عێراق چارەسەری کێشەی کەمپەکانی پەنابەران دەکات
لە پەراوێزی حەوتەمین کۆنفرانسی باڵیۆزەکانی عێراق کە لە مانگی تشرینی دووەمی 2023 لە شاری بەغداد بەڕێوەچوو، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق قاسم ئەلئەعرەجی ئەو مەترسییەی کە کەمپی ئەلهولی سوریا دروستی دەکات ئەگەر دەستگیرکراوەکان نەگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان بەبیری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێنایەوە.
بە تیشک خستنە سەر هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانی عێراقی، ئەلئەعرەجی ڕایگەیان کە 1,567 خێزانی عێراقی لە ئەلهولەوە بۆ کەمپی ئەلجەدعە، کە یەکێکە لەو 12 کەمپی پەنابەرانەی کە فەرمانگەی لیژنەی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژهەڵاتی موسڵ لە ساڵی 2017ـدا بۆ لەخۆگرتنی ئاوارەی ناوخۆ دروستیکردبوو، گواستراونەتەوە.
نزیکەی 3,000 کەس بە تاوانی تیرۆریستی دەستگیرکراون. زۆربەیان دادگایی کراون، و ئەوانی تر لە چاوەڕوانی دادگاییکردندان. نزیکەی 900 خێزان بە ڕاهێنانەوەی جەستەیی و دەروونیدا تێپەڕیون و پاشان ئاوێتەی کۆمەڵگاکانیان کراونەتەوە.
هەتا کۆتایی ساڵی 2023، ئەلهول کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای ئەلحەسەکە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، زیاتر لە 48,000 کەس، کە زۆربەیان ژن و منداڵی چەکدارانی داعش بوون، لەگەڵ هەندێک لە لایەنگرانی ئەو گرووپە تیرۆریستییە تییدا دەژیان. لە کۆی گشتی، 23,353 عێراقی، 17,456 سوری و 7,438 نەتەوەی تربوون. منداڵانی خوار تەمەن 11 ساڵ نیوەی دەستبەسەرکراوانی کەمپەکە پێکدەهێنن؛ زۆربەیان باوک یاخود دایکیان لەدەستداوە و زۆرێکیشیان بێ دایک و باوکن. پەیوەندیی خیزانەکانیان بە داعشەوە گۆشەگیرییان زیاد دەکات و وایانلێدەکات بەرامبەر بە کاریگەرییە خراپەکان لاوازبن.
دامەزراوەکە بە چڕی لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە (SDF) دەپاریزرێت. وەک گروپێکی پشتیوانیکراو لەلایەن ئەمریکاوە، هێزەکانی سوریای دیموکرات (SDF) بریتییە لە هاوپەیمانییەتیەکی میلیشیا نەتەوەییەکان. وەکو هێزی بەرگریی فەرمی ئیدارەی سەربەخۆی باکور و ڕۆژهەڵات لە سوریا کاردەکات و چەندین جار داوای لە وڵاتانی بیانی کردووە هاووڵاتییە دەستگیرکراوەکانیان بۆ وڵاتەکانیان بگەڕێننەوە.
لە مانگی ئابی 2023 و مانگی شوباتی 2024، فەریقی یەکەم مایکڵ “ئێریك” کوڕیڵا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، سەردانی ئەلهول و کەمپێکی تری لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ناوی ئەلڕۆژ کرد و لەگەڵ دەستەی کارگێڕیی کەمپەکان و دانیشتوانی ئەو کەمپانە کۆبووەوە، پابەندبوونی ئەمریکای بۆ بەهێزکردنی ئاسایش لە ناوچەکە و کەمکردنەوەی سەختییەکانی ژیانی ئەو منداڵانەی لە کەمپەکاندا دەژین دووپاتکردەوە.
”هەوڵە بەردەوامە فرەنەتەوەییەکەمان بۆ گەڕاندنەوەی دانیشتوانی ئەو کەمپانە بۆ وڵاتانی ڕەسەنی خۆیان نەک بە تەنها ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە بەهێزدەکات، بەڵکو لەوەش گرنگتر، ئەم ئاڵنگارییە مرۆییە چارەسەردەکات… ئەمریکا، هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هێشتا سەرنج دەدەن و پابەندن بە شکستپێهێنانی هەمیشەیی داعش، لە کاتێکدا مامەڵە لەگەڵ ئاڵنگارییە مرۆیی و ئاسایشییەکانی کەمپەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا دەکەن،” فەریقی یەکەم کوڕیڵا لە مانگی ئابی 2023 ئەمەی ڕایگەیاند.
Comments are closed.