لەکاتێکدا هێزێکی ئەرکیی یەکەی هاوبەشی فالکۆن بەناو دارستانەکانی باکووری ئەترۆپیادا مانۆڕ دەکات، لە نزیک سنووری جێ ناکۆکدا لەگەڵ دۆنۆڤیای دراوسێی شەڕانگێزیدا، سەربازەکان ئاسمان بۆ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بێ تەل (UAV) و دەشت بۆ هێزە زەمینییە دوژمنکارەکان دەپشکنین. ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یاخیبووانی بە نەتەوە دۆنۆڤی، کە دڵسۆزن بۆ دەوڵەتی دراوسێ و هەوڵی ناسەقامگیرکردنی ناوچە کێشە لەسەرەکە دەدەن، لە نێو درەختەکاندا خۆیان حەشارداوە.
لەناکاو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دوژمن لە سەرووی هێڵی درەختەکانەوە دەردەکەوێت و یەکە پاسەوانییەکە دەکەوێتە بۆسەیەکی یاخیبووەکانەوە. سەربازانی هێزە ئەرکییەکە بەخێرایی و کاریگەریی کاردانەوەیان دەبێت، بۆ لەناوبردنی دوژمن و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی مانۆڕدەکەن. هەرچەندە هێرشەکە دەبێتە هۆی برینداربوونی سێ سەربازی هێزە ئەرکییەکە، بەڵام هاوڕێ چەکدارە فرەنەتەوەییەکانیان برینەکان دەپێچنەوە و بۆ ڕەوانەکردنی پزیشکی داوای کۆپتەرێک دەکەن.
وڵاتانی ئەترۆپیا و دۆنۆڤیا بریتیین لە وڵاتی خەیاڵی و ئۆپەراسیۆنەکە بەشێکە لە مەشقێکی ڕاهێنانی مەیدانی (FTX) لە هەماهەنگیی ناوچەیی 25 (RC 25)، کە لە 16 بۆ 27ـی مانگی حوزەیرانی 2025 بەڕێوەچوو. وردەکارییەکانی سیناریۆکە، لەلایەن فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (USCENTCOM) و پلاندانەرانی نەتەوە بەشداربووەکانەوە داڕێژراوە، ڕەنگدانەوەی ڕووداوەکانی جیهانە.
هەماهەنگیی ناوچەیی مانۆڕێکی سەربازی فرەنەتەوەییە کە لە ساڵی 2001ـەوە لەلایەن USCENTCOMـەوە ئەنجام دەدرێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرنامەی هاوبەشی پاسەوانیی نیشتمانیی ویلایەتیی ئەمریکا. نزیکەی 300 ئەندامی خزمەتگوزاریی سەربازی لە هەشت وڵاتەوە؛ کازاخستان، کۆماری قڕغستان، مەنگۆلیا، پاکستان، تاجاکستان، تورکمانستان (بێلایەن لە نەتەوە یەکگرتووەکان)، ئۆزبەکستان و ئەمریکا بەشدارییان لە RC 25 کرد.

ئەرمینیا، جۆرجیا و بەڕیتانیا چاودێرانیان نارد. مەشقی ئەمساڵ لەلایەن پاسەوانی نیشتمانیی ماساشوستسەوە لە کەمپی ئێدواردز لە بنکەی هاوبەشی کیپ کۆد بەڕێوەچوو. پاسەوانی نیشتمانیی ئاریزۆنا لە ساڵی 2024ـدا لە فۆنیکس میوانداری گەڕی پێشووی کرد.
RC 25 تیشکی خستە سەر سەقامگیری، پاراستن و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەرکی درێژخایەنی هەماهەنگیی ناوچەیی بۆ پەرەپێدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەیی لە ڕێگەی هاوبەشیی هەماهەنگ لە نێوان وڵاتانی بەشداربوو.
