گەشەپێدانی مەشقی نوێگەرانە
شاندێک لە ئەفسەرانی باڵای عێراق سەردانی ناوەندی مەشقی نیشتمانیی سوپای ئەمریکایان کرد
دەستەی یونیپاس | وێنەکان لەلایەن ناوەندی مەشقی نیشتمانیی سوپای ئەمریکا
شاندێکی باڵای فەرماندەیی هێزە زەمینییەکانی عێراق لە 7 هەتا 12ـی مانگی شوبات بۆ پشکنینی تەکنیکەکانی ناوەندە سەربازییەکە و دامەزراوەکان، لە فۆرت ئێروین، ویلایەتی کالیفۆرنیا، سەردانی ناوەندی مەشقی نیشتمانیی سوپای ئەمریکایان (NTC) کرد. سەردانەکە چەندین وانەی لەسەر ڕۆڵی ناوەندی مەشقی نیشتمانیی سوپای ئەمریکا (NTC) لە یەکەکانی ڕاهێنان بەر لە ناردنیان بۆ ئەرکەکان لە بوارە جیاوازەکانی کارکردنیان، لەخۆگرتبوو. هەروەها شاندەکە لەگەڵ فەریقی یەکەمی سوپای ئەمریکا کێرت تەیڵەڕ، فەرماندەی ناوەندی مەشقی نیشتمانیی سوپای ئەمریکا (NTC)/فۆڕت ئێروین کۆبووەوە، کە لە سەردانێکی مەیدانیدا یاوەریانی کرد و ئامانجەکانی ناوەندەکەی بۆ خستنەڕوو. هەروەها شاندەکە لەگەڵ ڕاهێنەرانی ئەمریکادا ئەگەر و هەنگاوەکانی دامەزراندنی ناوەندێکی مەشقکردنی پێشکەوتوویان لە عێراق تاوتوێکرد. ڕاهێنەرەکان چۆنیەتی داڕشتنی پلانێکی وردیان بۆ دامەزراندنی ناوەندێک کە توانای مەشقپێکردنی هێزێکی بە قەبارەی لیوایەک هەبێت، کە پەیوەستبکرێت بە بەڕێوەبەرایەتی وانە فێربووەکان و ئەکادیمیا سەربازییەکان، ڕوونکردەوە. یونیپاس بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی گرنگی سەردانەکە، لەگەڵ فەریقی یەکەم قاسم حەمید عەباس ئەلجبوری، بەڕێوەبەری پلاندانان لە فەرماندەیی هێزە زەمینییەکانی عێراق کۆبووەوە.
یونیپاس: تێڕوانینت لەبارەی ئەم سەردانە و سوودەکانی بۆ عێراق چۆنە؟
فەریقی یەکەم قاسم: بەڕاستی ئێمە بەو شتانەی کە بینیمان و بەو مەشقە کوالێتی بەرزەی کە ناوەندی مەشقی نیشتمانی (NTC) پێشکەشی دەکات، زۆر سەرسام بووین. ئەوەی لە سەردانکردنی گۆڕەپانی مەشقکردندا بینیمان و لێی تێگەیشتین ئەوەیە کە چۆن فێرخوازان، ئاخۆ تاک سەربازەکان یاخود یەکەکان، بە بەکارهێنانی زەوییە بەرز و نزمەکان، ڕێگا ناڕێکەکان و شارە پڕ دانیشتووەکان لە شانۆی ئۆپەراسیۆنەکاندا ئەزموونێکی ڕاستەقینەی جەنگیان پێدەدرێت، کە ئەمەش یەکە سەربازییەکان پابەند دەکات وەکو ئەوەی لە شەڕێکی ڕاستەقینەدابن جوڵە بکەن. بە هەمان شێوە سەرکردەکانی ناوەندەکە سەرنج دەخەنە سەر ڕۆحی کێبڕکێ و کۆڵنەدان لە نێوان یەکە بەشداربووەکان و ئامادەبوونی تیمێکی ڕاهێنەری ئەزمووندار کە ڕۆڵی هێزەکانی دوژمن دەگێڕن. لەوەی چۆن دەجەنگن، فەرماندەکانی یەکە بەشداربووەکان بەرپرسیاریەتی تەواویان پێدەدرێت. فەرماندەکانی ناوەندەکە سیناریۆکانی جەنگەکە بۆ فەرماندەکانی لیواکە دەخەنەڕوو، پاشان دەکشێنەوە و چاودێری دەکەن، لە هەڵبژاردنی ئەو تەکتیکانەی کە یاریمەتی دەدەن لە بەدەستهێنانی ئامانجەکان ئازادی تەواو بە فەرماندەی لیواکە دەدەن. ئەم شێوازە ڕۆڵی فەرماندە بەهێز دەکات و ئەزموونی مەیدانیی زیاتر دەکات. دەمەوێت سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەم ئاڕاستەی ئەو فەرماندانە بکەم کە بۆ ڕوونکردنەوە و نیشاندانی وردەکارییەکانی ناوەندەکە و ئەرکەکانی هەموو هەوڵێکی خۆیاندا.
