لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا لە مانگی ئازاری 2025 بە سەرۆکایەتی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی پاکستان، دەیان تیرۆریست لەناوبران و سەدان بارمتە لە شەمەندەفەرێک کە 440 سەرنشینی هەڵگرتبوو ڕزگارکران.
ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنەکە لەسەر ڕێبازێکی نوێ داڕێژرا. لە ساڵی 2024، لەدوای چەندین ساڵ لە زیادبوونی هێرشە تیرۆریستییەکان، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، شەهباز شەریف، ستراتیژییەکی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری “دووبارە بەهێزکراو”ـی ڕاگەیاند کە ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییە چڕکراوەکان بۆ ڕیشەکێشکردنی توندڕەوانی توندوتیژ لەخۆدەگرێت.
گروپێکی تیرۆریستی بە ناوی سوپای ڕزگاریخوازی بەلوچستان (BLA) بە تەقاندنەوەی هێڵی شەمەندەفەر لە بەردەم فارگۆنی شۆفێریکردنەکەیدا، بۆسەیان بۆ شەمەندەفەری جەفار ئێکسپرێس دانا کە بەرەو شاری پەشاوەر دەڕۆیشت. لەکاتێکدا شەمەندەفەرەکە ناچار بوو لە ناوچەیەکی دوور بوەستێت، چەندین کەس کوژران کە زۆربەیان سەرباز و کارمەندانی هێڵی شەمەندەفەر بوون.
سوپای پاکستان، هێزی ئاسمانی و فەیلەقی سنووری پاکستان لە ماوەی 36 کاتژمێردا گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە. ئەرکی سەرەکیی ڕاگرتنی تیرۆریستان و ڕزگارکردنی سەرنشینەکان بە لقی زەرراری سەر بە گروپی خزمەتگوزارییە تایبەتەکانی پاکستان سپێردرا.
ئەم سەربازە تەواو ڕاهێنراوانە لە دوورەوە بەشێک لە تیرۆریستانیان لەناوبردن و دواتر هێرشیان کردە سەر شەمەندەفەرەکە، لە فارگۆنێکەوە بۆ فارگۆنێکی تر پێشڕەوییان کرد هەتا شەمەندەفەرەکە لە تیرۆریستان پاککرایەوە.
هەر 33 توندڕەوەکەی سوپای ڕزگاریخوازی بەلوچستان (BLA) کوژران.
”بەهۆی بوونی خۆکوژانی خۆتەقێنەرەوە کە دەیانتوانی بەرگەکانیان
بتەقێننەوە و زۆرترین ژمارەی خەڵک بکوژن، ناچاربوون بە وریاییەکی
زۆرەوە پلانی ئۆپەراسیۆنەکە دابڕێژن،” لیوا ئەحمەد شەریف چاوودری، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییە گشتییەکانی نێوان دەزگا خزمەتگوزارییەکان رایگەیاند. “لە ماوەی تەواوی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا، تەنانەت یەک قوربانیش لە نێو بارمتەکاندا
تۆمار نەکراوە.”
کارنامەی نیشتمانی
پاکستان کارنامەیەکی نیشتمانیی 14 خاڵیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پەسەند کرد. هەرچەندە کرداری سەربازی بریتییە لە پێکهاتەیەکی گرینگی خەبات دژ بە تیرۆریستان بەڵام کارنامەکە جەخت لەسەر پێویستیی چاکسازیی دادوەری بۆ دەستگیرکردن و دادگاییکردنی توندڕەوانی توندوتیژ، وە هەڵمەتی ڕاگەیاندنی و پەروەردەیی بۆ کەمکردنەوەی سەرسامبوون بە توندڕەوەکان دەکاتەوە.
نوێکارییە پێشنیارکراوەکانی سەرۆک وەزیران شەریف بۆ ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری وڵاتەکە، گرنگیدانی زیاتر بە پێشلێگرتنی هێرشەکان لە ڕێگەی برەودان بە کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری لەخۆدەگرێت.