لە سیناریۆی RC 25ـدا، دۆنۆڤیا، دەوڵەتێکی جێنشینی گەورەتر و بەهێزترە لە ڕووی سەربازییەوە کە دوای ڕووخانی دەوڵەتی فیدڕاڵی دۆنۆڤی دروستبوو، بەرنامەی شەڕانگێزانەی بۆ ناوچە دەوڵەمەندەکانی سەرچاوە سروشتییەکانی ئەترۆپیای دراوسێی هەیە، کە دەیان ساڵ لەمەوبەر لە فیدراسیۆنی دۆنۆڤیا جیابووەتەوە و سەربەخۆیی بەدەستهێناوە.
لە وەڵامی داوای ئەترۆپیا بۆ یارمەتی نێودەوڵەتی، هێزێکی ئەرکیی هاوبەشی فرەنەتەوەیی لە ژێر ئەرکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ سەقامگیرکردنی باکووری ئەترۆپیا، شکستپێهێنانی یاخیبووانی دوژمنکار، پاراستنی خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی گرینگ، سەرکوتکردنی تاوانە ڕێکخراوەکان و ڕێگریکردن لە هەڕەشەکانی داگیرکردنی دۆنۆڤیا پێکهێنرا.
بەشداربووانی مەشقی دوای فەرمان (CPX)ـی RC 25، چالاکیی سەرەکی هەماهەنگیی ناوچەیی، وەکو دەستەی بارەگایەک پلانی ئۆپەراسیۆنەکانی سەقامگیرییان داڕشت و جێبەجێکرد. ئەفسەرانی فرەنەتەوەیی و ئەفسەرانی ناڕاسپێردراو (NCO) بەگوێرەی بوارەکانی پسپۆڕیی خۆیان دەستنیشان کران: ئۆپەراسیۆنەکان، کاروباری مەدەنی، ئۆپەراسیۆنەکانی زانیاری، هەواڵگری، لۆژیستی و هێزە تایبەتەکان. ئەوان سیناریۆ خەیاڵیەکانیان چارەسەرکرد کە مەبەست لێییان تاقیکردنەوەی توانای ئەوان بوو بۆ گونجاندن و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا لە ڕێگەی پەیوەندیکردن و کاری تیمەوە.
عەمید ڕوکن عەتیف ئیجاز، ئەفسەری باڵای پاکستان لە RC 25، جەختی لەسەر سوودە هاوبەشەکانی مەشقەکە بۆ وڵاتانی بەشداربوو کردەوە.

عەریفی دەستە کۆڵتن تێسنس/هێزی ئاسمانی ئەمریکا
”هەموومان هەوڵدەدەین لە یەکتر فێرببین، چونکە داینامیکی جیهانی زۆر بەخێرایی دەگۆڕێت،” ناوبراو ئاماژەی بەوەدا. “هەر بەشێکی ناوچەکە گیرۆدەی ئاڵنگارییە ئاسایشییە فرە ڕەهەندەکانە، ئەمەش سەکۆیەکی گەورەیە کە تێیدا دەتوانین کۆببینەوە و بیرۆکەکانمان لەسەر چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانە هاوبەشی پێبکەین، نەک تەنها لە بواری جوڵەدا، بەڵکو لە بواری بێ جوڵەشدا.”
فەرماندەیی عەریف ڕوکن مەنخبات گانتوموری مەنگۆلیا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پلە باڵا لە مەشقەکە، جەختی لەسەر سوودە بەردەوامەکانی چالاکییەکە کردەوە. ئەرکەکانی ئاشتیپارێزی و سەقامگیری بۆ هێزەکانی مەنگۆلیا شتگەلێکی نوێ نیین: ئەوان لە شوێنەکانی وەکو عێراق و ئەفغانستان خزمەتیان کردووە، بە هەمان شێوەش لە ئەرکەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان.