یونیپاس: ئایا ئارەزوو دەکەیت ناوەندێکی هاوشێوە لە عێراق دابمەزرێنیت؟
فەریقی یەکەم قاسم: هەموو ئەو ئەفسەرانەی کە لەم سەردانەدا یاروەریانکردم سەرسامبوون و بە ناوەندەکە و ڕۆڵیان لە بەرەوپێشبردن و چڕکردنەوەی لێهاتووییەکانی لقەکانی هێزەکانی ئاسایش بەدڵبوو. بە تەواوی ئومێدەوارین کە سوپای عێراق بتوانێت ناوەندێکی هاوشێوەی ئەم دامەزراوە سەرسوڕهێنەرەی هەبێت. ناوەندێکی لەو شێوەیە تواناکانی سوپای بوێری عێراقی پەرەپێدەدات و لە ڕێگەی ھاوشێوەکردنی ژینگەکانی جەنگ و تەکتیکی شیاو بۆ ناوچە جیاوازەکان توانای مەیدانییان پێدەبەخشێت. لە ڕێگەی مەشق و دروستکردنی ئەزموونێکی جەنگی ڕاستەقینە بۆ فەرماندە و سەربازەکان، تواناکانی بەرز دەکاتەوە. ئاخۆ لەسەر ئاستی ئەو یەکەیەی کە بۆ مەشقکردن هاتووە یاخود ئەو کارمەندانەی ناوەند کە ڕۆڵی هێزی دوژمن دەگێڕن، توانای سەرکردایەتی و پرۆسەی بڕیاردانی فەرماندەکان لە بەڕێوەبردنی جەنگەکاندا بەرز دەکاتەوە.
یونیپاس: ئەدای کرداریی هێزەکان لە ناوەندەکەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن، وەک ڕاهێنەران و هێزە جێگیرکراوەکان؟
فەریقی یەکەم قاسم: لە ڕێگەی کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ فەرماندەکان و کارمەندانی دیکە، ئاخۆ ئەو هێزانە بووبن کە مەشقیان پێدەکرا یاخود ئەوانەی ناوەندەکە کە ڕۆڵی دوژمن دەگێڕن و لەو شتانەی لە گۆڕەپانەکاندا بینیمان، ئەم هێزانە مەشقی ئاست بەرزیان وەردەگرت. سەرجەم بەشداربووان ئەزموونی مەیدانییان لە هەموو ئاستێکدا بەدەستهێنا. هەردوو لایەن سەربازەکان و ئەفسەرەکان ئاستێکی بەرزی مەشق و لێهاتوویییان نیشان دا، کە یەکگرتوویی و کاریگەرییان لە بەرەکانی جەنگی ڕاستەقینەدا مسۆگەر دەکات. ئێمە سەیری هێزێکمان کرد بە قەبارەی لیوایەک کە بە ئامانجی ئازادکردنی ناوچەیەکی سەخت لە هێزێکی جێگیرکراوی دوژمن، چووە ناو شانۆی ئۆپەراسیۆنەکانەوە. فەرماندەی لیوا و دەستەی ئەفسەران ئازادیی پلاندانان و جێبەجێکردنی ئازادکردنی ناوچەکەیان بە کەمترین زیانی مرۆیی و ماددی پێبەخشرا. سیناریۆکە ئاڵنگارییەکانی لە گەیاندنی پێداویستییەکان بۆ هێزە پێشڕەوەکان و ئاڕاستەکردنی سەنگەرەکانی لەخۆگرتبوو. لە لایەکی ترەوە، فەرماندەکانی دوژمن بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی لیواکە و پاراستنی خاکەکەیان بەربەستی بەرگریی بەهێزیان دانا. پلانیان داڕشت و لەگەڵ گۆڕانکاریی بارودۆخی گۆڕەپاندا گونجاندیان. جیاوازی نێوان ئەم ناوەندە و ناوەندەکانی مەشقی فیرقە ئەوەیە کە لیواکە بارەگاکەی بەجێدەهێڵێت و بە هەموو ئامێرەکانیەوە دەجووڵێت وەک