرفراوانەدا لەم جەنگەی ئێستا تێبگەین. جەنگەکە ڕەنگدانەوەی ئەو ساتەوەختەیە کە چیتر نەتوانرا بە تەنها لە ڕێگەی دیپلۆماسی یاخود ڕێگرییەکی سنووردارەوە دەرئەنجامەکانی ئەم ستراتیژییە درێژخایەنە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
بۆ چەندین ساڵ، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەو مەترسیانەی بەهۆی پەرەسەندنی توانا سەربازییەکانی ئێران و تۆڕی میلیشیا ناوچەییەکانیەوە دروست دەبن، مشتومڕیان کردووە. سەرەڕای ئەوەش، دواخستنی کرداری یەکلاکەرەوە مەترسیی خۆی هەبوو.
ئەگەر سیاسەتەکانی ئێران بەبێ سزادان بەردەوام بووبا، ئەوا جیهان لە ڕووبەڕووبوونەوەی واقیعێکی زۆر مەترسیدارتر نزیکتر دەبووەوە: ڕژێمێکی ئێرانی کە خاوەنی چەکی ئەتۆمییە و لە هەمان کاتدا تۆڕێکی بەرفراوانی گروپە چەکدارەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەپارێزێت. سیناریۆیەکی لەم شێوەیە نەک بە تەنها مەترسی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە دروست دەکات بەڵکو ئاڵنگارییەکی قووڵیش بۆ ئاسایشی جیهانیش دەهێنێتەکایەوە.
بۆیە، ڕووبەڕووبوونەوەکە تەنها لاپەڕەیەکی تر نییە لە ململانێکانی ناوچەکە، بەڵکو لوتکەی ستراتیژی ناسەقامگیرکەری ئێرانە کە بەدرێژایی دەیان ساڵ چڕتر بووەتەوە. جەنگەکە وەک بیرخستنەوەیەکە کە کاتێک وڵاتان هەڕەشەی سیستماتیکی پشتگوێ دەخەن، دواتر زۆرجار لە هەلومەرجێکی مەترسیدارتردا باجەکەی دەدەن.