”لە ساڵی 2010ـەوە، ئێمە بەشداریمان لەم مەشقەدا کردووە”، سەرتیپ. مەیجر مەنخبات وتی. “ئێمە بە تایبەتی ئەفسەرانی دەستەکەمان بۆ برەودان بە زانیارییەکانیان دەنێرین، بەڵام بە هەمان شێوەیش بۆ هاوبەشیپێکردنی ئەزموونەکانی خۆمان.”
موقەدەم ڕوستامجۆن پولاتۆڤ، بەشداربووی پلەداری باڵا لە ئۆزبەکستانەوە، هاوڕایی خۆی دەربڕی کە هاوبەشپێکردنی ئەزموونەکان لەگەڵ هاوبەشانی وڵاتانی تر بۆ سەرکەوتنی مەشقەکە زۆر گرنگە.
”لێرەدا لە ڕووی تیۆریەوە خودی پلاندانانەکە زۆر هاوشێوەی ئەوەیە کە ئێمە ئەنجامی دەدەین، بەڵام جێبەجێکردنی پراکتیکی جیاوازە و ئا لەوێدا ئەزموون و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان گرنگن،” موقەدەم پولاتۆڤ ڕایگەیان.
بە شێوەیەکی گشتی هەماهەنگیی ناوچەیی بە دیاریکراوی تیشک دەخاتە سەر مەشقی دوای فەرمانی پەیوەست بە کاری سەر مێز، بۆیە بەشداربووان بۆ ئەم لەخۆگرتنە نوێیەی FTX و ڕاهێنانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی پێزانینیان دەربڕی.

عەقید محەمەد بۆبۆیۆنزۆدا، ئەفسەری باڵای تاجاکستان، گرنگیی فریاگوزاریی سەرەتایی شەڕ و ڕاهێنانی پزیشکی خستەڕوو.
”بەڕاستی ئەو جۆرە ڕاهێنانە ژیانی مرۆڤەکان ڕزگار دەکات،” موقەدەم بۆبۆیۆنزۆدا ڕایگەیاند.
ئەو سەربازانەی ئۆزبەکستان کە بەشدارییان لە مەشقە مەیدانییەکەدا کرد “زۆر بە جۆش و خرۆش” بوون سەبارەت بە مەشقە “ناوازەکە”. موقەدەم پولاتۆڤ ڕایگەیاند.
عەمید ڕوکن عەتیف بە هەمان شێوە ستایشی پەرەسەندنی هەماهەنگییە ناوچەییەکانی کرد بۆ لەخۆگرتنی سەربازەکان لە مەیدانەکەدا.
”مەشقەکە نایاب بوو. مەشقەکە کرداری بوو،” ناوبراو ڕایگەیاند. “لەگەڵ بوونی ئەمریکا وەکو وڵاتی میواندار و ئەو چالاکییە کردارییانەی کە پەیڕەوی دەکەن زۆر شت هەیە بۆ فێربوون، چونکە بەشداریکردنیان لە سەرانسەری جیهان و ئەزموونی جێگیرکردنی فرە پسپۆڕیی و جوڵەپێکردنی جۆراوجۆریان هەیە.”
جگە لە مەشقی پزیشکی، FTX ڕێگەی بە سەربازەکان دا خۆیان بە ئامێرە ئەمریکییەکانی وەکو کۆپتەرەکانی UH-60 Black Hawk ئاشنا بکەن، لە ناوچە شارنشین و گوندەکاندا مەشق بکەن و بەرپەرچی هەڕەشەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە دوژمنکارەکان بدەنەوە.
ڕاهێنانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بە چوار ڕۆژ وانە دەستی پێکرد کە تیایدا تیشک خرایە سەر بنەماکانی وەک شیکاری هەڕەشەی ئەلیکترۆنی و بەکارهێنانی ئامرازەکانی ڕاوەدوونانی هەڕەشەی ئەلیکترۆنی لەوانە ئاسایشی ئۆنیۆن و ئێلاستیک کیبانا. کە بە زانیارییەکان پڕچەک کران، بەشداربووان دەردەچن بۆ پێنج ڕۆژ ڕاهێنانی چالاک کە تیایدا بەرگری لە سیستمە کۆمپیوتەرییەکان دەکەن دژی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی RC 25 لە کۆتایی، بەشداربووان ڕایانگەیاند کە چالاکییەکانی ئەمساڵ سەرکەوتنێکی ئێجگار گەورە بوون.

