ئاسایشی ئابووری لەسەر کارنامەی ئاسیای ناوەڕاست
سەرۆکەکانی تاجاکستان، تورکمانستان و ئۆزبەکستان لە پێناو باشترکردنی پەیوەندییەکان لە ئاسیای ناوەڕاست، یەکەم دیداری سێ قۆڵیی خۆیان لە ئەشقئاباد لە مانگی ئابی 2023ـدا، ئەنجامدا.
بوارە سەرەکییەکانی هەماهەنگی نێوان ئەم وڵاتانە بریتیین لە وزە، گواستنەوە و کشتوکاڵ، پرسگەلێک کە بەر لە سەربەخۆبوونیان لە یەکێتی سۆڤیەتەوە، بۆ بڕیاردەرانی مۆسکۆ جێهێڵدرابوون.
هەرسێ وڵات بۆ بەیەک بەستنەوەی ئابوورییەکانیان، هەوڵی هەماهەنگیی نزیکیان لە بنیاتنانی هێڵی ئاسنین و ڕێگاوباندا داوە. تورکمانستان و ئۆزبەکستان گرنگییەکی تایبەتیان بە بەکارهێنانی وزەی ئاو و هایدرۆئەلیکتریکی بەدەستخستراو لەو ڕووبارانەی کە بە زیاتر لە وڵاتێکدا تێدەپەڕن داوە.
لە میانی دیدارەکەدا، تورکمانستان پێشنیاری هاوبەشییەکی ستراتیژیی گازی سروشتی لەگەڵ تاجاکستان و ئۆزبەکستاندا کرد.
”تورکمانستان خاوەنی سەرچاوەیەکی مەزنی گازی سروشتییە. لە کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژە نێودەوڵەتییەکانی وزەدا هەمەچەشنکردنی هەناردەکردنی گاز و هاوسەنگکردنی بەرژەوەندییەکانی بەرهەمهێنەری گاز، وڵاتانی گوێزەرەوە و بەکارهێنەرانی وزە بۆ ئێمە گرنگن. هاوبەشییەکی ستراتیژیی گاز لە نێوان تورکمانستان، ئۆزبەکستان و تاجاکستان لەسەر ئەو بەرژەوەندییانە بنیات دەنرێت”، وەزیری دەرەوەی تورکمانستان، ڕەشید مێرێدۆڤ ئەمەی ڕایگەیاند.
سەرکردەکانی تاجاکستان و ئۆزبەکستان بە لەبەرچاوگرتنی کورتهێنانی وزە کە هەردوو وڵات لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی بووەتەوە، بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا، پێشوازییان لە پێشنیارەکەی تورکمانستان کرد.
”بە لەبەرچاوگرتنی وزەی ئاو، تاجاکستان سەرنج دەخاتە سەر پێشخستنی بەرهەمهێنانی وزەی پاک و لەم هەوڵەدا ئامادەیە هەماهەنگیی چالاکانە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بپارێزێت،” ئێمۆماڵی ڕەحمان، سەرۆکی تاجاکستان لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند.
هەروەها لە کەرتی گواستنەوە و دروستکردنی ڕێڕەوی بازرگانیی نێودەوڵەتی و گواستنەوە کە بە تاجاکستاندا تێدەپەڕن، داوای بەکاربردنی توانای تەواوی هەر سێ وڵاتەکەی کرد.
دوابەدوای دیدارەکە، هەرسێ سەرۆک بۆ باشترکردنی هەماهەنگییەکان لە بواری سیاسەت، بازرگانی، ئابووری، فەرهەنگ و مافەکانی مرۆڤ ئامادەیی خۆیان دەربڕی. بە هەمان شێوە ئاماژەیان بە گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییە سێ قۆڵییەکان لە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەکۆی دیکەی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا کرد.
سەرچاوەکان: Turkmenistan.gov، ڕادیۆی ئازادی، بۆڵشایا ئازییا
Comments are closed.