ئەوەی بەرەو هێڵی پێشەوە پێشڕەوی بکات. دەکرێت جوڵەکردنەکە لە بارەگاکەیەوە بۆ ناوەندەکە چەند ڕۆژێک بخایەنێت. لەگەڵ گەیشتنیان، لیواکە لە شانۆی ئۆپەراسیۆنەکانی خۆیدا جێگیر دەبێت، وە سەربازەکان بۆ ماوەی 14 ڕۆژ (ماوەی مەشقەکە) لەو چادرانەدا کە لەگەڵ خۆیاندا هێناویانە دەژین. هەر سێ ڕۆژ جارێک بۆ تاوتوێکردنی هەر هەڵەیەک و چۆنیەتی خۆپاراستن لێیان، کۆبوونەوەی جیاواز لەسەر ئۆپەراسیۆنەکان، هەواڵگری و لۆجستی دەبەسترێت. ئەدای کرداریی یەکەکان بە بەکارهێنانی هەستەوەری جۆراوجۆر و تەکنەلۆژیای وردبوونەوە و شوێنهەڵگر کە بە هەموو سەربازەکان و ئامێرەکانیانەوە چەسپێنراوە، لەلایەن فەرماندەکانی ناوەندەکەوە چاودێری دەکرێت. ئەمانە قوربانییەکان و زیانەکان لە گۆڕەپانەکەدا چاودێری دەکەن و تۆماردەکەن و ئاماژە بە ڕەوتی ئۆپەراسیۆنەکان دەکەن. لە ئەنجامدا، هەموو ئەندامانی لیواکە ئەزموونی کەڵەکەبوو کە دەتوانرێت لە سیناریۆکانی ژیانی ڕاستەقینەدا بەکاربهێنرێت، بەدەست دەهێنن. هەروەها فەرماندەکانی هێزی دوژمن ئەزموونێکی زۆر کە دەتوانرێت لە جەنگەکانی ژیانی ڕاستەقینەدا بەکاربهێنرێت، بەدەست دەهێنن.
یونیپاس: تا چەند هاوبەشیکردن لەگەڵ سوپای ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی هێزە زەمینییەکانی عێراق گرنگە؟
فەریقی یەکەم قاسم: هەمووان دەزانن کە سوپای ئەمریکا، بە توانا، تەکنەلۆژیا و لێهاتووییەکانیەوە، لە هەردوو ڕووی ماددی و ورەوە، بەهێزترینە لە جیهاندا. ئەزموونێکی زۆری لە جەنگکردن لە ناوچە و بارودۆخی جیاوازدا هەیە. گومانی تێدا نییە کە بە هاوبەشیکردن لەگەڵ هێزەکانمان، بەتایبەتی هێزە زەمینییەکان، سوپای ئەمریکا بۆ بەرزکردنەوەی ئامادەیی یەکەکانمان بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانیان بە تەواوی، دەتوانێت شتی زیاتر پێشکەش بکات. هاوبەشییەکی لەم چەشنە سوود بە هەردوو هێزی زەمینی خۆمان و سوپای ئەمریکا دەگەیەنێت. بە کارکردن لەگەڵ سوپای ئەمریکا لە عێراق، ئێمە سوودمان لە ئەزموونیان لە پلاندانان، ئۆپەراسیۆن و لۆجستی وەرگرت. لەبەرامبەردا، سوپای ئەمریکا لە شارەزاییمان بە خاک و خەڵک، بە هەمان شێوە ئاشنابوونمان بە جەنگان لە ژینگە سەختەکانی وەکو چیای حەمرین و ناوچە بیابانییەکانی ڕۆژئاوای عێراق، کە بە ژینگەیەکی نائاشنا بۆ ئەوان هەژمار دەکرا، سوودی وەرگرت. ئێمە لە ڕێگەی ناوەندەکانی ڕاوێژکاری و مەشقکردنەوە لەگەڵ سوپای ئەمریکا کار دەکەین، لەو شوێنەدا کە بە تەکنەلۆژیا و تەکتیکی هاوچەرخ کە جیاوازن لەوەی پێشتر هەمانبوو ئاشنای کردین. ئەمەش سوودی بۆ ئامادەیی و پتەوی هێزەکانمان هەبووە.