عەریف ڕوکن مەنخبات، سەربازێکی دێرین لە هێزە تایبەتەکانی جێگیرکردنی شەڕ بۆ عێراق و ئەفغانستان و نوێنەرایەتییەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەفریقا، ستایشی سیناریۆ ڕاستەقینە و کاتیەکانی RC 25ـی کرد. هەماهەنگیی ناوچەیی بە “یەکێک لە کاریگەرترین مەشقەکان” بۆ هاندانی هەماهەنگیی لە نێوان بەشداربووانی فرەنەتەوەیی ناوزەدکرد.
فەرماندەی مەشقەکە موقەدەم لویس ڕۆدریگێز لە پاسەوانی نیشتمانیی ماساشوستس سەرسامی خۆی دەربڕی بۆ هاوکارە مەنگۆلییەکەی، عەریف ڕوکن مەنخبات دەربڕی. “ئەو ناوازەیە، بەڕاستی کارامەیە.” عەقیدەکە ئاماژەی پێدا. “شانازی دەکەم کە ئەو عەریف ڕوکنم بێت.”
موقەدەم پولاتۆڤی ئۆزبەکستان سوپاسی USCENTCOM و پاسەوانی نیشتمانیی ماساشوستسی کرد بۆ ڕێکخستن و میوانداریکردنی RC 25، بە جۆش و خرۆشەوە پشتیوانیی خۆی بۆ شێوازی فراوانکراوی مەشقەکان دەربڕی و داوای زیاتر ئەنجامدانی مەشقی هاوشێوەی کرد لە گەڕەکانی داهاتوودا.
بۆ چەندین ساڵ ئۆزبەکستان تەنها چاودێرێک بوو لە هەماهەنگیی ناوچەیی، بەڵام “ئێستا دەبێتە هاوبەش و بەشداربوویەکی تەواو، لەوانە بە ئەگەرێکی زۆرەوە، میوانداریکردنی ئەم مانۆڕە لە ئۆزبەکستان لە داهاتوودا.” موقەدەم پولاتۆڤ ڕایگەیاد.
بەرنامەی هاوبەشی پاسەوانی نیشتمانیی ویلایەتیی ئەمریکا یەکەکانی پاسەوانی نیشتمانیی ویلایەتەکان لەگەڵ سەربازەکانی وڵاتانی هاوبەش هاوتا دەکات. پاسەوانی نیشتمانی و وڵاتانی هاوبەش ئاڵوگۆڕی سەربازی بۆ سەربازی، مەشقی هاوبەش و هەماهەنگیی ئاسایشیی دیکە ئەنجام دەدەن لەگەڵ گرنگیدان بە هەماهەنگیی مەدەنی و سەربازی. لە دەستپێکردنییەوە ساڵی 1991ـەوە، بەرنامەکە گەشەی کردووە بۆ لەخۆگرتنی 115 وڵات.
هاوبەشییەکان کە لە RC 25 نوێەرایەتی کران بریتی بوون لە کازاخستان لەگەڵ پاسەوانی نیشتمانیی ئاریزۆنا، کۆماری قڕغستان، تورکمانستان لەگەڵ پاسەوانی نیشتمانیی مۆنتانای ئەمریکا، مەنگۆلیا لەگەڵ پاسەوانی نیشتمانیی ئالاسکا، تاجاکستان لەگەڵ پاسەوانی نیشتمانیی ماساشوستس و ئۆزبەکستان لەگەڵ پاسەوانی نیشتمانیی میسیسیپی.