بە برەودان بە کەرتی بەرگریی سعودیە، وەزارەتی وەبەرهێنانی سعودیە (MISA) و دەسەڵاتی گشتی بۆ پیشەسازییە سەربازییەکان (GAMI) لە مانگی ئەیلوولی 2024ـدا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ ئێلێترۆنیکای گروپی پێشەنگی بەرگریی ئیتاڵیا واژۆ کرد.
سعودیە هەوڵی زیادکردنی بەشداریکردنی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانی دەدات لە بەرهەمی ناوخۆیی شانشینی سعودیە بۆ 5.7%. وە یاداشتەکەی سعودیە و ئیتالیا زیادکردنی بەشداریی کەرتی تایبەتی سعودیە لە بەرهەمی ناوخۆیی سعودیە بۆ ڕێژەی 65% دەکاتە ئامانج. سعودیە ئامانجێکی دەستنیشانکردووە کە تا ساڵی 2030 نیوەی دابینکاریی بەرگریی وڵاتەکە لە ناوخۆدا بەرهەمبهێنێت.
واژۆکردنی ئەم یاداشتە لە میانی بەشداریکردنی MISA لە 50هەمین خولی کۆڕبەندی ئەمبڕۆسێتی لە مانگی ئەیلوولی 2024 ئەنجامدرا. ئەمە بریتییە لە کۆنفرانسێکی ساڵانەی ئابووریی نێودەوڵەتی کە لە شارۆچکەی سێرنۆبیۆی ئیتاڵیا لە کەنارەکانی دەریاچەی کۆمۆ بەڕێوەدەچێت.
لە سەکۆکەدا، نوێنەرانی MISA دەرفەتی وەبەرهێنانیان لە سعودیە خستەڕوو، تیشکیان خستە سەر ئەو هاندانانەی کە شانشینی سعودیە پێشکەش بە بەڵێندەرانی بەرگریی بیانی دەکات.
سەرکردایەتیی سعودیە وەکو بابەتێکی لەڕادەبەر پێویست بۆ ئاسایشی جیهانی سەیری هاوبەشیی لەگەڵ ئیتالیادا دەکات و بەمجۆرە لە هەموو ئاستەکاندا بە پەرۆشەوە بۆ چەسپاندنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کاردەکات. بۆ ئەم مەبەستەش، بەرپرسانی سعودیە و ئیتاڵیا بۆ تونکردنەوەی هەوڵەکان بۆ بەرەوپێشبردنی توانا سەربازییەکان، سەردانەکانیان یەکتریان کرد.
لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023، گویدۆ کرۆسێتۆ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا سەردانی ڕیازی کرد و لەگەڵ شازادە خالد بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعودیە کۆبووەوە. هەردوو بەرپرسەکە باسیان لە پێشنیارێکی ئیتاڵیا بۆ دروستکردنی کەشتییەکی جەنگی کرد کە بە سیستەمی بێ کارمەندی ئاسمانی و دەریایی چەکدارکرابێت.
لە بەرامبەردا، تەڵاڵ بن عەبدوڵڵا بن تورکی ئال عوتەیبی یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سعودیە لە مانگی ئایاری 2024 سەردانی ئیتاڵیای کرد. ناوبراو لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیا بەرگرییە باڵاکانی ئیتاڵیا کە تایبەتمەندن لە پیشەسازی دەریایی کۆبووەوە و گفتوگۆی لە بارەی هەماهەنگی لەو تەکنەلۆژیا و سیستەمانەی لەو کۆمپانیایانە داوای دەکەن بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی هێزە دەریاییەکانی شاهانەی سعودیە.
لە کۆتایی مانگی ئایاری 2024، کۆمپانیای کەشتیسازیی ئیتاڵی فینکانتیێری SPA بڕیاری دامەزراندنی لقێکی نوێی سعودی بە ناوی فینکانتیێری عەرەبستان (Fincantieri Arabia) ڕاگەیاند. بە گرنگیدان بە پیشەسازی دەریایی، فینکانتیێری عەرەبستان وەکو بەشێک لە بەرنامەکانی هەمەچەشنکردنی ڕوانگەی 2030 ـی شانشینەکە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هاووڵاتیانی سعودیە دەکاتە ئامانج.