یونیپاس: ئایا دەتوانیت باسی ناوەندەکانی مەشقی سوپای
عێراقمان بۆ بکەیت؟
فەریقی یەکەم قاسم: ئێمە لە سوپای عێراقدا ژمارەیەکی زۆر ناوەندی مەشقکردنمان هەیە کە لە مەشقی تەکتیکی سەربازییدا تایبەتمەندن. ئەم ناوەندانە ژمارەیەکی زۆر لە دامەزراوانی نوێ وەردەگرن و مەشقی سەرەتایییان بۆ دابیندەکەن، وە پاشان لە یەکە سەربازی و لەشکرە جیاوازەکاندا جێگیر دەکرێن. لەوێدا لەسەر ئەو لێهاتویی و پسپۆڕییە تایبەتانەی کە یەکەکە پێویستی پێیەتی، مەشقی تایبەتمەند وەردەگرن. جگە لەوەش، هەر فەوجێک ناوەندێکی مەشقی هەیە کە دەتوانێت یەکەکانی خۆی لەسەر ئاستی لق یان پۆلدا مەشقپێبکات. بە هەمان شێوە کەمپی مەشق کە توانای مەشقپێکردنی سەربازانی هەتا ئاستی فەریقی یەکەم هەیە، لە شاری حەبانییە بوونی هەیە. ئەمە ئەو شوێنەبوو کە لە ساڵی 2023ـدا لە میانی مەشقی ‘چەکوشی ئاسنین’ مەشقمان تێداکرد.
یونیپاس: چۆن لە دوای ڕوداوەکانی شاری موسڵ و جەنگەکانی ڕزگارکردنی لە دەست چەتە تیرۆرستییەکانی داعش، مەنهەجی مەشقی عێراق گۆڕا؟
فەریقی یەکەم قاسم: هەمیشە ئەو وانانەی کە لەشکرە سەربازییە جیاوازەکان دەتوانن سوودیان لێوەربگرن بوونی هەیە بۆ فێربوون. ئەم جۆرە ئەزموونە مەیدانییانە مەنهەجی دامەزراوەکانی مەشقی سەربازی وەکو بەڕێوەبەرایەتیی مەشقی سەربازی، کۆلێژی دەستەی ئەرکان، کۆلێژی جەنگ و دامەزراوەکانی تری مەشقی سەربازی لەخۆدەگیرێن. ئەم دامەزراوانە ئەو تەکنەلۆژیا و تەکتیکانەی کە لە جەنگەکانی سەرانسەری جیهاندا بەکاردەهێنرێن شیکاردەکەن، وە لەسەر ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە نوێیەکان بۆ ئەوەی بتوانین تەکنیکەکانی مەشقکردن و شەڕکردن بۆ هێزەکانمان پەرەپێبدەین، ئامۆژگاری پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی وانە فێربووەکان دەکەن. توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی بەرفراوان لەسەر ئەوەی لە موسڵ ڕوویدا، چۆنییەتی دوورکەوتنەوە لەو هەڵە مەیدانی و ستراتیژیانەی کە بووە هۆی ڕووخانی شارەکە، ئەنجامدراوە. هەروەها لێکۆڵینەوە لەسەر هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ ئازادکردنی شارەکان و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەو تەکتیکانەی لەلایەن داعشەوە بەکاردەهێنرا، ئەنجامدرا. ئەم وانانە بە تایبەتی دوای نەهێشتنی شانە تیرۆریستییەکانی داعش ئاوێتەی مەنهەجی مەشقکردن کران. لەوەش زیاتر، ئێمە لە ئەنجامدانی هەوڵەکان لە کەرتە جیاوازەکاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی شانە خەوتووەکان لە شانۆی ئۆپەراسیۆنەکاندا بەردەوامین. دڵنیاتان دەکەمەوە، بەرەوپێشچوونی بەرچاو لە مەنهەجی مەشق و شێوازە بەکارهێنراوەکان لە ناوەندەکانی مەشقکردندا هەبووە تا هێزە زەمینییەکان بتوانن لەگەڵ هەر هەڕەشەیەکدا کە دەکرێت ڕووبەڕوویان بێتەوە، مامەڵە بکەن.
