لە مانگی ئەیلولی 2024، هێزی ئاسایشی موسەندەمی سوپای شاهانەی عومان، هێزی ئاسمانی شاهانەی عومان و هێزی تایبەتی شاهانەی بەحرەین مەشقێکی سەربازیی هاوبەشیان بە ناوی پڵنگی عەرەبیی 6 بۆ ماوەی 10 ڕۆژ ئەنجامدا.
بەشداربووان بریتی بوون لە ئەفسەرانی باڵای بەحرەینی و عومانی وەکو لیوا مەتەڕ بن سالم ئەلبەلوشی، فەرماندەی سوپای شاهانەی عومان و عەمید ڕوکن یاسر محەمەد ئەلماویدە، فەرماندەی کەرتی 24ـی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان.
پڵنگی عەرەبیی 6 لە ناوچە شاری و شاخاوییەکانی پارێزگای ئەل دەخیلیە بۆ ئاشناکردنی هێزی تایبەتی شاهانەی بەحرەین بە ئۆپەراسیۆنەکان لە بارودۆخە ماندووکەرەکان ئەنجامدرا. پارێزگاکە دەکەوێتە بناری چیای ئەلحەجەر کە بە بیابان دەورە دراوە.
ئەو سەربازانەی کە لە سیناریۆکانی جیهانی ڕاستەقینەدا ڕاهێنانیان پێکراوە بریتیین لە هێزی پیادە، هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت و هێزە ئاسمانییەکان بۆ نمایشکردنی شەڕێک کە پێویستی بە کارکردنی پێکەوەیی لقە جیاوازەکانی سەربازی ھەیە.
سەربازە بەشداربووەکان چەندین مانۆڕیان لەسەر فەرماندان و بەڕێوەبردن، جێگیرکردن و جێگرتنەوەی خێرا ئەنجامدا و پلانەکانیان بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە گریمانەییەکان و وەرگرتنەوەی ئەو خاکانەی کە لەلایەن دوژمنەوە داگیرکرابوون جێبەجێکرد.
پڵنگی عەرەبی 6 بەشێکە لە ڕاهێنانی هاوبەشی ساڵانە کە لەلایەن سوپای شاهانەی عومانەوە بۆ بەشداریکردن لەگەڵ سوپای وڵاتانی هاوبەش پەرەی پێدراوە. مەبەست لێی بەدەستهێنانی کارایی بەرزی شەڕکردنە، بە هەمان شێوە پێدانی ئەزموون بە سەربازەکان لە ئەرکە فرەنەتەوەییەکاندا.
بەحرەین و عومان سوودمەندن لە پەیوەندییە سەربازییە بەهێزەکەیان و بەرژەوەندی هاوبەشیان لە ئاسایشی ناوچەکەدا هەیە. هەردوولا ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداون. داینامیکی ناوچەیی، وەکو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی هێڵەکانی کەشتیوانیی دەریایی، هەماهەنگییە سەربازییەکانی نێوانیانی پێکهێناوە.
سەرچاوەکان: دەزگای هەواڵی عومان، muscatdaily.com ،alroya.om