کۆبوونەوەی شارەزایانی سەربازی، دیپلۆماسی و ئەکادیمی، لەنێویاندا ئەفسەرانی باڵای فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، گەیشتنە ئەو دەرەئەنجامەی کە گەلانی عەرەبی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیریدا بەشێکی گرنگن.
”کردنەوەی گرێی ئەستەم: پێشبینیکردنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” ناونیشانی کۆنفرانسی زانکۆی فلۆریدای باشوور بوو لە مانگی ئەیلوولی 2024. دامەزراوەی ئاسایشی نیشتمانیی و جیهانی زانکۆکە لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە شاری تامپا لە ویلایەتی فلۆریدا میوانداری چالاکییەکەی کرد.
”ئێمە لە کاتێکی مەترسیدارداین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا،” فەریقی یەکەمی خانەنشین فڕانک مەکێنزی، فەرماندەی پێشووی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ڕایگەیاند. “بەڵام پێشتر لە شوێنە خراپەکاندا بووین و لەوێشدا شتگەلێکی باش ڕوویانداوە.”
لەگەڵ درێژبوونەوەی شەڕی غەززە گێژاوی ناوچەکە قوڵتر بووە. وەکو هێزێکی ئیمپراتۆری داهاتوو، ئێران گەورەترین هێزی ناسەقامگیری بووە لە ناوچەکەدا، مەکێنزی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی ئاسایشی جیهانی و نیشتمانیی USF ڕایگەیاند.
ڕژێمی ئێران هاوپەیمانە توندڕەوە حوسییەکانی خۆی لە یەمەن چەکدار کردووە و هان داوە، وە بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی حوسییەکانەوە باجەکەی بریتی بووە لە قەیرانێکی مرۆیی و پچڕانی بازرگانی دەریایی لە دەریای سوور.
هێرشەکانی حوسییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو هاتوچۆی کەشتیوانی لە ڕێگەی کەناڵی سوێسەوە کەمکردووەتەوە و بەندەری بازرگانیی عەقەبەی ئەردەن زۆربەی کات بێ جوڵەیە، لیوا براندۆن تێگمایەر، سەرۆکی ئەوکاتەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ڕایگەیاند.
”هەموو ئەم هۆکارانە ناسەقامگیری ئابووری زیاد دەکەن” بۆ میسر و ئەردەن، فەریقی یەکەم تێگمایەر لە کۆنفرانسەکەدا بە ئامادەبووانی وت.
حکومەتی ئێران ستراتیژییەکی “جەنگی سێبەری”ـی گرتۆتەبەر کە لەڕێگەیەوە دەتوانێت ناسەقامگیری بەرپابکات و هاوکات لۆمەی ئەنجامەکان لەسەر خۆی لاببات. یاریکردن بە هێزە چەکدارە بەکرێگیراوەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکانی ئێران یەکێک لە بەشەکانی لەم جەنگە سێبەرەیە.
سەرەڕای مەترسییەکانی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئامادەبووانی کۆنفڕانسەکە ڕێکەوتنەکانی ئەبراهامیان وەکو بناغەیەک بۆ سەقامگیریی زیاتری ناوچەکە بە نموونە هێنایەوە. ڕێککەوتنەکان بریتیین لە زنجیرە ڕێککەوتنێک کە لە باشترکردنی پەیوەندییەکان، کە زۆربەیان پەیوەستن بە بازرگانی و وەبەرهێنانەوە، لە نێوان ڕکابەرە جیۆپۆلیتیکییەکانی پێشوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یارمەتیدەر بوون.
شێخ عەبدوڵڵا ئال خەلیفە، باڵوێزی بەحرەین لە ئەمریکا، کە لە کۆنفرانسەکەدا بە گرتەی ڤیدیۆیی دەرکەوت، داوای هەماهەنگیی لە ناوچەکەی کرد. ناوبراو وەکو بنەمایەک بۆ یارمەتیدانی سەقامگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی بە جاڕنامەی مەنامە کرد، کە بەیاننامەیەکی لایەنگریی ئاشتییە لە مانگی ئایاری 2024 لەلایەن سەرکردە عەرەبییەکانەوە دەرکرا.
دەنگە ناوچەییەکان بۆ ئاشتی، وەکو بەحرەین، ئەردەن، سعودیە و ئیماڕات، لە چارەسەرکردنی ناکۆکیەکاندا بەردەوام دەبن گێڕانی ڕۆڵی مەزن، قسەکەرانی کۆنفرانسەکە ڕایانگەیاند. مەکێنزی سعودیەی بۆ گرتنە ئەستۆی پێگەی سەرۆکی هاوپەیمانیی دژ بە ئێران بەربژێرکرد. سعودیە برەو بە پێگەی جوگرافی، سەرچاوەکان و دەسەڵاتی ئاکاریی خۆی دەکات تا ڕۆڵێکی لەو شێوەیە بگێڕێت، فەرماندەی گشتی پێشووی فەرماندەیی ناوەندی ڕایگەیاند.
ئەوانی تر ئاماژەیان بە گەشەسەندنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئیماڕات لەگەڵ ئیسرائیل کردووە، کە دەتوانێت سوودمەندیی سیاسیی بۆ کەمکردنەوەی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاربهێنێت. وەک یەکێک لە پێشکەشکارانی کۆنفرانسەکە ڕایگەیاند: ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام ” بریتیین لە شتانێک کە دەتوانرێت داهاتوو لەسەریان بنیات بنرێت”.
قسەکەران لە کۆنفرانسەکە ئەوەیان بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە کە خوێناویترین جەنگ لە مێژوودا، جەنگی جیهانی دووەم، بوو بە هۆکاری دروستبوونی یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ و زەمینەی بۆ ئاشتیی بەردەوام لەنێوان دوژمنە نەریتییەکاندا ڕەخساند. ماندووبوون لەگەڵ جەنگا دەتوانێت بارودۆخێکی هاوشێوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڕەخسێنێت.