لە ماوەی حەوت بۆ هەشت دەیەی ڕابردوودا، ئەم ناوچەیە نووقم بووە لە ئاڵنگاری و ململانێ. هەموومان بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی دیپلۆماسیەوە، لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەکانەوە کە ئامانجیان یەکلاکردنەوەی ناکۆکی و ململانێکانە، هەوڵمان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر داوە.
ئەوەی لەم دەستپێشخەرییانەدا کورتی هێناوە بیرتییە لە ئیرادەی سیاسی بۆ چەسپاندنیان، تا هەنگاوی ڕاستەقینە بنێن بۆ خستە جووڵە و بەدەستخستنی پلەی پێویستی نەرمی نواندن و کۆدەنگیی لایەنەکانی دانوستانکار کە ببێتەهۆی چەسپاندنیان.
پێویست دەکات ئەوە بڵێم کە ئەمە لە زۆر بۆنەدا تا ڕادەیەک بێهیواکەرە، هەندێک لەم دەستپێشخەرییانە لە مێژەوە هەن، بەجۆرێک لە جۆرەکان، چارەسەرێکی ئەگەریی تراویلکەییان پێکەشکردووە. ئەوان دەرفەتیان بۆ چەقبەستوویی و پاراستنی دۆخی ئێستا ڕەخساندووە وەک لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەسەر بنەمای ئەو دەستپێشخەرییانە.
ئەم دەستپێشخەرییانە لەسەر ئاستی نیشتمانی لە لایەن دەوڵەتە کاریگەرەکانەوە یاخود لەسەر ئاستی دامەزراوەیی لە لایەن ڕێکخراوەکانی وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمکاری عەرەبی یان یەکێتی ئەوروپاوە سەرچاوەیان گرتووە. لە زۆر بۆنەدا، ئەم دەستپێشخەرییانە سەرلێشێوێنەر و ناکاریگەر بوون.
پێموایە پرسەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئایا ئیرادەی سیاسی بۆ دەستکردن بە چەسپاندن یان جێبەجێکردن هەیە. لایەنی نێودەوڵەتی هەن کە خاوەن توانا، ئامراز و سەرچاوەی تەواو بۆ کارکردنە سەر دۆخەکە و بەدەستهێانی نەرمی نواندن و کۆدەنگی پێویست هەیە.
بەڵام هەموو ئەمە بۆ ئیرادەی سیاسی و توانای ئەوانە دەگەڕێتەو کە برەو بەو دەستپێشخەرییانە دەدەن بۆ جێبەجێکردنیان. ئەمە لە ململانێی غەززەدا ڕاستە، کە چارەسەری سیاسیی بۆی شتێکی زەحمەتە.
پێموایە هەمان شت لە ململانێکانی تردا بوونی هەیە، وەک لە لیبیا، کە دەستپێشخەرییە پشتیوانییکراوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەری سکرتێری گشتی نەیانتوانیوە کۆدەنگی بۆ دابینکردنی گفتوگۆیی نێوان لایەنە ناوخۆییەکانی لیبیا بەدەستبهێنن.
چارەسەری ناکۆکیی سیاسی لە نێوان بەشداربووانی جۆراوجۆری ململانێی لیبیا، بۆ دۆزینەوەی زەمینەیەکی هاوبەش لە بەرژەوەندی گەلی لیبیا، بەردەوامە لە دورخستنەوەی هەوڵەکانی دانوستانکارانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
هەر لەبەر سروشت و چەقبەستوویی ململانێکانی ناوچەکەیە کە دەستپێشخەری جۆراوجۆر، چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی یان ناوچەیی بن، لەلایەن دەستپێشخەرەکان یان لایەنەکانی ململانێکانەوە تووشی نەبوونی ئیرادەی سیاسی بوون.
ئێمەی پسپۆڕانی ئاسایش، کە ڕۆژانە مامەڵە لەگەڵ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دەکەین، تەنیا دەتوانین لە داکۆکیکردن لە بنەمای چارەسەرکردنی ئاشتیانەی ململانێکان بەردەوام بین و بەدوای دەستپێشخەرییەکدا بگەڕێین کە نەک تەنها پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت بەڵکو لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە لە ڕاستیدا بتوانرێت بچەسپێنرێن.
چەسپاندن لە ڕێگەی کاریگەری ئەو کەسانەوە دەبێت کە پشتیوانیی دەستپێشخەری ئاشتیی دەکەن یاخود ڕەزامەندی بەشداربووانی ململانێیەکیان بەدەستهێناوە.