لیژنەی هەماهەنگیی سەربازیی هاوبەشی بەحرەین و بەریتانیا لە وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا لە لەندەن لە ئەیلوولی 2024 بۆ 29هەمین جار کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە بە هاوسەرۆکایەتی فەریق عەبدوڵڵا بن حەسەن ئال نوعەیمی وەزیری کاروباری بەرگریی بەحرەین و سەرۆکی تیمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا کاشیف شاندی بەڕێوەچوو.
تەوەرەکانی گفتوگۆکە تیشکیان خستە سەر بەهێزکردنی هەماهەنگیی سەربازیی هاوبەش لە نێوان هێزی بەرگریی بەحرەین و وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا لە ڕێگەی بەردەوامیدان بە ئاڵوگۆڕی شارەزایی سەربازی و یەکخستنی بنەما و چەمکی سەربازییەوە.
لە درێژەی شەڕە سەربازییە بەرهەمدارەکاندا، فەرماندەی هێزی دەریایی بەحرەین شێخ عیسا بن سەلمان بن حەمەد لە تشرینی یەکەمی 2024 پێشوازی لە لیوا زاکاری ڕایمۆند ستینینگ، فەرماندەی ئەکادیمیای سەربازیی شاهانەی بەریتانیا ساندهێرس کرد.
شێخ عیسا بۆ ئامادەکردن و شایستەکردنی ئەفسەران، لەنێویاندا بەحرەینییەکان، تا بوتوانن لەگەڵ دوایین پێشهات و داهێنانەکانی بواری سەربازی و بەرگری هەنگاوبنێن، ستایشی ئەکادیمیاکەی کرد.
هەردوو وڵات پەیوەندییەکی بەهێزی مێژووییان لە هەموو ئاستەکاندا هەبووە. بەدرێژایی دەیان ساڵەی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات، پەیوەندییەکان گەشەپێدان و گەشەسەندنی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیووە، کە بە واژۆکردنی چەندین ڕێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن گەیشتە لوتکە. ڕێککەوتنە دووقۆڵییەکان بوارەکانی وەکو ئاسایش، سەربازی، تەکنەلۆژیا، ئابووری، ڕۆشنبیری و پەروەردە دەگرێتەوە.
لە ساڵی 2012ـەوە، هەناردەی چەکی بەریتانیا بۆ بەحرەین بە شێوەیەکی بەردەوام ڕووی لە زیادبوون کردووە. زیاتر لە 400 مۆڵەتی هەناردەکردنی ئامێری سەربازی بۆ بەحرەین بە بەهای ملیارەها دۆلار لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە پەسەندکرا. سەرچاوەکان: دەزگای هەواڵی بەحرەین، ئەل وەتەن، Shephardmedia.com