فەریق چاوودری داوای جێبەجێکردنی خێراتری کارنامەی نیشتمانیی کرد. دوای تەواوکردنی سەرکەوتووانەی ئەرکی ڕزگارکردنی شەمەندەفەرەکە، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە لە ساڵی 2024 دەزگاکانی چەسپاندنی یاسای پاکستان 59,775 ئۆپەراسیۆنی هەواڵگرییان ئەنجامداوە، وە 11,654 ئۆپەراسیۆنی تریان لە چەند مانگی سەرەتای ساڵی 2025 دەستیپێکردووە.
نزیکەی 1,250 تیرۆریست لە ساڵانی 2024 و 2025 “ڕەوانەی دۆزەخ کران”، لەکاتێکدا 563 کارمەندی ئاسایش لە میانی ئەرکدا کوژراون، فەریق چاوودری ئەمەی وت.
”ئێمە بەو شێوەیەی کە شایەنیەتی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین،” ناوبراو ڕایگەیاند. “ئێمە ئەوان، لایەنە ئاسانکارەکانیان، پشتیوانکەراکانیان لەناودەبەین،
ئاخۆ لە ناوخۆی پاکستان یان لە دەرەوەی پاکستان بن.”
بانگەوازێک بۆ یەکڕێزی
چەند ساڵی رابردوو زیادبوونی توندوتیژیی تیرۆریستی لە پاکستان بەخۆیەوە بینیووە، هەندێکیان لە سوپای ڕزگاریخوازی بەلوچستان (BLA) و هەندێکیشیان لە گروپە توندڕەوەکانەوە کە لە ناوچە سنوورییەکانی باکوور چالاکن، سەرچاوە دەگرن.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، سوپای ڕزگاریخوازی بەلوچستان (BLA) لە تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا لە وێستگەی شەمەندەفەری کوێتا 26 کەسی کوشت. سەرباز و بەرپرسانی حکومەت لەنێوان قوربانیانی هێرش و تیرۆرکرنەکانی تردا بوون. ئەمریکا و پاکستان سوپای ڕزگاریخوازی بەلوچستان (BLA)ـیان بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند.
لەبەر ڕۆشنیایی هێرشەکانی سەر شەمەندەفەر، سەرۆک وەزیران شەریف و سەرۆکی دەستەی ئەرکانی سوپا فەریوی یەکەم سید عاسم مونیر سوێندیان خوارد هەوڵەکانی توندڕەوەکان بۆ تێکدانی سەقامگییری پاکستان لەناوببەن. سەرۆک وەزیران لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی تیرۆریستی داوای یەکڕیزیی نیشتمانی دەکات.
حکومەتی ئەمریکا هاوسۆزی خۆی بۆ قوربانییەکانی هێرشی جەفار ئێکسپرێس نیشاندا و پشتگیری خۆی بۆ پاکستان دەربڕی.
”گەلی پاکستان شایەنی ئەوەن دوور لە توندوتیژی و ترس بژین. ئەمریکا وەک هاوبەشێکی نەگۆڕی پاکستان دەمێنێتەوە لە هەوڵەکانی بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتی و ئاسایشی هەموو هاووڵاتیانی وڵاتەکەی. ئێمە لەم کاتە سەختەدا لەگەڵ پاکستان هاودەنگ دەوەستین” باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئیسلام ئاباد ڕایگەیاند.
فەریق چاوودری وەکو یەکێک لە سەرسوڕهێنەرترین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ستایشی ئۆپەراسیۆنەکەی کرد، وە دووپاتیکردەوە کە لە میانی ڕزگارکردنەکدا هیچ یەکێک لەو سەدان سەرنشینەی شەمەندەفەرەکە زیانی پێنەگەیشتووە.
”سەبارەت بە ئۆپراسیۆنە ئەنجامدراوەکانی سەر شەمەندەفەرەکە، دەتوانرێت زۆر بە دروستی وەکو سەرکەوتووترین ئۆپەراسیۆنی ئەنجامدراوی ڕزگارکردنی بارمتە بناسێنرێت.” ناوبراو رایگەیاند.