یونیپاس: بەڕێوەبەرایەتی وانە فێربووەکان چۆن کاردەکات؟
فەریقی یەکەم قاسم: بۆ دەستپێکردن، کاتێک سەرکەوتنی کۆتایی لە میانی جەنگەکانی ڕزگاری کە لە نێوان ساڵانی 2014 و 2017 ئەنجامدران ڕاگەیەندرا، وانە فێربووەکان بە پلەی یەکەم لەلایەن یەکە جەنگییەکان وەرگیران و تۆمارکران. ئێمە ئەم جەنگانەمان شیکردەوە و لێیانەوە وانەی فێربوومان دروستکرد. هەروەها دەزگایەکی تایبەتمەند بۆ کۆکردنەوەی وانە و ئەزموونەکان دامەزرێنرا. دەزگاکە بە بەڕێوەبەرایەتی مەشقی سەربازییەوە پەیوەستە و سەرجەم توێژینەوە و وانەکانی لەگەڵ ناوەندەکانی مەشق و ئەکادیمیاکانی مەشقی سەربازی هاوبەشی پێدەکات. بە هەمان شێوە لەگەڵ لەشکر و فەرماندەییە سەربازییە جیاوازەکاندا بۆ ئەوەی لە قۆناغەکانی دواتردا ئاخۆ بۆ مەشقکردن یاخود لە جەنگدا سوودیان لێ وەربگرن، هاوبەشیان پێدەکەن.
یونیپاس: ئایا دەتەوێت وەک چاودێر لە ناوەندی مەشقی نیشتمانی (NTC)، ئەفسەرێک لە هێزە زەمینییەکانی عێراقەوە ڕەوانەبکەیت؟
فەریقی یەکەم قاسم: لە ڕاستیدا، لیوا تەیڵەڕ، فەرماندەی گشتیی ناوەندی مەشقی نیشتمانی(NTC)، ئەمەی بۆ ئێمە پێشنیار کرد. ئێمە بۆ بڕیاردان لەگەڵ فەرماندەیی و کاربەدەستانمان لە بەغداد لەمبارەیەوە قسەدەکەین. من خودی خۆم ئارەزوو دەکەم لەم ناوەندەدا ئەفسەرێکی عێراقی بوونی هەبێت تا باشتر لەو چالاکییانە تێبگەین، وەکو مەشق و کێبڕکێکان، کە ئەنجام دەدرین. لە سەردانە چوار ڕۆژییەکەدا توانیمان بەشێکی زۆری ناوەندەکە ببینین، بەڵام بەو وردەکارییە نەبوو کە دەمانویست. بۆیە بوونی ئەفسەرێک لێرە بۆ بەدەستخستنی تێگەیشتنێکی ڕوونتر و قووڵتر بۆ فەرماندە باڵاکانمان تا بتوانین بڕیار بدەین کە ئایا ناوەندێکی لەو شێوەیە لە عێراق دابمەزرێنین یاخود نا، سوودبەخش دەبێت.
Comments are closed.