هێزە چەکدارەکانی ئەردەن بە چەکی هاوچەرخ مەشق دەکەن
دەستەی یونیپاس
لەکاتێکدا وڵاتەکە ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری دەبێتەوە، کە ترسناکترینیان توندوتیژی و قاچاخچییەتی ماددە هۆشبەرەکانە لەسەر سنوری باکور لەگەڵ سوریا و سنوری ڕۆژهەڵات لەگەڵ عێراق، شانشینی هاشمی ئەردەن لە هاوچەرخکردنی هێزە چەکدارەکان و ئامێرەکانی، وە مەشقپێکردنی کارمەندان بۆ بەرزکردنەوەی کارامەیی و ئامادەییان بەردەوامە.
بە ئامادەبوونی خاوەن شکۆ پاشا عەبدوڵلای دووەم بن ئەلحوسەین و ژمارەیەک ئەفسەری باڵا، مەشقی ‘وەڵامی یەکلاکەرەوە’ لە لایەن لیوای پڕچەککراوی ئەلیەرموک کە یەکێکە لە یەکەکانی فەرماندەیی باکوری ئەردەن لە مانگی ئەیلوولی 2023، ئەنجامدرا.
مەشقەکە بە بەگەڕخستنی درۆنێک، شیبێل کامکۆپتەر S-100 بۆ چاودێریکردنی هێزە خەیاڵییەکانی دوژمن کە بەرەو باکوری ئەردەن پێشڕەوی دەکەن، دەستیپێکرد. لە بەرزی 14,000 پێ، درۆنەکە بۆ چاودێریکردنی پێشهاتەکانی سەر زەوی و گواستنەوەی زانیاریی هەواڵگری بۆ ناوەندی فەرماندەیی بە درێژایی مەشقەکە بەردەوام بوو.
دواتر فالکۆنەکانی هێزی ئاسمانیی شاهانەی ئەردەن، فڕۆکە جەنگییەکانی فڕیووەکانی F-16، هێرشیان کردە سەر ئامانجەکانی دوژمن، دواتر هێلیکۆپتەرەکان مووشەکی هێلفایەریان تەقاند. پاشان بۆردومانێکی چڕی تۆپخانە دەستیپێکرد. درۆنە جەنگییەکان کە هەریەکەیان چوار مووشەکیان هەڵگرتبوو، بەشدارییان لە هێرشە ئاسمانییەکەدا کرد.
لە قۆناغی کۆتاییدا، هێرشی زەمینی بە سێ هێز دەستی پێکرد: دووان لە پێشەوە، پیشڕەوی هێرشەکەیان دەکرد و یەکێک لە دواوە، بە دروستی ئامانجەکانیان دەپێکا. تانک و گوێزەرەوە زرێپۆشەکان لە بیابانەکاندا دەرکەوتن، و بەخێرایی بە ئاڕاستەی هێزەکانی دوژمن دەڕۆیشتن. کاتێک گەیشتنە ناوچەی سەنگەری دوژمن، بۆشایییەکیان لە تەلی دڕکاوی جێگیرکراو لەلایەن دوژمنەوە کردەوە و شەڕێکی سەختیان ئەنجامدا.
بە درێژایی جەنگەکە شانەی ئۆپەراسیۆنی دەروونی و زانیاریی هێزە چەکدارەکانی ئەردەن بۆ دڵنیاکردنەوەی هاوڵاتیان و بەرزکردنەوەی ورەی جەنگاوەرانی لیوای یەرموک لە کاتی شەڕکردنیاندا لەگەڵ دوژمن، پەیامی پەخش دەکرد.
عەمید مەحمود ئەلسەواعیر، جێگری سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەش بۆ ئۆپەراسیۆن و مەشقکردن، لە میانی چالاکییەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر ڕوانگەی ستراتیژیی هێزە چەکدارەکانی ئەردەن.
”ڕوانگەی ستراتیژیی هێزە چەکدارەکانی ئەردەن بەگوێرەی بنەما سەرەکییەکان کە ئامانجیان برەودان و بەردەوامکردنی گەشەپێدان و پێشکەوتن بوو، ئامانجی دیاریکراوی بە ستانداردی ورد لەخۆگرتبوو. بۆیە هێزە چەکدارەکانی ئەردەن لە ئاست ئەو ئاڵنگاری و مەترسیانەدایە کە ڕووبەڕووی ئاسایشی شانشینی هاشمیی ئەردەن دەبنەوە،” ناوبراو ڕایگەیاند.
عەمید حەسەن عەبدولحەمید ئەبو ڕومان، فەرماندەی فەرماندەیی باکور، ستایشی ئەو مەشقانەی کرد کە پیاوەکانی بەدەستیان گەیشتووە، کە بواری پێداون هاوشان لەگەڵ ڕەوتە هاوچەرخەکانی شەرکڕدندا بگونجێن.
”سەرەڕای ئەو پێشهاتە تەکنەلۆژی و تەکتیکییە هاوچەرخانەی کە کاریگەرییان خستووەتە سەر تایبەتمەندییەکانی جەنگ، ئەوەی ئێمە لە جەنگە هاوچەرخەکاندا گەواهیدەرین بە ڕوونی ئەو پشتڕاست دەکاتەوە کە هێزی زەمینی هێشتا لایەنێکی سەرەکییە لە دیاریکردنی دەرئەنجامی هەر جەنگێکدا،” ناوبراو ڕایگەیاند.
سەرچاوەکان: یوتیوب، دەزگای هەواڵی ئەردەن (پێترا)، هێزە چەکدارەکانی ئەردەن
Comments are closed.